جوولەکەی ئایین تا نەتەوەی جوولەکە

جوولەکەی ئایین تا نەتەوەی جوولەکە

لە وڵامی داوای هاوڕێیانی “پەیڤین” لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستین

دانیال پیروز

 

ئەوەی ئێستاکە شوناسی ئایینی بۆ ناساندنی جوولەکە لەبەر چاو دەگیرێت، لەخۆیدا ئاماژە بە نەتەوەیێکە کە ئایینێکی کۆن‌تری بە گوێرەی دینەکانی ناوچەکە هەبوە و چەسپاندنی رواڵەتی ئایینی بۆ ئەو نەتەوە هۆکاری مشت‌ومڕ و ململانێی خەستی ئایینی لە ناوچەکەدایە.

بەگوێرەی مێژوو جوولەکە، نەتەوەیێکی تایبەتە و زمان، کلتوور و جوگرافی تایبەت بە خۆی هەبوە. بەپێی خل‌وخدەی زەمەن دەسەڵاتەکانی کات لەسەر داگیرکاری، هەڵدەکوتنە سەر ناوچەکانی دراوسێ و ئیسڕائیلیش لەم رێسا بەدەر نەبوە.

ئاشووریەکان لە ساڵانی ٧٢٠ بۆ ٧٣٠ دووجار هێرش دەکەن بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل کە ئەو کات بەسەر پاشایەتی ئیسڕائیل و یەهوودا دابەش ببوو و هەرجار دانیشتوانی ناوچەکە دەگوازنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان و مێزۆپۆتامیا؛ کە ئەو جوولەکانەی “ئێستا’ بە “ئەشکنازی” دەناسرێن هەر ئەو دانیشتوانەی ئیسڕائیل بوون کە کۆچێندراون. لە ساڵی ٧٣٢پ.ز “تیگلات پیلسار”ی سێیەم هێرشی کردە سەر ئیسڕائیلی باکوور و ئەو بەشەی داگیر کرد. ئەو هپزانەی ئەوێ وەکوو دیل گواستەوە بۆ دەوروبەری چەمی خابوور. جارێکی دیکە لە ساڵی ٧٢٠پ.ز ئاشوور هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیلی خواروو؛ باقی هێزەکانی جوولەکەی بەرەو بابیل و مێزۆپۆتامیا تاراند و لێرە بەدوا بە “١٠ هۆزی ونبوو” ناودێر کران.

ئەم نەتەوە هەر ئەوەی کە بە بیروبڕوای خۆیان “هەردی بەڵێن پێدراو” (کە ئیسڕائیلی ئەمڕۆکە بەشێکی بچووکی ئەو بەڵێنەیە) مافی زەوت کراویانە و سەردەمێک دێت کە بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان، ئەوە دەردەخات کە پێشتر خاکی خۆیان بووە و تارێندراون.

بە تێپەڕبوونی و هاتنەئارای ئایینی جیاواز، گەلی ناوچەکە زیاتر دژایەتیان دەکرێت و کێشەی خاک و نەتەوە، روخساری بە کێشەی ئایینی دەگۆڕێت. گۆڕینی چڕوپڕی دێمۆگڕافی ناوچەکە بەگوێرەی داگیرکاری، ئەوان وەکوو میوان بەئەژمار دێنێت.

بە سەرهەڵدانی ئیسلام هەمووی بە یەکجارەکی روانگەی نەتەوەیی خۆی بە روانگەی ئایینی دۆڕاند و ئیسلام بوو بە یەکەم دژبەری جوولەکە. زاڵبوون بەسەر ئۆرشەلیم، زاڵبوون بەسەر جوولەکە بوو. پێکەوە ژیانی گەلانی ناوچەکە تا سەدەکانی کۆتایی تا رادەیەک رەنگی ئاشتەوایی گرتبوو؛ بە دەرکەوتنی تیۆری دەوڵەت-نەتەوە و سازبوونی دەوڵەتان لەسەر نەتەوەگەری و هاتنەئارای بیرۆکەی “سەهیۆنیسم”، خولیای دەوڵەتی ئیسڕائیل دەکەوێتە سەر نەتەوەی جوولەکە و هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ.

ئازار و دژبەرایەتی جوولەکە لە هەر شوێنێک و لە هەر سەردەمێک درێژەی هەبوە. ئەنگیزاسیۆنی سەدەکانی ناوەڕاست ئەم زامەی دەکولاندەوە و لە باشترین حاڵەت وەکوو کەمینە و پاشان بن دەست سەیریان دەکرا. ئێش و ئازاری بن دەستی و چەوساندنەوە بزوێنەری بەرگری و بەرپەرچدانەوە بوو.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، دادگاییەک لە فەڕانسا دەبێتە هۆی ئەوەی “تیۆدۆر هێرتسل” کتێبێک لەسەر ئەو بابەتە بنووسێت و تێیدا هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی جوولەکە بە ئەساس بگرێت و چیتر ئاکاری دژەجوولەکە بەرچاو نەکەوێت. ئەم بیرۆکەیە وەکوو کردارێکی بەرگریانە بۆ ئازار و چەوساندنی جوو (وەکوو ئایین) چرۆی کرد و ناخی هەر جوولەکەیێکی هەژاند کە لە وڵاتی کەونی خۆیان بناغەی وڵاتەکەیان دانێن.

مژارێکی گرنگ کە لێرەدا دەبێ ئاماژەی پێ بدرێ ئەوەیە کە ئایینی جوولەکە هیچ بانگەشەی بۆ سەر ئایینی خۆی نیە و ئایینێکی داخراوە و کەس ناتوانێ بە گۆڕینی بیر و بڕوا بچێتە سەر ئایینی ئەوان و هەرگیز کەسی نوێ وەر ناگرن؛ تەنیا رێگەی بوون بە جوولەکە، هەبوونی دایک یا باوکی جووە. هەر ئەمەش لەخۆیدا وایکردوە نەتەوەی جوولەکە تا رادەیێکی زۆر ئەو رەسەنایەتیەی خۆی بپارێزێ و تێکەڵیێکی ئەوتۆی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نەبێت. راستە ئەمە لەخۆیدا نابێتە هۆکاری نەتەوە بوون، بەڵام وایکردوە روانگەی نەتەوایەتی نەتەوەی جوولەکە بە هۆی ئایینەکەی بپارێزدرێ و نەتەوەبوونی خۆی بپارێزێت.

لێکچوونی دۆزی کورد لەگەڵ هەر یەک لە نەتەوەی فەلەستین و جوو ناتوانێ شوبهاندنی تەواو بەوان بەردەست بخات. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم مەبەستەش هاوچەشنی بابەت نیە، بەڵکوو جیاوازیەکانە کە دەبێ گرنگایەتی زیاتر لە لێکچوونەکانی پێ بدرێت.

ناوچەی فەلستین-ئیسڕائیل بەهۆی روودانی “رووداوی کارتێکەر” و زەمەنی دوور و درێژی بە درێژایی مێژوو، وای کردوە کە هەر دوو نەتەوە لەسەر ماف بن، بەم واتایە کە لەم زەمەنی “ئێستا” خاکی ناوچە و هەر دوو نەتەوەی فەلستین و جوو، بوون بە پاژگەلی جیاوەنەبووی لەشی بابەتەکە. هەر یەک لە خاکی ناوچە، نەتەوەی جوو، و نەتەوەی فەلستین گۆشت و ئێسک و پێستی ئەم جەستەیەن. ئەوەندەی جوو بە مێژوو و کلتووری خۆی لەسەر مافە، فەلستینیش بە درێژایی ژیانێکی هەزار ساڵە خاوەن ماف و ئاو و گڵە.

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان