“بۆ دەنووسم؟”

“بۆ دەنووسم؟”

کارێک کە نووسەری کورد و هەروەها تاکی کوردیش دەبێت بیکا ئەوەیە کە پرسیار ساز بکا! ئامانجی من لە نووسین ساز کردنی پرسیارە!

 

ئەرسەلان چەڵەبی

بۆچی ئێمە دەنووسین؟ ئایا دەکرێت کارێکی تر هەبێت بیکەین لە جیات نووسین بۆ ئەو مەبەستەی هەمانە! پرسیارێکی تر کە سەر هەڵدەدا ئەوەیە کە ئایا ئەو ئامانجەی هەمانە بە جگە لە نووسین بە شتیکی تر وەبەر دێت؟ ئایا لە جیات نووسین بچین بەردێک فڕێ دەین؟ یان فیشەکێک بتەقێنینەوە، یان کردەوەیەکی تر بکەین ئەو ئامانجەی هەمانە پێی وەبەر دێت؟ بۆ ئامانجی نووسەر نا! ئامانجی ئەدەبیاتیش هەر ئەوەیە، بۆیە دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین؟ کە بۆ دەنووسین؟ رەنگە ئەو ئامانجەی هەمانە بە بەرد فڕێ‌دانێکیش چارەسەر بێت، یان تەلێفوون کردنێک! یان فیشەک تەقاندنێک! بەڵام ئایا ئەو ئامانجەی پێ بەرهەم دێت؟ بە دڵنیاییەوە نا! لەبەر ئەوەی نووسین خۆی کردەوەیەکی بەرهەڵسکارانەیە! رەنگە یەک لە کارەکانی نووسین پێکهێنانی بەستێنی لەبار بۆ شەڕەبەرد و شەڕە تفەنگ بێت، بۆیە ئامانجی ئەدەبیات و نووسین زۆر قووڵتر و فرە ڕەهەندترە لە هەر ئامانجێکی تر! مەبەستی من لە ئامانجی ئەدەبیات بە هیچ جۆرێک ئەو پێناسەیە نییە کە ماکسیم گورگی بۆ ئەدەبیاتی دەکا و ناشمهەوێ مێشکی خوێنەر بەو لایەدا بڕوات، لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەدەبیات لە نەهایەتدا لەگەڵ ئەوەی گورگیش لە پاڕادۆکسدایە! بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد زیاتر لە هەر پرسێک ئەو دوو پرسە گرینگە: یەکەم: بۆ دەنووسین و دووهەم بۆ دەخوێنینەوە! کە ئەو دوو پرسیارەمان لە خۆمان کرد ئەوکاتەیە کە هێزی پرسیارساز لە مێشکی ئێمەدا چەخماخە لێدەدا و ئیتر بەردەوام پرسیار ساز دەکەین!

کارێک کە نووسەری کورد و هەروەها تاکی کوردیش دەبێت بیکا ئەوەیە کە پرسیار ساز بکا! ئامانجی من لە نووسین ساز کردنی پرسیارە!

کافکا کارێکی وەهای دەکرد، ئەو پرسیارەکەی ساز دەکرد و وەڵامیشی دەداوە بەڵام وەڵامەکە یەک “بۆی” بە شوێن دادێت! باشە بۆچی؟ یەک “بۆ و بۆچی”ی گەورە! ڕەنگە ئەوەش پرسیاری کۆتایی بێت لە خودی ئەدەبیات! یان مرۆڤ! کە لەکۆتاییدا دەیهەوێ چ بکات و یوتوپیای ئەو چییە بۆ داهاتوو؟ واتە ئەو “بۆ”یە! بۆیە بەرهەمەکانی کافکا وەها بەستێنێکی فکری و قووڵی بۆ کۆمەڵگا ساز کردووە!

رەنگە دەبێ ئەوەش لە لای ئێمە بە جۆرێک جێ بکەوێ، کە وردە وردە وردەپرسیار ساز کەین. لەگەڵ خۆمان ڕووڕاست بین، هەر لە تەنیایی خۆماندا، خۆ کەسمان بە دەورەوە نییە، کە بە ڕاستی ئێمە چین؟ دەمانهەوێ چ بکەین؟ ئایا ئێمە دەمانهەوێ ئێرانی بین و بمێنینەوە! ئۆکەی زۆر باشە، با وابین! ئایا دەتانهەوێ ببنە وڵات و خاوەنی جوگڕافیا و ئاڵای خۆتان، ئۆکەی زۆر باشە، ئایا بە ڕاست دەتانهەوێ هەر لەو وڵاتەیدا بمێننەوە و کورد بن! ئەویش مەنتقییە، با ئاوابێت، یان هەر گرینگ نییە و ژیانی خۆتان دەکەن؟ ئەوەش ئیرادی نییە و جۆرێک ژیانە! بەڵام ئاخر خۆ ئێمە قەرار نییە تا هەیە خەریکی شەڕە بەرد و شەڕە تفەنگ بین،. ژیان شتێکی ترە، ئێمە دەبێ کارهایەکی تر بکەین، جۆرێکی تر ژیان بکەین، بە شاخانەوە نەبین، لە شار بین، هەر ژیان دەڵیم، ژیانی ئاسایی، دەبێ ئێمە خۆمان یەک‌لایی کەینەوە! بەڵام خۆ دەبێت روون بێتەوە کە پرسیارە جەوهەرییەکە چییە؟ دەنا ئەو هات و هاوار و شەڕ و پێکدادانەی سەد ساڵی ڕابردوو نە گوڵێکی لە سەری ئەدەبیات داوە، نە ئەدەبیات گوڵێکی لە سەری ئەو شەڕ و پێکدادانە داداوە! وە نە هیچیان گوڵێکیان لە سەری ئەو گەلە داوە! تەنێ ئەدەبیات چی کردووە ئەو جەستە بریندار و ئاوارەیەی لاواندۆتەوە، دەنا ئەویش هیچی نەکردووە!

لەپاش ئامانجی ئەدەبیات شتێکی تر کە دەبێ زۆری بیر لێ بکەینەوە دەروەست بوون بە ئەدەبیاتە! ئایا بە ڕاستی دەروەست بوون چییە؟ ئەدەبیات و نووسین چ دەروەست‌بوونێکیان بە کۆمەڵگا و رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە؟  ژان پۆل سارتر وەک نووسەرێک و بیرمەندێکی فەڕەنسی هات ئەو پرسیارەی ساز کرد!  سەرەتا ئەو ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بۆوە کە بۆ دەبێ ئەدەبیات هاوشەپۆلی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بێت! ئەو هات بە جۆریکی تر بۆ ئەو پرسەی ڕوانی، وە واتا و ڕوانینیکی تری بۆ ئەو پرسە خستە ڕوو و بە دژی راوەستاوە، لەبەر ئەوەی ئەو پێی وابوو ئازادی وەک چەمکیکی پیرۆز مافی هەر تاکێکە و دوانەی ئەوە و هاوخوێنن!  هاوکات سارتر هەموو دەم نووسەرێکی بە هەڵوێست و سەرکەش و سەربزێویش بووە! بە کردار و بە نووسین سەلماندی!

ئەو پرسە لە ژینگەی وڵاتێکی تر دا لە ناو کۆمەڵگایەکی تر ساز کراوە، پێویستە وەها پرسێکیش لە ناو نووسین و ئەدەبیاتی خۆماندا ساز بکەین! کە بە ڕاست ئەدەبیات و نووسین چ قورساییەکی لەپشتە و ئەرکی چییە لە بەرانبەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان! هەروەها ئەرکی نووسەر چییە؟ نووسەر دەبێت بە چ دەروەست بێت! من پێم وایە پێویست ناکا نووسەر دەروەست و دەربەستی هیچ بێت، تەنێ یەک شت نەبێت، ئەویش ئەدەبیاتە! نووسەر کە دەروەست بوو لە بەرانبەر ئەدەبیاتدا ئەو کات دەروەست دەبێ لە بەرانبەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵیاتییەکان! لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەروەستە بە ئازادی! دەمهەوێ پێتان بڵیم کۆی ڕوانینی نوێی سارتر بۆ دەروەست‌بوونی ئەدەبیات ئەوە بووە!  لە تەنیشت ئەوەشدا تۆ دەبێ ئەدەبیات باش بناسی، واتە دەقت خوێندبێتەوە، بەرهەمە درەوشاوەکانی ئەو ئەدەبیاتەت خوێندبێتەوە، کون و کەلەبەریت کردبێت. کە وات کرد و ئەدەبیات بۆت کەڵکەڵە بوو ئەو کات هەم ناسیوتە و هەمیش دەروەستی لە بەرانبەر ئەدەبیاتدا! ئەگەر وات نەکرد ئەوە هیچ! وەک ئەوەیە هیچت نەکردبێت!

واڵت ویتمەن_یش زۆر بەر لە سارتر وەها پرسەکەی تاو و توێ کردبوو و دەروەست بوونی ئەدەبیات بە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئاوەها درکاندووە! وەک شاعیرێک کە نزیک دووسەد ساڵ پێشتر ژیاوە و بەردەوام ئازادی تاکی وەکوو دروشمێک لە ڕوانین و دەقەکانیدا بە کار هێناوە! هەتا ئێستاش من پێم وایە وەها پێناسەیەکی مۆدێڕن بۆ دەروەست‌بوونی ئەدەبیات نەکراوە! بە بێ ئەوەی تۆ ئەدەبیات مەجبوور بکەی دەروەست بێت، لەڕاستیدا خۆی مانای دەروەست بوونە بە هەموو رووداوێک کە لە ژینگەماندا ڕوو دەدا!

لەو ماوەی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵیک هاوڕێ بڕیار وابوو بەیەکەوە باسی ئەو شتانە بکەین! بڕیار وابوو من یەکەم کەس بم، بەڵام من هەر لە سەرەتاوە ئەو بەرنامەیەم پێ جوان بوو تەنیا لەگەڵ جۆری نووسین و دەڕبڕینەکەی کێشەم بوو، خەتای هەرکاممان بێت بە گشتی هەستم کرد بەهەڵە تێگەیشتنێک رووی داوە و وەیانزانیوە بە جۆرێک من بێ‌ڕێزییەکم کردبێت! بەڵام وانەبوو، بۆیە درێژەم نەدا و هیچم نەگوت چۆن هەرچی بمگوتبا هەر پەل و پۆی دەهاویشت و لێک حاڵی نەدەبووین! بۆیە بیرم کردەوە کە جیا لەوە هەر خۆم بێم ئەو جۆرەی مەبەستمە بینووسم، نە ئەو جۆرەی کە ئەوان دەیانهەویست، وە بێشم پابلیکی کەمەوە و کەسی تریش بیبینێ، چۆن پرسیاری هاوشێوە و پلانی هاوشێوەم زۆر بۆ هاتۆتە پێش، جگە لەوەش لە وتوێژەکانیشدا نەگونجاوە ئەوەی ویستوومە بیڵێم، هەر بۆیە بە دەرفەتم زانی و لەو نووسراوەیەدا هەموان بنووسم و هەتا ئێستاش بەشێکیم نووسیوە، ئێستاش دەمهەوێ ڕوانینی خۆم بۆ ئەو پرسە ڕوو کەم، ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕاستە و یان داخوا من لە سەر حەقم، نا! تەنیا باسی ئەوە دەکەم کە من ئاوا بیر دەکەمەوە و بۆ ئەوەیە دەنووسم! هەوڵم داوە ئەو کارە بکەم! لێرەشدا لەو یادداشتەدا زۆر کورتی دەبڕمەوە، چۆن زۆرتر بمهەوێ شی بکەمەوە زۆرتر دەبا و شتی زۆریش کەم واهەیە بخوێندرێتەوە، دەنا دەتوانم دەیان لاپەڕەی تریش لە سەر ئەو مژارە بنووسم و من دەمهەوێ چ بکەم و ئەدەبیات و شیعرم چۆن دەرک کردووە!

ئەدەبیات و شیعر بە گشتی بۆ دەبێ مەودای گرتبێ یان بۆ دەبێ مەودا بگرێت لە هەرچی رێباز و فکر و واتا و چەمکی پێش خۆی؟ هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئەو چەمک و واتا و ڕێباز و فکرانە هی سەردەمێکن کە ئەزموون کراون، واتە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانییان لە نزیکەوە دیتبێ و گۆشت و ئێسقانیانی هەست پێکردبێت!  هەتا ئێستاش ئێمە هەر لە سەر ئەو چەمک و واتا و رێبازانە دەنووسین، بە تایبەت لە بواری ناوەڕۆک و واتاوە! لە کاتێکدا راستی کۆمەڵگای ئێستای ئێمە هەر خۆی هەنگاوێک مەودای گرتووە لەگەڵ ئەو چەمک و واتایانە! لەبەر ئەوەی چینی ئێمە کە ئەو چەمک و واتایانەی لە مێژوو دا دیتبوون و ئەزموونی نەکردبوون، ئەوجارە بۆ خۆی دیتی، چێشتی، بە تایبەت لە دوای ڕێفڕاندۆمەوە هەر هەموو ئەو قیزەوەنی و خەیانەتانەی کە کاراکتەری کورد لە خۆی و میژووی خۆی کردووە لە نزیکەوە دیتی و هاوسەردەمی بوو و جارێکی تر بۆی دووپات بۆوە! بەڵام ئەوجارە بە شێوەیەکی مۆدێڕنتر! من پیم وایە ئێمە لەومۆدێڕنییە بگەین دەتوانی دەقی مۆدێڕنیش بنووسین، تیگەیشتن لە مۆدێڕنیتە شتێکی لەو چەشنەیە! دەی بۆ دەبێ چەمک و واتا نەگۆڕدرێن؟ بۆ دەبێ سووک نەبووبێت، بۆ دەبێ هەر پیرۆز و تابۆ بن! ئایا لە دوای کەرکووک چەمکێک ما کە پیرۆز بێت؟ ئایان هێما و واتایەک بە دەستەوە ماوە کە سەرینی ئاسوودەیی بخەیە سەر!؟ نا نیمانە، لەبەر ئەوەی قەڵایەکی لەرزۆکمان هەبوو و تازە کەوتبووە گاگۆڵکە، ئەو رووداوانە هاتن و قەڵاکەیان ڕووخاندین، ئەوە قەڵای رۆحمان بوو، هیچی تر نەبوو! دەی سروشتی کۆمەڵگاش هەر ئەوەیە، مەودا دەگرێت، لێی دەکشێتەوە، لێی دەترسێ لەو چەمک و واتایانە. کەواتە بۆیە ئەگەر وانەکەین، ئەگەر بە شێوەی تازە لەگەڵ ئەو واتایانە ڕووبەڕوو نەبینەوە و دایاننەڕێژینەوە سەر لە نوێ هەر تووشی هەڵات و هەڵات و ڕاوڕاوێنین و ئەدەبیاتەکەشمان هیچ شتیک نابێت جگە لە بە قەولی ئالێن گینزبێڕگ: وڕینەیەکی ترسەنۆکانەی کۆیلانە! لەبەر ئەوەی من کۆیلەترین تاکی کورد، تەنێ هەوڵ دەدەم کۆیلە نەبم بەڵکوو مرۆڤ بم. کوردیش نا! تەنێ مرۆڤ بم و ئازادی لە لام قەدر و حورمەتێکی بێت! ئامانجی من لە نووسین ئەوەیە!

 

11ی ئاگۆستی 2019

کۆپنهاگ

 

 

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان