ڕێکارەکانی گوزار بۆ مودێڕنیتەی دیموکراتیک

ڕێکارەکانی گوزار بۆ مودێڕنیتەی دیموکراتیک

ئەم سیستەمە پێدڤی بە دوو هێمانی چین و دەوڵەتە کە گەرەکداری بوونی یەکدین و بەو بۆنەیەوە بۆ هێزمەندسازیی یەکتر رۆڵی گەوهەری دەگێڕن.

دەروازە

مودێڕنیتەی کاپیتالیستی وەک ڕێبازێکی گشتی کە هەموو دامەزراوە بەڕێوەبەریەکان و مێنتاڵیتەی کۆمەڵگای مرۆیی داگیر کردووە، بەرەو لەناۆچوون هەنگاو دەنێت و لە قەیرانی (بشێوکەیی) گەورەبوونی هێزی خۆیدا رۆژ بە دوای رۆژ لە هەڵدێری نەمان نزیکتر دەبێتەوە. لە بەرامبەردا بیرۆکە شۆڕشگێرانەکان و ڕێبازە تاک- کۆمەڵگاتەوەرەکان لە دوو سەدەی ڕابڕدوودا و بەتایبەتی لەم سەدەیەی ئێستادا دەروازەیەکیان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگاگەلێک بەدوور لە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری ناوەندگەرا کردووەتەوە کە ئەتوانین ئەم تێکۆشانەی کە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە دێتە کایەوە لە چوارچێوەی بونیادنانەوەی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد، و دامەزراندنی مودێڕنیەتی دیموکراتیک دەستەبەندی بکەین.

بێگومان تێکۆشانگەلێکی فراوان بۆ دەربازبوون لە کۆمەڵگایەک کە سازێندراوی سیستەمی سەرمایەی جیهانیە ئەنجام دراوە، لێ پرسگری سەرەکی بزووتنەوە بەرهەڵستکارەکان، نەبوونی رێکارگەلێکی گونجاو و مێکانیزمی درووست بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان بووگە. دیارە رژیمە دەستنیشانکراوەکانی سیستەمی سەرمایەداریی، خاوەنی دامەزراوە جوراوجورگەلێکن  کە بە واستەی ئەوانە کۆمەڵگاکان سەقەت ئەکەن و بە داگیرکردنی زورینەی دامەزراوەکان، وا ئەوانە ئەخەنە ئێختیاری ئێلیتێکی تایبەتی کۆمەڵگا و لەو پێناوەدا کۆمەڵگای مرۆیی لە ئاستێکی زور نزمدا بچووک دەکەنەوە و تەنیا رۆڵی دەستەبەرکەرانی ویستەکانی رژیمە سەردەستەکان و کۆیلە مودێڕنەکانی کۆمەڵگای مرۆییان دەدەنێ.

 

رووبەڕووبوونەوەی دوو مودێڕنیتەی دێموکراتیک و کاپیتالیستی

مودێڕنیتەی کاپیتالیستی کە لەسەر سێ کۆڵەکەی ئەساسی دەسەڵات شەیدایی[1]، بەرژەوەندی شەیدایی[2] و هۆک شەیدایی[3] سۆارە و بۆ بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی پێویستی بە بونیادنانی سیستەمێکە بە دامەزراوەگەلێکی دیاریکراو کە لەگەڵ گشتینەی سیستەم گۆنجاو بێت و بەردەوامیەکەی گارانتی بکات. ئەم سیستەمە پێدڤی بە دوو هێمانی[4] (ئێلێمێنت) چین و دەوڵەتە کە گەرەکداری[5] بوونی یەکدین و بەو بۆنەیەوە بۆ هێزمەندسازیی یەکتر رۆڵی گەوهەری دەگێڕن. لە ڕاستیدا ئەرکی دەوڵەت بەستێنسازیە بۆ وەدەستهێنانی کەرەستە پێویستەکان و یاسامەندی بۆ چینی سەردەستی کۆمەڵگا کە بتوانێت لەو سۆنگەیەوە چەوساندنەوە بە یاسایی و کرداری بکات.

لەو چوارچێوەیەدا مودێڕنیتەی کاپیتالیستی بە قۆرخ کردنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و کۆکراوەی سەرمایە و زاڵبوون بەسەر ناوەندە زانستی-پیشەیی و دامەزراوە بەڕێوەبەریەکان، هەموو کۆمەڵگای لە زەلکاوە بریکەدارەکەی خۆیدا دەورپێچ کردووە و وەک بەشێک لە سیستەمی فەرمانڕەوایی و چینایەتی خۆی لە پێگەیەکی دیاریکراو – بەدوور لە ویستمەندی خۆی – بەرێکخستە و بێ ئیرادەیان دەکات. سەرمایەداری بۆپارێزگاری کردن لە خۆی و دەستەمۆکردنی ڕەوتە ئازادیخوازانەکان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە دوو مێکانیزمی لیبڕالیزم و دیموکراسی بوورژوایی سوودمەند بووە و لە ناو خۆیدا تواندوویەتیەوه و لەو سۆنگەیەوە لەبەرامبەریاندا ڕاوەستاوە و ئەم رەوت و لایەنانەی لەگەڵ خۆی و لە چوارچێوەی ئامانجەکانی خۆی هاوڕەنگ و هاوشێوەی خۆی کردووە.

پەیکەربەندی مودێڕنیەتی کاپیتالیستی کە یاسامەندی خۆی لە دامەزراوە ئاکادێمیکەکان، ئەم ناوەندە نوێیە مافبەخش-چەوسێنەرانەی خۆی وەردیدەگرێت و بە بەڵاڕێدابردنی زانست؛ سروشتی و بان سروشتی[6]، پێگەکانی سیستەمی خۆی بەهێزتر کردووە و بە تێپەڕکردنی زانستی-زانستمەند بۆ بازنەی خۆسازێنەری زانست-هێز-پارە ئەم ناوەندە رۆشنگەرانەی بە لاڕێیەکی بنەڕەتیدا بردووە. ئەتوانین ئاواش بڵێین کە کاپیتالیزم بە بەدکەڵک‌وەرگرتن[7] لە مێتودولوژی نوێ، هەموو ڕەوته هزرییەکانی لە پێناو ئامانجەکانی خۆی ڕێکخستووە و مەودا چینایەتییەکانی تا ئاستێکی بەدەر لە خیاڵ پەرە پێداوە و لە ڕێگەی هێزسه‌ندنه‌وه‌ی ته‌واو له‌ ژن وەک یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی کۆمەڵگا و خەساندنی پیاو لەبن سێبەری شووناسی شارومەندی، داینامیکەکانی کۆمەڵگای لە ڕیشەکانی دەوڵەت-نەتەوە و چینی سەردەستدا تواندۆته‌وه‌ و بێکاریگەری کردوون.

مودێڕنیتەی دێموکراتیک لە راستیدا خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی مودێڕنیتەی کاپیتالیستیە و گوزار بۆ بەرایەتی (مناسبات) دادگەرانەیە کە تاک و کۆمەڵگا و خوەزا[8] لە پێوەندیەکی بەرابەر و ئێکۆلۆژیک لەتەک یەکا، بەدوور لە هەر چەشنە هێمانێ کە خواستی تاک و کۆمەڵگا بن پێ بکات و ئێکۆسیستەمی دەورووبەرمان تێک بدات کار دەکات. لە مودێڕنیتەی دێموکراتیکدا پێوەندی توێژەکان و کۆمەڵگا لە هارموونیەکی گشتیدا جێگەیان دەبێت و بەشداری ئازادانە، خوازیارانە و ئاگاهانە لە کۆمەڵگا جێگەی بێبەش‌سازی و بێ خواستی ئەگرێتەوە و پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەما نوێیەکان پێناسە دەکرێنەوە.  بە بنەما گرتنی گوتاری سیاسەتی دیموکراتیک کە بە ئاوا کردنی هەزاران دامەزراوەی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو ئەو بوارانەی کە تۆڕی دەسەڵات لەوێ لە قەیراندایە، رێگا لەبەر ناوەند پەرێزی[9] (تمرکز زدایی) ئەکاتەوە و پێناسە بەخشینە بە کۆمەڵگا لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک و پەرەسەندنی شێوازی سیاسەتی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای کونفێدراسیونگەلێکی خۆجێیی، نەتەوەیی، هەرێمی و جیهانی کە لە کۆتاییدا ئەتوانێت ئێتنیستە جوراوجورەکان بە شێوەی یک نەتەوەی دیموکراتیک بەرێکخستە بکات. پەرەدان بە ئابوری و تێکنولۆژیای ئێکۆلۆژیک لە بەرامبەر پیشەخوازی کاپیتالیستی کە یەکێک لە کۆڵەکە بنەماییەکانی ئەم سیستەمەیە وەک ئاڵترناتیڤی بەشی ئابووری خۆی پێناسە ئەکات و بە تێپەڕاندنی بازنەی کاری کرێگرتەی بەرهەمی سیستەمی سەرمایە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی ئابووری سەرمایەدارانەدا تێکۆشان دەکات و بە بونیادنانی کۆمۆنە خۆسەرە ئابوورییەکان لە بەرامبەر کەڵەکەکردنی ئابووریدا لەدەست ئێلیتێکی تایبەت یا خود دەوڵەتدا ڕادەوەستێت.

بونیادنانی سیستەمی پارێزوانی (ئاسایشی) کۆمەڵگا لە ڕێگەی هێزگەلێک کە لە خودی کۆمەڵگا پێکهاتبێتن و بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە حەقانیەتی گەلان و تەزمینی ئازادی جنسیەتی، بۆ ئەوەی پارێزەری نرخە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگاکان بێت و هێزێکی هێرشبەری داگیرکەر نەبێت و تەنیا ئەرکی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لە ئەستۆ بێت و بە پێچەوانەی ئەو هێزانەی سیستەمی سەرمایە کار بکات کە تەنیا پارێزەری بەرژەوەندیەکانی چینی سەردەستی کۆمەڵگان.

پێناسە کردنی سیستەمی خانەوادەی ئازاد کە ژن و پیاو لە پێوەندیەکی بنەماڵەیی بەرابەر و بێ داسەپانی مڵکایەتی لەسەر یەکدی پێکهاتبێت و ژن و پیاو لە چوارچێوەی مافە یاساییە هاوبەشەکاندا و لە پێناو دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد کە بنەماڵە (خانوادە) یەکەم یەکینه‌ی سەرەتایی ئەم کۆمەڵگایە دەبێت، هەنگاو دەنێت.

 

شوڕش بە مودێلی نوێ

نەتەوە بندەستەکان بە دوو شێواز ئەتوانن شوڕش بکەن و لە مودێلێکی فەرمانڕەوایی ڕزگاریان بێت و مودێلێکی دیکە بونیاد بنێن کە بریتیە لە شوڕشی تیژئاژۆ (تووندئاژۆ) و شوڕشی نەرم. لە شوڕشە تووندئاژۆەکاندا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەر دولایەن، کاولکاری مەزن بەر جەستەی کۆمەڵگا و هەروەها دامەزراوە حکومیەکان ئەکەوێت کە لە کۆتاییدا پێویستە بە دارایی خودی کۆمەڵگا و لە پرۆسەیەکی درێژ مەودادا سازبکرێتەوە و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان زیندوو بکرێنەوە. لە راستیدا شوڕشە تیژئاژۆكان ڕێژەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان بەرز دەکەنەوە و کۆمەڵگا لەبەرامبەر دۆخە هەستیارەکاندا لاواز دەکەن.

هەرچەندە کە بە هۆی ڕادەست نەکردنی دەسەڵات بە شێوازی ئاشتیانە لە لایەن دەسەڵاتە تۆتالیتەرەکان، شوڕش بە بێ خەسارلێکەوتنەوە بەدی نایەت، و دەسەڵات شەیداکان بۆ ماننەوە لە دەسەڵات بێگومان لە هیچ خەسارێکی مەزن کە پەیکەری کۆمەڵگا بە ئامانج دەگرێت سڵ ناکەنەوە، بەڵام ئەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بووژانەوەی کۆمەڵگا لە ئەستۆی کۆمەڵگا و گەلان دەبێت. لەوما دەبێت کۆمەڵانی خەڵک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە پێویستە شوڕش بە کەمترین خەسارەوە بگات بە ئامانج.

پێویستە ئەوە ڕەچاو بکرێت کە مودێلی تیژئاژۆیی شوڕش هەرچەندە کە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر وەلا دەنێت، لێ مخابن رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ هاتنە مەیدانی دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری دیکە کە هیچکات ئامانجی کۆمەڵگا لە شوڕش نەبووە.

ڕیگای دووهەم شوڕشی نەرمە کە بە بێ خەسارگەلێکی شێلگیر و تێکدانی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیانەی کە بەرهەمی تێکۆشانی ساڵهای ساڵی خودی کۆمەڵگاکانە کار دەکات و بە سیاسەتێکی گونجاو و بە شێوازی درێژەدار شوڕشی کۆمەڵایەتی پێک دێنێت. ئەم شێوەیەی شوڕش خۆی لە سەرپێچی ژیاری، لە دەسەڵات داماڵینی دەسەڵاتشەیدایان، گۆڕینی ناوەندە سەرکوتکەرەکان بە یەکەکانی پاراستنی گەلان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها داماڵینی مڵکایەتی دەسەڵاتشەیدایان لە كۆڵه‌كه‌ ئابووریەکان و گەڕانەوەی بۆ جەماوەری خەڵک و هەروەها ڕاماڵینی زاڵیەتی دەسەڵات بەسەر ڕاگەیاندەکاندا خوی بەڕێکخستە دەکات و بە بێ ئەنجامدانی ئەو کردارانەی وێرانسازی بەدووای خویدا دێنێت، شاڕەگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە ژێر مڵکایەتی دەسەڵات شەیدایان دەر دێنێت.

بۆ دەستەبەر کردنی شوڕشی نەرم بە ڕیبەرایەتی گەلان کە بەدوور بێت لە هەر چەشنە کاولکاریێکی کۆمەڵایەتی، پێویستیمان بە رێکار، شێواز و مێکانیزمگەلێکی بەرچاو دەبێت بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانمان لەم شوڕشە کە لە خوارەوە گەڵاڵەبەندیەکانی ئەنجام دەدەین.

 

نافەرمانی ژیاری

دەسەلات و فەرمانڕەوایی هێزە دیکتاتۆرەکان دەرەنجامی فەرمانبەری و لاوازی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵانی خەڵکە. تا ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان سەرکەوتوو بن لە فەرمانبەری و دەستەمۆ کردنی کۆمەڵگا و ناچاریان بکەن بە بێدەنگی، بە هەمان ڕادە سەرکەوتوو دەبن لە پتەو کردنی پێگەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری خۆیان.

زورینەی خەڵک پێیان وایە کە پێگەیشتەیی شۆڕش (اعتلای انقلابی) [10]  لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەهرئامێزی زورینەی خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی حاکمەوە دێتە کایەوە و ئەرکی تاک لە سەروبەندی شوڕشدا، ئەرکێکی قورس، پڕکار و پڕ مەترسییە کە لە راستیدا ئەمە پارادایمێکی پێچەوانەی راستییە و ئەکەوێتە چوارچێوەی خزمەتکاری و درێژەپێدانی تەمەنی دیکتاتوریەت و تەنانەت سیستەمە دیکتاتۆریەکان خۆیان بە شێوەیەک لە شێوەکان، پەرەپێدەرانی ئەم باوەڕیە ناڕاستەن لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا.

ئەگەری گەیشتن بە دۆخی پێگەیشتەی شۆڕش لە ئێراندا زورە و ئەمەش پەیوەستە بە گەشەی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سەرپێچی گشتی بەرفراوان لە ئاستی هەموو کۆمەڵگای ئێراندایە. راستی ئەوەیە هیچ دیکتاتۆرێکی داگیرکار توانای خۆسەپاندنی بەسەر کۆمەڵگایەکی وشیار و سەرپێچدا نییە.

سەرپێچی گشتی یا خود نافەرمانی ژیاری وەک شادەماری بنەڕەتی شوڕشی نەرم هەژمار دەکرێت کە شێوازێکی عەقڵیەت‌سازیە کە کۆمەڵگا ئامادەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکات. سەرپێچی کردن لە فەرمانی دیکتاتۆریەتی حاکم و ملنەنان بە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی چینی سەردەست، هەنگاوی یەکەم و سەرپێچی کردن لە ڕێسا و یاساگەلێک کە بنیادنەری دژبەرییە چینایەتیەکانن، ئەتوانێ تەواوکەری هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی شۆڕشی نەرم بێت کە لە قاڵبی ئاخێزی جەماوەری لە شەقامەکان خوی نیشان دەدات. کۆمەڵگای ئێران لەدوای سەرهڵدانەکانی بەفرانباری ئەمساڵ لەبه‌ر ده‌روازه‌ی ئەم قۆناغە هەستیار، بنەڕەتی و چارەنووسسازەدایە. ناڕەزایەتیە زنجیرەیەکانی ژنانی کۆمەڵگای ئێران کە بۆ پشتیوانی کردن لە کچی شەقام ئەنجام درا و ئەو ئاخێزانەی ناوبەناو دەیانبینین سەدەمگەلێکن کە نیشان دەدەن کۆمەڵگای ئێران ئامادەییی تەواوی هەیە بە نیسبەت ئەمری سەرپێچی گشتییەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە ئەم ئاستە لە نافەرمانی ژیاری پێویستە لە ئاستی خۆڕسک و پرژ و بڵاو، ببێت بە نافەرمانیەکی سیستەماتیک و بە رێکخستە تا بتوانێت مەودای هێز و دەسەڵاتی رژیم قوناغ بە قوناغ بەرتەسکتر بکاتەوە بۆ ئەوەی شۆڕش بە شێوازی نەرم و بە کەمترین خەسارەکان بگاتە ئەنجام.

 

دەستبەسەرداگرتنی فەرماندەهی هێزە چەکدارەکان

سیستەمە خۆسەپێنەرەکان لە ڕێگەی ئەو هێزە چەکدارەکانی کە لە ژێر فەرمانی ئەواندان، دەسەڵات قۆڕخ دەکەن و بە ئافڕاندنی جەوێکی حکومەت‌نیزامی بەرچاو و نا بەرچاو، لە لایەکەوە هاوسەنگی هێز بە ئاراستەی حوکمڕانی خۆیاندا ڕادەکێشن و لە لایەکی دیکەوە سەرهڵدانە جەماوەریەکانی پێ سەرکوت دەکەن و لە ڕێگەی ئەم دام و دەزگایانەیانەوە ویست و خواستی کۆمەڵگا دەخنکێنن. ئەگەر بە زاراوەیەکی دیکە ئاماژە بەم باسە بکەین ماشێنی کۆشتار و هەروەها سەرکوتکاری کۆمەڵگا هێزە پارێزگاریەکان (ئاسایشن) کە لە چوارچێوەی سیاسەتە سوودكێشه‌رانه‌کانی دەسەڵات، وەک ئامرازی سەرکوتکەرانەی کۆمەڵگا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و بەو شێوازە لە پێناسەی ڕاستینی خۆیان کە هەمان پارێزگاری کردن لە گەل و نیشتمانە دوریان دەخەنەوە و ئەرکی پارێزەرانی رژیمەکان و دەستکەوتەکانی چینی باڵادەستی کۆمەڵگا لە ئەستۆ دەگرن.

فەلسەفەی هەبوونی راستینی هێزە پارێزگارەکان، پارێزگاری کردنە لە گەل و نیشتمان لە بەرامبەر هەڕەشە و دەستدرێژی دەرەکی و هەروەها ئەرکی پولیس ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو تاوان و یاساشکێنیانەی کە زەربە لەو به‌رایی و نەزمە کۆمەڵایەتیەکان دەدات. هەر چەشنە دەزگا و هەروەها هێزێکی چەکداری دیکە کە بە مەبەستی نا دیموکراتیک و بەدەر لە پێویستی ئاوا کرابێت، تەنیا ئەرکیان پارێزگاری کردنە لە دەسەڵاتی زۆرداران و چینی سەردەستی کۆمەڵگا و بەو مەبەستە درووست کراون و پێویستە هەڵوەشێنەوە.

هەرچەندە کە بەشێک لەو کەسانە کە پەیوەست دەبن بە هێزە چەکدارەکانەوە بە مەبەستی تێپەڕاندی دەورەی زۆرەملی سەربازی لەوێ جێگە دەگرن، بەڵام زور کەسیش بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە نەتەوە و نیشتمان لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکیەکان هەنگاو دەنێنە ئەم بووارەوە. سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێکی بچووکیش هەن کە بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕژیم و دەسەڵات لە بەرامبەر شوڕش و ئاخێزە جەماوەریەکان لەو هێزە چەکدارانە دا و لە ناوەندی فەرماندەهی ئەم هێزانە دا جێگەیان گرتووە. بە پێی ساکارترین لۆژیک ئەم کەمینە بچووکە نابێ بتوانێت خۆی زاڵ بکات بەسەر زۆرینەی نیازپاکەدا و ئیرادەی خۆی بەسەردا زاڵ بکات.

ڕژیمە توتالیتەر و سەرکوتکەرەکان بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، داڕێژەیەکی وەها بە هێزە چەکدارەکانیان دەدەن کە ئەو کەمینە بچووکە بتوانێت بەسەر زورینەدا زاڵ بێت. هەروەها بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەم هێزە پاراوە، هێزی سێبەری وەک سپای پاسداران و گرووپەکانی فشار وەک بەسیج و هێزی “سڤیل‌نەمای” لیباس‌شەخسی و هێزە شاراوەکانیان درووست کردووە و داڕێژەی دلخوازی خۆیان پێ داوە و لە ڕیگەی ئەم هێزانەوە، ڕۆڵی ئەو دامەزراوانەی کە ئەرکدارن بۆ پاراستنی کۆمەڵگا گۆڕدراوە بۆ بنگەیەکی درێژکەری تەمەنی دەسەڵات.

ڕێگای چارەسەر و دەربازبوون لەم زەلکاوەی کە فاشیزمی مەزهەبی لە ئێران ڕێکیخستووە و بە کەڵک وەرگرتن لە جەوی شێواوی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا، بەستێنەکانی هەژاری، بێکاری و …هتد لە کۆمەڵگادا بەرفراوان کردووە و گەنجەکانیان لە ڕێگەی سیستەمی بەسیج سازی و میلیشیاسازیەوە خستووەتە داوی خۆیانەوە کە لە قاڵبی خزمەتی سەربازی دایانڕشتووە. ئەم پلانە نگریسەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی نافەرمانی مەدەنی و سەرپێچی کردن لە جێبەجێکردنی فەرمانە دژە جەماوەیەکان کۆنترۆڵ دەکرێت. دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان و ئەو ناوەندە بەڕێکخستە کراوانەی تۆقاندنی کۆمەڵگا،  تەنیا لە ڕیگەی کۆنتڕۆڵ و دەستبەسەرداگرتنی سەربازەکانی گەل و نیشتمانەوە مەهار دەکرێت و ئەتوانرێت سیستەمی ده‌نگخنكێن و داپڵۆسێنه‌ر بێکاریگەر بکات.

بێگومان چینە باڵادەستەکانی رژیم ناتوانن بە شێوازی ڕاستەوخۆ کۆمەڵگای مەدەنی سەرکوت بکەن، بویە توێژگەلێک لە کۆمەڵگا ئەکەن بە پردی گەیشتن بە مەبەستە دیاریکراوەکانیان.گەشەی زانستی کۆمەڵایەتی لەم بارەیەوە و هەروەها  نا وتن بە زۆرەملی سەربازی نەچوونە ژێر ڕەکەیفی  خواستی دەسەڵات، هێزی سەرکوتکەری کۆمەڵگا ناکارا دەکات سیاسەتی سەرکوتکارانەیان بە بنبەست دەکێشێنێت. هەربویە دەربازبوون لەم تەگەرەیە، ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ کردنەوەی گۆڕانکاریێکی مەزن کە ڕێڕەوی شوڕشی نەرم خێراتر دەکات.

چالاکانی بزووتنەوەی شەقام پێویستە چەند خاڵێک وەک سەردێڕە زانستیە گشتییەکان لەبەرچاو بگرن و لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاوی بکەنەوە کە بریتین لە: ١) سه‌رپێچیی (انصراف) لە زورەملی سەربازی، ٢) سه‌رپێچیی لە جێبەجێ کردنی فەرمانی سەرکوتی سەرهڵدانە کۆمەڵایەتییەکان ٣) چەک کردنی بەرپرسانی ناوەندە سەرکوتگەرە سەربازییەکان و دەستبەسەرکردنیان کە ئامانجی سەرەکی دەستبەسەردا گرتنی ناوەندی فەرماندهی هێزە چەکدارەکان و گوڕێنی دەزگا سەرکوتگەرەکان بە یەکینەکانی پاراستنی گەل بێت.

 

ستاندنەوەی دەسەڵات لەسەر دامەزراوە حکومییەکان

هەموو رژیمەکان خاوەن دام و دەزگاگەلێکی جوراوجور و فراوانن کە دەتوانین لە دوو بەشدا بیانگونجێنین؛ یەکەم) فەرمانگە خزمەتگوزارییە کۆمەڵاییەتیەکان  و دووهەم) ئەو دامەزراوانە یا خود فەرمانگەگەلەی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات ساز کراون و خوازراو یا نەخوازراو  لە چووارچێوەی ئامانجەکانی رژیم و چینی باڵادەستدا کار دەکەن. ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و لەوانە کۆماری ئیسلامی بە دەستنیشان کردنی بەڕێوەبەرانی دەستەمۆ و گەندەڵی پیاوی دەسەڵات لەم فەرمانگەیانە و دامەزراوە حکومیەکانی دیکە و داسەپاندنی دۆخێکی ئەولەهی تایبەت بەسەر سیستەمی پیشەییان لە ڕێگەی ناوەندەکانی (حەراسەت) و هەروەها دامەزراندنی شۆراکانی ئیسلامی؛ سەربەخۆیی کەسایەتی و هەڵکەوتی کۆمەڵایەتی ئەم کەسانەیان بە ئاراستەیەکی ناڕێکدا بردووە کە مێنتاڵیتەی نەخۆشی خۆی بەسەردا داسەپاندوون و لەو سۆنگەیەوە لە جەوهەری راستی و مرۆییانی دوور خستوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە فاشیزمی مەزهەبی ئێران لە ڕیگەی دامەزراندنی شۆراکانی ئیسلامی سەنفی و سەندیکایی لە بەشە جوراوجورەکانی کارمەندی و کرێکاری و سازدانی بەرایەتیێکی (موناسبات) تۆتالیتەر، لە پراتیکدا ئەم دامەزراوانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار دێنێت و لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی هاوڕێیانی کردوون. ئەم شۆراگەلە، بە سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر کارفەرما و کرێکاراندا، ڕێگاکانی دەربازبوونیان لێ دادەخەن کە لە کۆتاییدا دان بە سیاسەتەکانی رژیمدا دەنێن و بێ بەری ئەبن لە سازدانی ئاڵتەرناتیڤێکی دیکە. لەم ڕێگەوە ئامانجی سەرەکیان دەپێکن کە دابڕانی ئەم کەسانەیە لە بەدەنەی کۆمەڵگا و هەروەها سازاندنی کەسایەتیگەلێک کە لە دژی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتییەکانی گەل و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی رژیمدا لەو دامەزراوانە کار دەکەن.

بەبێ ڕەچاوکردنی کاریگەرییەکانی ئەم دامەزراوانە لە بەڕیوەچوونی شۆڕشی نەرم، ناتوانین بە ڕێڕەوێکی تەندرووستدا هەنگاو بنێین و پێناسەیەکی ڕاست لەسەر چۆنیەتی ساغکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و ژیانەوەی کەسایەتی ئەو کەسانە و ئەرکەکانی ئەم دامەزراوانە لە پرۆسەی شؤڕش پیشان بدەین. بایه‌خی شۆڕشی نەرم لەوەدایە کە یاردەدەری ئەو کەسانە بێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ کەسایەتی حەقیقی خۆیان و هەروەها سەرلەنوێ پێناسەکردنێک کە تێیدا ئەم چینە لە کۆمەڵگا خۆی لە ژێر هەژموونی دەروونی رژیم دەربهێنێت و لە چوارچێوەی خزمەتکردن بە کۆمەڵگا و بەها کۆمەڵایەتییەکان و پێوەرە مرۆییەکان، خۆی بەرێکخستە بکات. لە راستیدا نە بە تەسفیە و لەناوبردنی ئەم کەسانە، بەڵکوو بە گۆڕینی هەڵوێستەکانیان، پشکداریان بکەین لە پرۆسەی شۆڕشی نەرمدا.

هەستاندنەوەی دەسەڵاتی فەرمانگەکان لە ڕژیم و چینە سەردەستەکان لە ڕێگەی بێکاریگەر کردنی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان و شۆرا ئیسلامییەکان و ئاواکردنی شۆراگەل سەنفی و کرێکاری سەربەخۆ دەستەبەر دەکرێت کە نوێنەرایەتی ئیرادە و هێزی کارفەرما و کرێکاران بکات. ئەمە ڕێبازێکە کە پێویستە وەک یەکێک لە بنەماکانی دەستەبەرکردنی شۆڕش و داماڵینی رژیم لە دەسەڵاتی سیاسی لەبەرچاو بگیردرێت و وەک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی چالاکی شۆڕشگێڕانە ببیندرێت.

ڕوونە کە گەیشتن بەم ئامانجە گرێدراوە بە ئامادەبوونی ئەرکدارانەی مروڤە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەکانی کۆمەڵگا لەم فەرمانگە و دامەزراوانەیە کە دەسەڵاتی ئەو ناوەندا بگرنە دەست و لە ڕێگەی دامەزراندنی بەڕیوەبەرایەتیێکی بەرپرس لە بەرامبەر کۆمەڵگا نەک ڕژیم و هەروەها گۆڕانکاری لە شۆرا ئیسلامییەکان بۆ شۆراکانی کارفەرمایان و کرێکاران کە بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەپارێزن دەسەڵاتی ناوەدنە حکومییەکان بەدەست بگرن. بەستێنسازی بۆ ئەم مەبەستە لە زێهنیەت‌سازییەوە دەستپێدەکات بەو واتایە کە کارفەرما و کرێکاران ئاگادار بن کە بە پاراستنی ئەرکە کارییەکانیان بەرەو رژیمێک لەسەر بنەمای مودێڕنیەتی دیموکراتیک هەنگاو دەنێن کە تێیدا بارودۆخیان بەرەو باشی لە گەشە سەندندا دەبێت.

ئامانجی راستینی شۆڕشی نەرم خاپوورکردنی کۆمەڵگا نەبوو و نییە، بەڵکوو ڕادەستکردنی فەرمانگە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگایە بە رژیمێکی دیموکراتیک کە زایه‌ڵه‌ی بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵک و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئاسووده و بەرابەر کە بە گۆڕینی سیستەمی ئیداری، سیستەمی ئەمنییەتی ترسێنەر و تۆقێنەر لە کۆمەڵگا بن‌بڕ بکات.

 

بێ دەسەڵات کردنی رژیم بەسەر بەشی ئابووریدا

پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە سەرەڕای ئەوەی بەرایەتی بەرهەمهێنان (مناسبات تولید) لە ئێراندا کاپیتالیستییە، لێ مودێلی ئابووری ئێران داگیرکارانە و سانتڕالیستییە. ئەمە بەو واتایە دێت کە دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند، سامانە سرووشتییەکان و بەرهەمە کاڵەکانی (محصولات خام) نەتەوە داگیرکراوەکان دەدزێت و لە پرۆسەیەکی کەم خەرجدا دەیانکات بە کەل و پەلی بەرهەم هاتوو و بە نرخێکی زور گران دەیخاتەوە بازاڕەکانیان و پێیان دەفرۆشێتەوە.

بەم شێوەیە دەسەڵاتی ناوەندی، نەتەوە داگیرکراوەکان گرێ دەداتەوە بە خۆیەوە و ڕێگە لەبەر هەژاری و نەبوونی زیاتری ئەو کۆمەڵگایانە دەکاتەوە. لە دیوی دەرەوە ئەگەر چاو لە بابەتەکە بکەین ئەوا گرێدراوی دەسەڵاتی ناوەندیش ئەتوانین ببینین بە کۆمەڵگا سوودكێشكراوه‌كان (مستثمرە) کە لە ئەگەری دابڕانی ئەم پێوەندییە زۆرەملانەیەدا، شادەماری ئابووریان دەگیردرێت و  مەترسی لەناۆچوون ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ناوەندی دەبێتەوە.

سەرەڕای ئەوەیکە گڕێدراوی ناوەند و کۆمەڵگا داگیرکراوەکان دوولایەنەیە، بەڵام ئەگەری تێکشکانی ناوەند لەم بەرایەتییەدا زور زیاترە و پچڕانی ئەم بەرایەتییە، هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ناوەند و دەسەڵاتە دێسپۆتیکەکەی. ستراتێژی ئێنقلابی لەسەر بنەمای لێکترازانی ئەم هاوسه‌نگیی و گۆڕینی هاوكێشییه‌كان بە ئاراستەی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان، بە سانایی ئەتوانێت دەسەڵاتی سانتڕالیستی ناوەند گەرا لە ئەژنۆ بێنێت و ڕێگا لەبەر هەڵوەشاندنەوەی بکاتەوە.

هەروەها ناوەندە ئابوورییە جیاوازەکان کە زۆرتر وەک ناوەندە “خێرخوازانەکان” پێناسە دەکرێن، بەشێکن لە پرۆسەی قۆرخ کردنی ئابووری لەلایەن دەسەڵاتەوە کە لە ڕێگەی ناوەندگەلێک وەک سپای پاسداران دەستیان بەسەردا گیراوە. ناوەندەکانی دیکە وەک بونیادی موستەزعەفین و بسیج  و سپا کۆڵەکەکانی ئابووری کۆمەڵگایان داگیر کردووە و بۆ نیشاندن دەسەڵاتیان لە کۆمەڵگا و هەروەها بە هەناردە کردنی تێرۆریزم بۆ کۆمەڵگاکانی جیران، هێزی خۆیان بە کۆمەڵگای دەرەوەش نیشان دەدەن.

دوور خستنەوەی ئەم ناوەندە ئابووریانە لە بانده‌ستیی دەسەڵاتی ناوەندەکانی سەرکوت و دزی و هەروەها دەست كۆتا‌کردنی بەیتی رەهبەری لە بازاڕی تاران و بازاڕە گەورەکانی شارەکانی دیکە، ئەو ڕێکارانەن کە دەبێت بۆ چک کردنی دەسەڵاتی ئابووری ڕژیمی هەنووکەیی بگیردرێتە بەر.

سەرمایەدارانی گوێڕایەڵی رژیم بە دەست بەسەرداگرتنی ناوەندەکانی دیکەی ئابووری وەک: فابریکاکان، پاڵاوگەکان و ئەو دام و دەزگایانەی سامانە سرووشتییەکان هه‌ڵده‌لووشن، کرێکاران، کارفەرمایان و گەلانی ئەم وڵاتەیان بێ بەش کردووە لە قازانجەکانی ئەم ناوەندانەی بەرهەمهێنانی سەرمایە. لە ڕاستیدا چینی کرێکار و مام ناوەندی کۆمەڵگا وەک ئامرازێکی دەستی چینی باڵادەستی گرێدراوی دەسەڵات لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی واندا بەکار دەگیردرێت کە ئامانج لەم کارە دابین‌کردنی ئەو پێداویستییگەلەن کە رژیم پێویستییەتی بۆ سەلماندی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا. ئەم دیاردەیە سیمای قوربانی کۆیلەمۆدێڕنەکانی بە زۆرینەی دانیشتووانی کۆمەڵگا  بەخشیوە و کە هەبوونیان لە چوارچیوەی پتر بەهێزتر بوونی دەسەڵاتی ناوەندی و ئێلیتی حاکیم واتادار دەبێت و هەموو تێکۆشان و ڕەنج و زەحمەتیان دەکەوێتە خزمەت چینی باڵادەست و دەسەڵاتداری کۆمەڵگا.

دەسەڵاتی دێسپۆتیک بە داگیرکردنی هەموو كۆڵه‌كه‌ ئابوورییەکان و ڕادەستکردنیان بە ڕێکخراوەی تێروریستی سپای پاسداران و باقی جەڕدە سەرسپێڕدراوەکانیان، کۆمەڵگایان لەو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییە بەهێزە بێبەری کردووە کە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا هەیە. کارفەرماکان و کرێکاران وەک هێزە بەباندۆڕ و پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا، لەم بووارەدا ئەتوانن ڕۆڵێکی کلیدیان هەبێت و بە چەک کردن یا خود ستاندنەوەی هەژموونی سەرمایەداران لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، خاڵی هەستیاری رژیم بە ئامانج بگرن و لە خێراتربوونی پرۆسەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کاریگەری بەرچاوتریان هەبێت.

چک کردنی رژیمی حاکم لە ئەرکانە ئابوورییەکان لە سێ مه‌ودای بەرهەمهێنان، ئیداری و بازاڕ ئەنجام دەدرێت. لە مه‌ودای بەرهەمهێنان و ئیداری دەبێت تێکۆشانمان لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە کرێکاران و کارفەرماکان بەو مێکانیزمانەی لە بەشی ستاندنەوەی دەسەڵاتی فەرمانگە حکومییەکان ئاماژەمان پێدان، تەڤبگەڕن. لەوما مه‌ودای بازار پێویستی بە دۆخێکی شۆڕشگێڕانەترە کە دەسەڵاتی شۆراکان، لەویاتانەکانی بازاڕەکانی دەستەمۆی رژیم چەک بکەن و ماڵ و سامانەکانیان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەیەکی بەرابەر و دادگه‌رانه لەنێو جەماوەری خەڵکدا لە دەستیان دەر بهێنن.

 

ڕاماڵینی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر میدیا

میدیا وەک ناوەندی رۆماڵ کردن و گواستنەوەی رووداوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵیێکی بەرچاوی هەیە لە پێدانی خوراک بە کۆمەڵگا و سەرلەنوێ درووست کردنەوەی بەها کۆمەڵاییەتییەکان. رژیم و چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا هاوکات لە میدیا وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ زێهنیەت‌سازی و کۆنترۆڵی تێڕوانینی گشتی و هەروەها بەلارێدابردن یا خود شاردنەوەی راستییەکان کەڵک وەردەگرن. رژیمی تۆتالیتەری ئێران لەم کەرەستەیە زورترین به‌دكه‌ڵكگیریی کردووە و بێجگە لە ئەو کارکەردانەی ناومان هێنا لە میدیا بۆ گەوجاندنی کۆمەڵانی خەڵک لە بەرزترین ئاستی خویدا سودمەند بووە.

دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکان لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتن بەسەر ناوەندێکی زێدە گرینگی وەک میدیا، سیاسەتە داگیرکارانەکانی خویان لە بن سێبەری میدیای میلی بەڕێوە بردووە و لە ڕێگەی میدیاوە خۆراکە زەینیەکانی کۆمەڵگا لە پێناو بەرایەتییە داگیرکارانەکانی خۆیان و پاسیڤاندنی کۆمەڵگا و بەتاڵکردنی لە گەوهەری سەرەتایی و سرووشتی بەسەر تاک و کۆمەڵگادا سەپاندووە و لەو سۆنگەیەوە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەربڵاۆ کردووە. میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات لە مانەوە و هێزمەند کردنی دەسەڵاتی خۆسەپێنەر، رۆڵێکی کلیدیان هەبووە کە پێویستە لە پرۆسەی شۆڕشدا لێیان بستێندرێتەوە.

لە دنیای هاوچەرخ دا میدیا وێڕای ئەوەیکە ئامرازێکە بۆ سەلماندنی حاکمیەتی حکومەتەکان، چەکێکی بەهێزە بۆ ڕزگاری نەتەوە بن دەستەکان لە بەرامبەر حکومەتە داگیرکەرەکان، بۆیە ئەتوانین بڵێین کە میدیای ئازاد و خەڵکی، خاڵی بەهێزی سەرهڵدانە کۆمەڵاییەتیەکانە لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا. لە ڕۆانگەی ئێمەوە میدیای ئازاد گه‌ره‌كیەکی بەلەزە بۆ دابڕانی ئەو ڕژیمە هزریە گەوجێنەرەی بەسەر کۆمەڵگایە سەپێندراوە. میدیای ئازاد ئەتوانێ لە سەرەڕاست کردنەوەی پارادایمە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی ئەساسی بگێڕێت و  ئاسۆیەکی ڕوون وێنا بکات بۆ رزگاری لە رژیمە هزریە زۆرەملییەکاندا.

هێزە بەرهەڵستکارە کلاسیکەکان هەوڵیانداوە کە لە بەرامبەر میدیاکانی دەسەڵات، میدیای خۆیان ئاوا بکەن، مخابن بە دوو هۆکاری سەرەکی نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن. یەکەمیان بە هۆی حیزب گەرایی و زۆری و بۆری ئەحزاب کە تەنیا لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی حیزبیدا کاریان کردووە و ڕێیان لەبەر سەرلێشێواوی و بێکاریگەری ئەو چەشنە میدیاگەلە کردووەتەوە. دووهەم لاوازی لوجستیکی و ناوەرۆکی ناپرۆفێشناڵ و دوور بوون لە راستییەکانی کۆمەڵگا بووەتە هۆی شکستێکی ملشۆڕانه لە بەرامبەر میدیاکانی حکومەتی یا سێبەر کە خاوەن بودجەیەکی زور و هێزی کاری پرۆفێشناڵن و لە پێوەندی لەگەڵ واقعیەتەکانی کۆمەڵگادا خۆیان نەوژەن دەکەنەوە.

بۆ پڕکردنەوە بۆشایی گەورەی نەبوونی میدیای ئازاد، نە لە ڕێگەی دامەزراندنی میدیای نەزۆک و بێ بایه‌خ، بەڵکوو پێویستە دەست بۆ هەنگاوێکی گرینتر بەرین. لە قۆناغی شۆڕشدا ئەگەری ئالۆگۆڕکردنی میدیا دەوڵەتیی و سێبەرەکانی رژیم بۆ میدیاگەلێکی خەڵکی نزیک لە شۆرا تێپەڕێنەرەکانی شۆڕش ئیمکانی هەیە و خەڵک دەتوانێت لە ڕێگەی شۆراکانی گوزارەوە کەسی شیاو و باوەرپێکراوی خۆی لە میدیاکان دابنێت کە بە پێ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا هەلسووکەوت بکات. لە پرۆسەی شۆڕشدا دەسەڵاتداران لە بانده‌ستیی بەسەر میدیا دەوڵەتییەکان چک دەبن و ئەرکی ئەو میدیاگەلە لە سیاسەتی گەوجاندن و ترس و سه‌قامگیر كردنی حاکمیەتی ئەوان بۆ بەرپرسیارەتیێکی رەوشەنگەرانە و گەشەی ئاگاهی گشتی و شۆڕشگێڕانە گوزار دەکات کە بە هەمان رێکارگەل کە پێشتر ئاماژەمان پێدان جێبەجێ دەکرێت.

 

وتەی کۆتایی

لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەک کە لەم ڕێبازگەلەوە تێپەڕیت و کۆڵەکەکانی لەسەر ئەو بنەمایانەی ناومان هێنا بونیاد بنرێت، ئەتوانێ بە سانایی بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد، دیموکراتیک و بەرابەر هەنگاو بنێت کە لەسەر بنەمای بەرابەری ڕەگەزی و چینایەتی و بە ڕویکردێکی ئیکۆلۆژیک بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەکردنی کۆمەڵگای مرۆیی کە لە چوارچیوەی کۆیلەی کرێگرتە و ڕەگەزی  خۆی بەرێکخستن کردووە کار بکەین.

گوزار لە نەزمی هەنووکەیی لە ڕێگەی شۆڕشی نەرم بە بەرزترین بەهاکانی مەدەنیەت لەم دوورنەمایەوە بە دەرەنجام دەگات کە مودێڕنیتەیەکی دیموکراتیک بەدەر لە داگیرکاری و سەرکوت و ده‌ست تێوه‌رده‌ریی ناوەندەکانی حکومەت لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بە دەست دەکەوێت و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان تا ئاستێک بڵیند دەکات کە تاکێکی باوەڕمەند لە ژینگه‌گەلی جیاوازی کۆمەڵایەتی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی ڕەقەم بدات. نموونەیەک لەم شێوە بەڕیوەبەرییە لە رۆژئاوای کوردستان خۆی دەرخستوە، سیستەمێک کە لە سەرەتای دامەزرانی بە هێرشە دڕندانەکانی فاشیزمی ئیسلامی هەوڵی لەناوبردنی درا، لێ بە شەڕێکی دلێرانە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قارەمانانە توانی لە بەرامبەر هێرشەکانی نەزمی جیهانی سەرمایە کە خۆی لەپشت دەمامکی داعش حەشار دابوو، بەرخوەدانی بکات و ئەساسی کۆمەڵگاکەی لەسەر کۆڵەکەگەلێکی قاییم بەنا بکات کە پێگەی تاک و ئێتنیسیتە جیاوازەکانی تێدا گەرەنتی کرابێت.

بێگومان شۆڕشی رۆژئاوا و نەمانی دەسەڵاتی ڕژیم بە شێوازێکی نەرم، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەتوانرێت مێتود و تاکتیکەکانی بەهەند وەربگیردرێت و بکرێتە مژاری لێکۆڵینەوە بۆ گوزار بۆ سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. شۆڕشگێرانی کۆمەڵگای ئێمە ئەتوانن مێکانیزمەکانی گوزار لە سیستەمێکی تۆتالیتەری سانتراڵیستی هەنووکەیی لە ئێران بۆ سیستەمێکی کۆنفێدراتیڤی بەدوور لە داگیرکاری، بە شێوازێکی بەباندۆرتر بەرەو پێش ببەن و بە ئەندازیاری کردنی شۆڕشێکی نوێ کە لەسەر لنگی خۆی بێت، مزگێنی دامەزراندنی وڵاتێک لەسەر بنەمای ئازادی و بەرابەری کۆمەڵگا و نەتەوەکانیان پێ بێت. بە تایبەت بۆ کۆمەڵگای ئێران و کوردستان کە خاوەن تاروپۆیه‌كی کۆمەڵایەتی مووزاییکوارە  ئەم مودێلە لە بەڕێوەبەری کۆمەڵگا ئەتوانێت دەلاقەیەک بکاتەوە بەڕووی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و توانا کە ببێت بە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ بەدیهاتنی ئینقلابی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزراندنی کۆنفێدراسیۆنی  گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

 

 

 

[1] Authoritism، یان شه‌یدا و خولیای ده‌سه‌ڵات بوون هه‌تا ئاستی زیانبه‌خش به‌ كۆمه‌ڵگا و تاكی دیكه‌

[2] Profitism، یان هۆگری و شه‌یدایی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوری هه‌تا ئاستێك كه‌ سوود له‌ رێگای كاری كه‌سانی دیكه‌ به‌رهه‌م بێت

[3] Sexism، هۆگری چێژی سێكسی هه‌یا ئاستێك كه‌ ره‌گه‌زه‌كان به‌ ئامێری چێژی جنسیی یان ژنسییه‌تی ئه‌وان وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوود و ده‌سه‌ڵات سه‌یت بكرێت

[4] Elements، عنصر

[5] نیازمه‌ند

[6] مێتافیزیك

[7] سوء استفاده

[8] ئێکۆسیسته‌م

[9] دیسێنتراڵیزاسیۆن

[10] دۆخێكی پێگه‌یشتووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ روودانی شۆڕش له‌ دژی سیسته‌می ده‌سه‌لاتداریی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا.‌

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان