بزوتنەوەی پەلکەزێڕینەکان (LGBTQ) و هەوڵدان بۆ دابڕانیان لە کوردستان و بە ئێرانی کردنیان!

بزوتنەوەی پەلکەزێڕینەکان (LGBTQ) و هەوڵدان بۆ دابڕانیان لە کوردستان و بە ئێرانی کردنیان!

ڕووبە بنەماڵەکانیش دەڵێین فریوی مامۆستا ئائینییە ڕیشدار و کاسەلێسەکان مەخۆن و جگەرگۆشەکانی خۆتان مەکوژن و ئاوارە و شاربەدەر و دەربەدەری غوربەتیان مەکەن.

هەروا کە لای هەمووان ئاشکرایە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە چین و توێژ و شوناس و ڕەگەزی جۆربەجۆر پێک هاتووە. خەمەکان، ڕەنجەکان، ئاوات و ئامانجەکان و کێشە و پرسە کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان هەموو نەتەوەکاندا بە یەک ئاست بوونیان هەیە، بەڵام لەوانەیە ڕێگەی بەرەوپێشچوون و چارەسەرکردنی بە هۆی کەلتوور و نەریت وە هەروەها دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەکانەوە جیاواز بێت.

پەلکەزێڕینەکان یا کۆمەڵگای “ئێڵ جی بیتی کیوو” کە پێکهاتوون لە تڕەنسێکشواڵەکان، هاوڕەگەزخوازان (گەی، لێزبیەن) و جووتڕەگەزخوازان، نە دیاردەیەکی تازەیە لە کۆمەڵگای کوردستان نە دەستکردی هیچ لایەن و وڵاتێ، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگای کوردەواری و خەڵکی کوردستانن. پرسیار لێرەدایە بۆچی هەوڵدەدرێت ئەم بیرە جێ بخەن کە هاوڕەگەزخواز و تڕەنسێکشواڵەکان لە کوردستان مایەی بە لاڕێدابردنی کوردن و کێگەڵ هەوڵی جێخستنی ئەم بیرۆکە دەدەن.

ئەم بیرۆکە هەم لەلایەن خەڵکی کۆنەپەرەست و ڕەشبیری کورد بە نائاگا و مەلا ڕیشدار و دژە کوردەکان بە ئاگایی تەواوەوە و هەم خەڵکی ئاگا و تێگەیشتوو و بەناو ڕۆشنبیری فارس و تورکەوە بە ئاگایی و پلانەوە هەوڵی جێ خستنی دەدرێت. فارسەکان پێیان وایە بە هەڵخڵەتاندنی بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەی کوردستان دەتوانن ئەم بیرۆکەیە جێ بخەن کە خەڵکی کورد، خەڵکێکی دواکەوتوو و بێ کەلتوورن کە هاوڕەگەزخواز و ئێڵ جی بی تی دەکوژن و لە نێویان دەبەن و پەلکەزێڕینەکان ئەگەر بیانهەوێ خۆیان بپارێزن و لە خەتەری مەرگ ڕزگاریان بێ ئەوە دەبێ بڵێن فارسین و ئێرانین و نکووڵی لە کەلتوور و زمان و خاکی باو باپیرانی خۆیان بکەن.

بەشێکی نائاگا و دواکەوتوو لە کوردستانیش کە نەریتی پیاوسالاری بە سەر بیر و باوڕ و مێشکیاندا زاڵە، پێیان وایە کە ئەم چینە لە کوردستان نین و دەسکردی تارانن و هەوڵدەدەن بە ناو تێکدەرانی کەلتووری کوردی و شیرازەی بنەماڵە لێکیان بپچڕێنن. هەر دووی ئەم بیرۆکەگەلە بە خەساری خەڵکی کوردستان و بزووتنەوی ڕزگاری خوازی نەتەوی کوردن، یەکیان لە لایەن فارسەکان و ئامانجدار بۆ بێ حورمەتی بە خەڵکی کوردستان و کۆیلەکردنیان و ئەویدیکەیان لە لایەن خەڵکێکی نائاگا و بێ خەبەری کوردەوە کە پێیان وایە کوردایەتی بە واتای نەریتی پیاو سالاریە و دژایەتییە لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان و ئێڵ جی بی تی کیوو.

ئیتر بزووتنەوی ئیسلامییە کوردەکان با بوەستن کە لێرە نامانەوێ لە سەریان باس بکەین چون بۆ خەڵکی کوردستان جاشایەتی و کاسەلێسیان بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر و ڕەشبیر کردنی کۆمەڵگای کوردی ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام وەڵامی ئێمە وەکوو کۆمەڵێ لە کوردە پەلکەزێڕینەکان بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ بڵێن ئێوە کورد نین ئەوەیە: هەرکەس و لایەنێک بە ناوی ئێڵ جی بیتی کوردەوە ببێتە زمانحاڵی ئێمە بۆ خزمەت بە فارس و ماستاوچییەتی و کاسەلێسی کردن بۆ سەڵتەنت خوازانی ئێرانی فڕی بە سەر پەلکەزێڕینەی کوردەوە نییە و قەت لە کوردستان جێگای نابێتەوە.

ئێڵ جی بی تی کورد هەر ئەو کەسانەن کە لەگەڵ خەم و ئازارەکاندا گەورە بوون و تێک نەشکان و هەوڵدەدەن و بۆ ڕیشە کەن کردنی ئەو ئازارانە. کوردی پەلکەزێڕینە هەموو برینەکانی بە سۆیە و پەترۆی نەبەستووە و هیچکامیانی نە لە بیر کردووە و نە بە هەرزان فرۆشتوویەتی. کوردی پەلکەزێڕینە هاوکات کە ئازار و سووکایەتی بنەماڵە و لێدان و کوشتن و لەبەر چاونەگرتنی لە بیر نەکردووە، قەڵاچۆ کردنی نیشتمان و بێڕێزی و شەهید کردن و بۆمبارانی وڵاتەکەیشی فرامۆش نەکردووە و لە یادیەتی.

ئێمە لە سووکایەتی و بێ مافی باش تێدەگەین و کەس ناتوانێ بە ئامانجی سیاسی شوناس و کێیەتی کوردیمان لێ بسێنێنەوە. نە بۆمباران شارەکانمان لە بیر چووە، نە سوکایەتی و جنێودان بە دایکە پیرەکانمان بە زمانی فارسی لە بەر زیندانەکانی ڕژیمی داگیرکەر، نە لێدان و زیندە بە گۆڕ بوون لە لایەن نەریتی پیاو سالار خۆمانەوە. ڕوو بەو کوردانەی کە بە هیچ شێوەیەک نایانهەوێ دەس لە نەریتی پیاو سالاری هەڵبگرن دەڵێین: بزووتنەوی پەلکەزێڕینەی کوردستان لە ئێوە باشتر خەمەکانی نیشتمانی دەرک دەکات.

چونکە دووجار کوژاراوە یەک لە لایەن کۆمەڵگای نەریت خوازی کوردە و یەکیش لە لایەن داگیرکەرانی نیشتمان بە هۆی کورد بوونیان. دوو جار زمانی بڕاوە، یەک بە هۆی بە ناز قسە کردن(گەی) ئەگەر کوڕ بووبێ، یان پیاوانە قسە کردن (لێزبیەن) ئەگەر کچ بووبێ و وەکیتر بە هۆی کوردی قسەکردن لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە. کەواتە بێدەنگ بن و کوردایەتیمان پێ مەفرۆشنەوە. ڕووبە بنەماڵەکانیش دەڵێن فریوی مامۆستا ئائینییە ڕیشدار و کاسەلێسەکان مەخۆن و جگەرگۆشەکانی خۆتان مەکوژن و ئاوارە و شاربەدەر و دەربەدەری غوربەتیان مەکەن.

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان