پێویستی پاڵپشتی هەڵمەتی نەورۆزی پشتیوانی لە کۆڵبەران

پێویستی پاڵپشتی هەڵمەتی نەورۆزی پشتیوانی لە کۆڵبەران

نەورۆزی ئەمساڵمان با نەورۆزی پاڵپشتی لە کۆڵبەران بێت، نەورۆزی یەکگرتن لەتەک چینێک کە هەر هەنگاوێکیان بۆنی بارووتێکی شاراوە و هەر هەناسەیەکیان بۆنی مەرگێکی نووستووی لێ دێت.

 

 

کۆڵبەری وەک دیاردەیەکی سەپێندراو خەریکە وردە وردە ڕۆ دەچێتە ناخی کۆمەڵگای کوردستانەوە و تا دەڕوات بنەما کۆمەڵایەتییەکان دادەڕمێنێت.کۆڵبەر بوون، کۆڵبەری کردن بێگومان دیاردەیەک هەڵبژێردراو نییە و بە زۆرەملی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا سەپێندراوە. بە زاراوەیەکی دیکە کۆڵبەری یەکێک لە مێکانیزمەکانی داڕماندنی بنچینە ئابوورییەکانی کۆمەڵگای کوردستانە.

دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگاکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن و بخەنە ژێر ڕەکەیفی خۆیان، پێدڤیان بە کۆیلەسازی ئابوورییە، لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵێک ڕێکاری جیاواز بەکار دێنن تا بتوانن لە چوارچێوەی پرۆژەی ئابووری خۆیانەوە کۆمەڵگا دەستەمۆ و پاشان کۆیلەی بکەن.

لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئولیگارشی حاکم پلانە ئابوورییەکانی دووای سەرکوتی خوێنینی کۆمەڵگا پەراوێزییەکان خستە واری جێبەجێکردنەوە و لەو نێوانەدا کوردستان ڕووبەڕووی چەپەڵترین سیاسەتیەکان بووەوە.

بەرهەمەکانی ئەم سیاسەتە نگریسەی دەسەڵاتی داپلۆسێنەری حاکم، ڕیی لەبەر چۆڵ کردنی گوندەکان، ئاوارە بوونی گەنجان و لە کۆتاییدا پەنا هێنان بۆ پیشەگەلێک کە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی باش نەبوون کردەوە کە هەرکام لەمانە ڕێخۆشکەر ئەبن بۆ ناچالاککردن و پاشان بێکاریگەرکردنی کۆمەڵگای کوردستان کە لە کۆتاییدا کۆمەڵگا دەخاتە دۆخێکی وەهاوە کە یا دەبێت تەسلیمی دەسەڵات بیت، یا بتوێتەوە و لەناو بچیت.

کۆڵبەری یەکێک لەو دیاردانە بوون کە لە ئاکامی گوشاری ئابووری فراوان لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەریهەڵدا. بۆیە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە هاوکات بەرپەرچدانەوەیەکە لە بەرامبەر ئاسمیلاسیونی کومەڵگای کوردستان.

دەتوانین خوێندنەوەیەکی دیکەشمان هەبێت بۆ ئەو کەسانەی ڕوو لەم دیاردەیە دەکەن و بە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە بەرامبەر سیاسەتی بەسیج‌سازی و پاسداربگیری حکومەتی لە کوردستاندا لە قەڵەمی بدەین. لە وەها حاڵەتێکدا دیسان پەناهێنان بۆ کارێکی پڕمەترسی وەک کۆڵبەری ناتوانێت ئاڵترناتیڤێکی گۆنجاو بێت.

یەکێک لەو ڕێگا چارانەی کە هەیە دەتوانێت گەڕانەوە بۆ گوندەکان و پەنا هێنان بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی ئێکۆلۆژیک بێت. ئەمە پێ دەچێت باشترین جێگرەوە بێت لە کوردستاندا، چونکە کوردستان لە بوواری کەش و هەواوە و  هەروەها خاک و زەوینەکەی یەکێک لە زەنگینترین دەڤەرەکانی فەلاتی ئێرانە و گونجاوە گەر پەنا بۆ رێکارێکی وەها ببردرێت.

هەڵمەتی پشتیوانیکردن لە کۆڵبەران بۆ سڕینەوەی دیاردەی کۆڵبەری و کۆتایی هێنان بە کوشتن و لەناوچوونی لاوانی کوردستان دەتوانێت بچووکترین کارێک بێت بۆ پشتیوانیکردن لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگاکەمان و ڕەواندنەوەی سیاسەتە داگیرکەرانەکانی نەتەوە-چینی باڵادەست لە کوردستاندا.

نەورۆزی ئەمساڵمان با نەورۆزی پاڵپشتی لە کۆڵبەران بێت، نەورۆزی یەکگرتن لەتەک چینێک کە هەر هەنگاوێکیان بۆنی بارووتێکی شاراوە و هەر هەناسەیەکیان بۆنی مەرگێکی نووستووی لێ دێت.

 

 

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان