ناکۆکییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و هەوڵی چارەسەری

ناکۆکییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و هەوڵی چارەسەری

نەگەیشتن بە ئامانج لە دوایی ماوایەکی درێژ، وەرچەرخان گەلی جیاواز- لە بوارگەلی جیاوازەوە دا –  بێ هیوایی، نەزانی، ناهۆشیاری، ململانەی سیاسی، کێبڕکەی ئابووری و هتد.

دوو جۆریی ناکۆکی

گەڕان بە شوێنی ناکۆکییەکان لە کۆمەڵگەی کوردی دا بە مەستی تێگەیشتن لە خوددی ناکۆکییەکان و پێناسەکردنیان، لە قۆناخی یەکەمدا پێویستی بە بناغە و چوارچێوەیەک هەیە کە لەسەر بنەما و ژێربەناییەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. خاڵی هەرە گرنگ بۆ دامەزراندنی ئەم بناغە تیۆریکە، دابەش کردن و جیاوازینانە نێوان ناکۆکی سەرەکی  (Main contradiction) و ناکۆکی لایین (Secondary contradiction). پێناسەی ناکۆکی سەرەکی و جیاکردنی لە کۆیی ناکۆکییە لایینیەکان دەستپێکی دەربازبوونە لە خۆی ناکۆکییەکە. لە هەر قۆناخێک لە بوونی کۆمەڵگەدا، وەک هەر دیاردەیەکی تر، تەنیا یەک ناکۆکی وەک ناکۆکی سەرەکی، لە بارودۆخێکی تایبەتدا، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕیت و گرنگی هەمووی ناکۆکییەکانی تر دەبێت بە دووهەم. خۆی ئەم ناکۆکی سەرەکییە زیاترین کاریگەری دەبێت لەسەر گشت ناکۆکییەکانی تر کە وەکوو لایین پێناسەکراون.

لە ڕوانگەیەکی پڕاکتیکییەوە، تا کاتی دەرباز نەبوون لە ناکۆکی سەرەکی کاتی گونجاو بۆ دەربازبوون لە ناکۆکی لایینیەکان نایەتە دی. بە زاراوەیەکیتر، ئەولەوییەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکی سەرەکییە. ناکۆکییە سەرەکییەکان لە هەر دیاردەیەکدا گرنگترین ناکۆکی سەردەست لە چارەنووسی قۆناخیی دیاردەی بەرباسن.

خاڵێکیتری جێی سەرنج بەسەرەکی بوونی ناکۆکییە لایینیەکانن لە قۆناخی دوای چارەسەربوونی ناکۆکی سەرەکی هەنووکەیی. ڕەوتێکی هێڵی ڕەها ڕەنگە مەبەست نەبێت لە چارەسەرکردنی کۆیی گشتی ناکۆکییەکان؛ دەتوانرێت بە ناسینی ناکۆکییە لایینیەکان، هەوڵ بۆ چارەسەری ئەوانیش بدرێت بەڵام بە گەرەنتی یارمەتیدانی چارەسەری ناکۆکی سەرەکی، وەک ئەولەوییەتی یەکەم، لە ئەنجامدا؛ نەوەک ڕێگری کردن لە چارەسەریی ناکۆکی سەرەکی و سازکردنی ناکۆکی گەلی تر. هاوکات پشتگوێ خستنی ناکۆکییە لایینیەکان ڕەنگە لە هەندێک دۆخدا ببێت بە ڕێگری لە چارەسەرکردنی خۆیی ناکۆکی سەرەکی. شێوەی دیالێکتیکی کارلێککەری (interaction) نێوان ئەم ناکۆکییانە بۆ چارسەری باشینە (optimal)، بە شێوازێکی ڕوون، پێویستی بە دیاری کردن هەیە و دەشێت بکرێت بە پیلانی دەرچوون.

پێناسەی ناکۆکی سەرەکی و ناکۆکییە لایینیەکان لە کۆمەڵگەی کوردی دا

لە سەردەمی جووڵەی بنەماڵەی شمدینانوە، پێش لە دامەزرانی هیچ حیزبێک، کێشەی سەرەکی کورد کێشەی ژێردەست بوون بووە. بە واتایەکی تر، هەبوونی نەتەوە و دەسەڵاتێکی باڵادەست و بە کارهێنانی هێز بۆ سەرکوت کردن لە لایەک، و هەبوونی نەتەوەیەکی بن دەست و چەوسانەوە لە ڕووگەلی جیاوازەوە لە لایەکی تر. گشتاندنی ئەم بابەتە بە چوار پارچەی ئێستایی کوردستان ڕەنگە یەک لە ساناترین گشتاندنەکانی مێژوو بێت. هێڤۆژەی دژێتی نەتەوەی باڵادەست/نەتەوەی بن دەست، دەگەڕێتەوە نایەکسانی و نادادپەروەری لە بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتیەکان، کۆمەڵایەتیەکان، سیاسیەکان و هتد. هاوکات هەست بە جیاوازی کردن لە ڕووی شوناسەوە لە ئەنجامی ئەزموون کردنی نادادپەروەری بابەتەکە دەگەیەنێتە ئاستی ئانتاگۆنیزم (antagonism) و، بە نۆرەی خۆیی، چالاکی و خەبات. سازبوونی ناکۆکی باڵادەستی/بن دەستی و هیوای دەرچوون لەم دۆخە دەبێت بە بەردی بناغەی یەکگرتن، هاوبیری و سازکردنی کوللیەت. کەواتە بەپێی پێشەکی سەروو، ئەم ناکۆکییە دەتوانرێت بە ناکۆکی سەرەکی نەتەوەی کورد نێو ببردرێت.

نەگەیشتن بە ئامانج لە دوایی ماوایەکی درێژ، وەرچەرخان گەلی جیاواز- لە بوارگەلی جیاوازەوە دا –  بێ هیوایی، نەزانی، ناهۆشیاری، ململانەی سیاسی، کێبڕکەی ئابووری و هتد. دەبن بە هۆیی چێبوونی ناکۆکی گەلی تر. ناکۆکی گەلێک کە دەتوانرێت بە ناکۆکی لایین ئاماژەیان پێبکرێت.

  1. سیستەمی حوکمڕانی
  2. ئایدیۆلۆژی سیاسی
  3. زمانی فەڕمی
  4. ناوەندی وڵات (یان تەنانەت ناوەندی پارچەیەک)
  5. ئایین
  6. هێزی چەکدار
  7. سنووری وڵات
  8. ئاڵای فەڕمی
  9. حیزبایەتی
  10. خێڵایەتی
  11. ناوچەچییەتی
  12. تاک چییەتی
  13. زاراوەی ڕەسەن

بێگومان هیچ یەک لەم بابەت گەلە، لە ئێستادا، بایەخیی کەمتریان نییە لە بەرامبەر بابەتی یەکەم بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام وەک ناکۆکی سەرەکی ڕەنگە نەکرێت لە قەڵەم بدرێن. هاوکات کە دەربازبوون لە ناکۆکی سەرەکی پێویستی بە کار کردن لەسەر هەموویی ئەم بابەتانەوە هەیە، بەڵام، هەر وەک قسەیی ڕۆێشت، کۆی گشتی ئەم ناکۆکی گەلە و کار کردن بۆ دەرچوون لێیان دەشێت بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە یارمەتیدەری چارەسەری ناکۆکی سەرەکی بێت و نەبێت بە ئاستەنگ و بەربەست.

بۆچوونێک لەسەر ناکۆکییەکان

سەبارەت بە ناکۆکییەکان و جیاوازی بیر و بۆچوونەکانی مرۆڤ بەگشتی و کورد بەتایبەتی، تیشک خستنە سەر بابەتی “نامۆیی” مرۆڤ بەپێویست دیارە.

بە وتەی ئاگۆستین، مرۆڤەکان خۆیان لە خۆیان دا بە شێوازی زاتی لە یەکدی نامۆ نین، بەڵام لەیەک نامۆیی دەخۆڵقێنن. لە ڕوانگەی ئاگۆستینەوە خوا گەرەکی نییە مرۆڤەکان لە دۆخی نامۆیی دا بژین، بەڵام مرۆڤ خەیانتی بە زاتی خوایی خۆیی کردووە و تووشی گوناە هاتووە. گوناهێک کە سەرچاوە لە ویستی (will) مرۆڤ دەگرێت و نمودێکی نەگۆڕی ویستە و تەنیا خواستێک نییە.

بە پێچەوانەی ئاگۆستین، ڕۆسۆ مرۆڤ بە بێ گوناە نێو دەبات و باس لە دۆخی ژیانی مرۆڤ وەک بەرهەم هێنەری دۆخی تووشی گوناە بوون دەکات. بە بڕوایی ڕۆسۆ، بارۆدۆخی ژیان بووە بە هۆکاری تووشی ئەم دژایەتی گەلە و تەزادانە هاتن و هەست بە نامۆیی کردن. لە سەردەمی مێژوی کۆنەوە، هێز و سەرمایە بە دەست کۆمەڵێکی بچووک قۆڕخ کراو و دەرچوون لە دۆخەکە ئەستەم دیارە.

لە لایەکی تر، هابز باس لە نامۆیی زاتی مرۆڤ دەکات و  پێی وایە کە مرۆڤ تەنیا بۆ مانەوەیی خۆیی و بە دەست گرتنی سەرچاوە و هێز بە شێوازی تاک هەوڵ دەدات.   هابز پێی وایە چەمک گەلێک وەک ڕوحم و هاودڵی و ئامانجی هاوبەش ناتوانێت وەک ئامراز بۆ دەرچوون لە دۆخی نامۆیی سوودێکیان لێ وەربگرێت.

لە هەر حاڵدا، بە ڕەچاوگرتنی هەر کام لەم بۆچوونانەدا دەتوانرێت،تا ڕادەیەک بەدوور لە کەوتنە داوی هەست و ئیحساس، دۆخی لێک جیایی و نایەکگرتویی و نامۆیی کورد خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بە لەچاوگرتنی دابەش بوون بەسەر چەند پارچەدا و جوغڕافیاییەکی بەربڵاو و شاخاویی و ژیانێکی عەشیرەیی -هەست بە یەک نەتەوە نەکردن (بە هۆکارگەلی جیاواز)- وەک تایبەتمەندیەکانی ژیان و دۆخی کورد، لەگەڵ بابەتی گشتی نامۆیی مرۆڤ ڕنگە بتوانێت بەستێنێکی زانستی تر بۆ وڵام دانەوەی پرسیاری دابەش بوون بەسەر چەند حیزب و لایەن و بۆچوون بدەی بێنێت.

نایەکگرتویی و پێکنەهاتن و ناکۆکی لەسەر خاڵ گەلی گشتی و هاوبەش لە لایەن حیزبەکانەوە و پەرتەوازەیی و جیاوازی بۆچوونی تاکەکەسی دەگەڕێتەوە سەر ئەو تاکڕەویی و نامۆیی مرۆڤ و لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندی تاکە کەسی و تاک حیزبی و تاک لایەنی.

ڕێگەچارەیەکی گشتی

دەرچوون لەم دۆخە لە دوایی ئەم بابەتانەی کە تیشکیان خرا سەر تۆزێک دوور لەعەقل دەنوێت. بەڵام هەر لە ڕوانگەی هابزەوە، مرۆڤ لە ڕێگەی عەقلەوە دەتوانێت لەم دۆخە دەرباز بێت.

لە ڕوانگەی ئەم بیرۆمەندە، مرۆڤ لەگەڵ ئەوەیی زاتەن نامۆیە، هاوکات تێگەیشتووە کە تەنیا ڕێگەچارە و مەرجی درێژە بە ژیان دان و دەرچوون لە ژیانێکی دڕندانە و وەحشیانە، پێکەوەژیانە. لە ڕوانگەی ئەو، پێکەوەژیان نایەتە دی مەگەر لە ژێر دەسەڵاتی حوکمەتێکی بەهێز و بەزاکوون کە  ئیزنی بە لێک کۆ کردنەوەیی مرۆڤەکانی لە لایەن خوددی مرۆڤەکان پێدەبەخشرێت. وا دەنوێت کە لەم ئاستەدا مرۆڤەکان دەبێت لەسەر بنەمایەک پێک بێن و دەسەڵات ببەخشن بە سیستەمێک کە ئەم بنەمایە وەک کوللیەتێک بەسەر گشتیاندا داسەپێنێت. عەقڵ، هەنگاوی یەکەمی کوللیەتەکە هەڵدەگرێت و دەبێت بە لێک نیزێک کەری بەرژەوەندییە جیاوازەکان.

کورد، بەتایبەت، لە نەبوونی ئەوها بنەما و کوللیەتێک ڕەنگە زیاترین خەساری دیتبێت. دووهەمین گرنگترین بابەتیش ئەزموون نکردن و نەبوونی حوکمەتێکی بەهێز و دەسەڵاتدارە بۆ داسەپاندنی ئەم کوللیەتە نەهاتووە دی کە خۆیی هەڵگری نەگەیشتن بە ئاستی هەست بە پێداویستی حوکمەت نەکردنە.

باسێکی کورت لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵات وەک میناکێک

ئەزموونی ۱۱ مانگ کۆمارێکی ساوا ئەوە تا ڕادەیەک دەسەلمێنێت کە لانیکەم لە ناوچەیەکی بەرتەسک دا ئەم کوللیەتە لە ڕێگەیی ڕێکخراوەکانی کۆمارەوە خەریکی سازبوون بوو. نیشاندانی “خێرێکی ڕەها” و گشتگیر و پێناسەیی وەک خاڵ و تەوەرێک بۆ دەرچوون لە نامۆیی زاتی ڕەنگە لە لایەن کۆمارەوە وەها بە ڕوونی هەست پێنەکرابێت، بەڵام ناهۆشیارانە خەریکی سازکردنی بوون، هەرچەند بە سەقەتی و بە بێ بنەمایەکی هزری تۆکمە.

دامەزراندنی کۆمەڵێک ڕێکخراوە، خوێندن بەزمانی کوردی، دامەزراندنی چاپەمەنی و پەرتووکی کۆردی، دەرچوونی “نیشتمان”، هەڵکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی، ڕاگەیاندنی کابینەی وەزیران، ڕێکخستنی هێزی چەکداری نەتەوەیی هتد لەو سەردەمدا ڕێگە خۆشکەری سازبوونی ئیجماعێک لەنێوان ‌هێز و بیری جیاواز بوون. بەڵام بە هۆگەلی جیاواز، کە گرنگترینیان تێنەگەیشتنی خەڵکی خێڵەکی بوو لە واتای کۆمار، نەتەوە، بەرژەوەندی گەل و عەقڵیەتی کوللی (بەدەر لە كێشە دەرەکیەکان-ڕوانگە لێرە، ڕوانگەیەکی ناوەکی و دەروونییە چوون بێگانەگییەکە دەروونییە) ئەم ڕێگەیە بەسترا و تا ئێستاش داخراوە. بەدی هاتنی ئەم خاڵگەلە بەبێ هەبوونی حوکمەتێکی بەدەسەڵات ڕەنگە چاوەڕوان نەکراو بێت و لە ڕوی سروشتیەوی ڕەنگە لە لای خەڵک نەیەتە دی (هەر چەند ئەگەری هیچ شتێک سفر نییە).

دوایی ٧٣ ساڵ، هەر چەند بنەمایی بەدی هاتوو لە ڕێی دامەزرانی کۆمارەوە لە بواری هزرییەوە زۆر لاواز بوو، ئێستاش ڕەنگە بتوانرێت وەک تەنیا خاڵی ڕوونی هەوڵ بۆ گەیشتن بە کۆللیەت خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ببێت بە بەردی بناغەی دامەزرانی بنەمایەکی تۆکمە و دەرچوون لە ناکۆکییە لایینیەکان.

 

تێبینی:

وادیارە باسەکە زۆر کورتە و پەرتەوازەیەکی فرەی پێوە دیارە و ڕەنگە لە زۆر شوێنیشدا قووڵبوونەوە بەڕاستی پێویست بێت، بەڵام تەنیا مەبەستی ئەم دەقە باسکردنی بابەتی ناکۆکییەکان و دۆزینەوەی تێئۆریکی دەرچوون لێیان و هەوڵ دان بۆ سازکردنی بەستێنێکە بۆ باس کردنی زیاتر.

 

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان