هەنگاونان بەسەر چیمەنەكەدا

هەنگاونان بەسەر چیمەنەكەدا

لەیادی 100 ساڵەى شۆڕشی ئەڵمانیادا

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

 

دەروازە

چەندین نوكتە هەن باس لەوە دەكەن كە ئەڵمانەكان هەرگیز ناتوانن شۆڕش بەرپا بكەن، یەكێك لە نوكتەكان دەڵێت: “ئەڵمانەكان ناتوانن شۆڕش بەرپا بكەن، چونكە شۆڕشگێڕان دەبێت بەسەر چیمەنەكاندا بڕۆن؟”. نوكتەیەكی دیكە دەڵێت: “ئەڵمانەكان بۆیە ناتوانن شۆڕش هەڵبگیرسێنن، چونكە چوونە ناو چیمەنی پەرلەمان (بوندستاگ) قەدەغەیە”، نوكتەیەكی دیكە كە دراوتە پاڵ لینین و لەناو شەقامی ئەڵمانیدا زۆر باوە، بەڵام لەڕاستیدا، لەوە ناچێت هەرگیز لینین قسەیەكی وای كردبێت و لەهیچ بەڵگەنامەیەكیشدا تۆمار نەكراوە و سەرەڕای ئەوەش، بەڕوانین لە هەلومەرجی ئەوكاتی هاتوچۆی گشتیی و مردنی زووی لینین، ئەم دانەپاڵە بەتاڵ دەبێتەوە؛ بەڵام بەهەرحاڵ نوكتەكە دەڵێت: “ئەڵمانەكان بۆیە ناتوانن شۆڕش بكەن، چونكە كاتێك دەیانەوێت بچن وێستگەى قیتارێك بگرن، سەرەتا دەچن تكتی قیتاڕ دەكڕن”. سەرەڕای ئەمانە، ڕێك سەد ساڵ پێش ئێستا شۆڕش لە ئەڵمانیا هەڵگیرسا، بزووتنەوەى كرێكاریی ڕژایە شەقامەوە هەم بۆ خستنی دەسەڵاتی قەیسەر و هەمیش سەرمایەداران. لە 9ی نۆڤەمبەری 1918، مانگرتنی گشتیی لە بەرلین دەستیپێكرد و پاشان بە ناوچەكانی دیكەدا بڵاوبووەوە.

بۆرژوازیی ئەڵمانیی هەمیشە ئاراستەیەكی دووڕووی هەبووە بەرانبەر بە شۆڕشی نۆڤەمبەری 1918. لەكاتێكدا ئەو شۆڕشە دەریخست كە جەنگ، دەسەڵاتی فەرماندە باڵا سەربازییەكان و پاشایەتیی دەبوو كۆتایی پێبێت، لەهەمانكاتدا، ئەوە شۆڕشێكیش بوو لەنیوەى ڕێگا وەستا. ئەمەش بووە هۆى سەرهەڵدانی كۆماری ڤایمار و دەستووری بۆرژوا دیموكراتیی كە نە بۆرژوازیی ناوخۆیی، نە كۆنەپارێزە پاشایەتیخوازەكان و نە كرێكارانی شۆڕشگێڕیش دەیانویست. بەڵام ئەم كۆمارە بەرهەمی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتیی شكستخواردوو بوو.

بۆیە، پێویست بە سەرسامبوون ناكات كە سۆسیال دیموكراسیی خێرا لەژێرناوی “پاراستنی كۆمار”دا هاوپەیمانیی لەگەڵ دژەشۆڕشگێڕەكان بەست، هەمان ئەو دژەشۆڕشگێڕانەى دواتر بناغەى نازیزمیان دانا.

نیشانە سەرەتاییەكانی شۆڕشەكە بە هەڵسانی كەشتیوانان لە شاری كیل و سەربازانی بەرەكانی جەنگ دەستیپێكرد و بە مانگرتنی گشتیی لە بەرلین بووە سەرهەڵدانی مەشخەڵی شۆڕش، هەروەها چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن و خەباتی كرێكاران لە سەرەتای 1917ـەوە دەستیپێكردبوو. لە تەفسیر و لێكدانەوەى سۆسیال دیموكراتیی و لیبراڵەكاندا، پاڵنەر و ئامانجەكانی چینی كرێكار، سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەكان، بەرنامەیەكی لەبنچینەدا بێ ئومێدانەی كەمینەیەك بوو. بەڵام ئایا بەڕاست شۆڕشەكە و ئامانج و پاڵنەرەكانی پشتەوەى چی بوون؟

هەر لە 1890ـەوە بزووتنەوەى كرێكاریی ئەڵمانیی چەندین ڕێپێوان و مانگرتنی گەورەى لە ڕۆژی 1ی ئایاردا ڕێكدەخست. لە 1915 شتێكی ئەوتۆ ڕووینەدا، و هیچ پلانێكیش بۆ 1916 لەئارادا نەبوو. مافی خۆپیشاندان كرابووە قوربانیی “ئاشتی و ئاساییشی مەدەنیی” و لەنێوان دەسەڵاتدارە میلیتارییەكان و بیرۆكراسییەكانی یەكێتیی كرێكارییدا ڕێككەوتن ئەنجامدرابوو. ئیمپریالیزم و جەنگیش پاساوێكی دیكەى گەورە بوون. لەم كورتە نووسینەدا دەرفەتی ئەوەم نییە لەسەر كۆی ڕووداوەكان، پێشینەكان و دیبەیت و مشتومڕە تیۆرییەكانی ناو ئەنتەرناسیۆنال و پارتەكانی دیكە بدوێم، بەڵام هەوڵدەدەم هێڵە سەرەكییەكانی شۆڕشەكە دیاریبكەم. بەهیوای ئەوەى لەداهاتوودا دەرفەتی گونجاوتر بۆ ئاوڕدانەوە لەو مێژووە گرنگە بێتەئاراوە، كە بێگومان دەبێتە وانەیەكی گرنگیش بۆ شۆڕشگێڕانی ئەمڕۆ.

 

ئیمپریالیزم، جەنگ و چینی كرێكاری ئەڵمانیی

جەنگی یەكەمی جیهان بەئاسانی كارەكتەر و خەسڵەتی سەردەمی ئیمپریالیستیی پێوەبوو و ئەم خەسڵەتەش بەئاسانی دەركەوت. ئەم جەنگە، دەكرێت بڵێین، یەكەم جەنگی جەماوەریی پیشەسازیی بوو، دەرەنجامی چەكە پێشكەوتووەكان، كۆڵۆنییەكان و خەباتی نێوان قۆرخكارەكان و دەوڵەت نەتەوەكان بوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕی جیهانیی. لەكاتێكدا ملیۆنان كەس بەهۆى نەبوونیی و دەرمانەوە كەم ئەندام دەبوون، جەماوەری برسیی لەهەڵكشانی ملیۆنیی دابوو، سگهەڵگوشین گەیشتبووە دواڕادە، كەچی جەنگی كریدیتەكان و بانك و مۆنۆپۆلیستەكان ئەم وێرانكارییەى سێ بەرابەر بەرزكردەوە. ئەم ڕاستییەى جەنگ، سەرهەڵدانی كاولكاریی و بەدبەختیی، بەتەنها بۆ دەرەوەى ئەڵمانیا نەبوو، بەڵكو لەسەرووی هەموویەوە “ناوخۆی وڵاتەكەشی” كاولكردبوو، هەروەها وادەردەكەوت هەموو “فەرمانی سەربازیی” بەهێز، لەسەر لم بونیاد نرابێت. لەكاتێكدا ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزم كاریگەریی لەسەر بەشێكی گەورەى پرۆلیتاریا و جووتیاری ئەوروپا لە 1914 دانابوو، ئەزموونی جەنگ ئەم وشیارییەى هەژاند و بەشێكی گەورەشی لەناو برد.

ئەنتەرناسیۆنالی دوو (1889-1914) تەسلیمی شەپۆلی شۆڤینیزمی نەتەوەیی لەكۆنتڕۆڵ دەرچوو ببوو لە ئابی 1914دا. بڕیارنامەكانى كۆنگرەى ئەنتەرناسیۆنال لە شتوتگارت (1907)، كۆپنهاگن (1910)، و بازل (1912) بە بەردەوامیی ئەوەی دووبارە كردبووەوە كە هەنگاوی قورس دژی ڕوودانی جەنگ دەگرنە بەر، بەڵام كاتێك ڕووبەڕووی كارەساتەكە بوونەوە، بێتوانابوون لەهەر جۆرە كردەوەیەك. بەپێچەوانەوە، پارتە ڕابەرەكانی سۆسیال دیموكراسیی لە ئەوروپا و ئەنتەرناسیۆنالدا بوونە “بەرگریكارانی نیشتمانی باوك”، بوونە لایەنگرانی چالاكی “ئاشتیی كۆمەڵایەتیی” و یەكێتیی موقەدەس لە ماوەى جەنگدا.

بەرژەوەندییەكانی جەماوەر و خەباتی چینایەتیی لەهەر كەرتێكی سەرەكیدا، جگە لە ڕووسیا و سڕبیا، كرانە قوربانیی ئامێر و چەك و تەقەمەنییەكانی جەنگ و بەرژەوەندییەكانی ڕژێمە ئیمپریالیستییەكەى خۆیان. نەیارانی جەنگ، وەك بەلشەڤییەكان لەڕووسیا یان باڵی چەپی نزیك و دەوروبەری ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لەناو سۆسیال دیموكراسیی ئەڵمانیا، پارتی كاری سەربەخۆ لە بڕیتانیا، كەمینەیەكی بچووكیان پێكهێنا، كە خۆی لەلایەكەوە لەنێوان ئەنتەرناسیۆنالیستە شۆڕشگێڕەكاندا دابەشببوو و لەلاكەى دیكەوە هێزە ئاشتیخوازەكان یان ئەو هێزانە هەبوون كە بەدوای ئاشتبوونەوە لەگەڵ سۆسیال دیموكراسییدا دەگەڕان. بۆیە ئیمپریالیزم پێشتر لە دەستپێكی جەنگدا جەژنی سەركەوتنی گێڕابوو، واتا لەناوبردنی ئەنتەرناسیۆنال سەركەوتنی سەرەكیی و یەكەمی ئیمپریالیزم بوو. هەركە جەنگ دەستیپێكرد گەلێك لەدەستدان و زیانی گەورەى بەدوای خۆیدا هێنا. ئابڵوقەى هێزی دەریایی بڕیتانیا و جەنگی ژێردەریایی ئەڵمانیا برسێتییەكی گەورەى بۆ ناوخۆ هێنا، لەگەڵیدا ڕەتكردنەوەی ئیمپریالیزم و جەنگ هەڵكشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. پاڵنەرە گەورە و زەحمەتەكانی بەرهەمهێنان لەسەر هێزی كار، هەڵگرتنی مافە دیموكراتییەكان، حەواڵەكردنی “كێشەسازەكان” بۆ بەرەكانی جەنگ، بەشێكی ژیانی ڕۆژانەى چینی كرێكاری ئەڵمانیی بوون. سەرجەمی بەرهەمهێنان خرابووە خزمەتی هەوڵ و كەرەستەى جەنگییەوە. بەڵام كرێكاران بەشێوەیەكی فراوان ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی جەنگ ڕاپەڕین، بۆ نموونە، لەبەرلین مانگرتنێكی جەماوەریی لە پیشەسازیی چەك لە كانوونی دووەمی 1918دا ڕوویدا. لەكاتێكدا هەلومەرجەكانی ژیانی چینی كرێكار و هەروەها جوتیاران و بەشە دیارەكانی وردەبۆرژوازیی شاریی بەشێوەیەكی بەرچاو و فراوان وێرانتر ببوو، سەرمایەى گەورە و خاوەندارێتیی زەویی گەورە هەمیشە بەدوای بەرهەمهێنانی قازانجی گەورەترەوە بوون.

بۆ زۆرینەى گەورەى دانیشتووان، جەنگ مانای شەڕێكی دەستەویەخەى ڕۆژانە بوو بۆ پەیداكردنی نان، خەڵوز و مووچە، لەكاتێكدا خاوەن زەوییە گەورەكان و سەرمایەدارەكان لەڕێگای بەرزكردنەوەى نرخی بەرهەمەكانی خەڵكی هەژار و كرێكارەوە، بەردەوام لە دەوڵەمەندبووندا بوون. داهاتی ڕاستەقینە 40% دابەزی، بڕی بەكاربردنی كالۆری لە ڕۆژدا لە 3400 لە دەستپێكی جەنگدا دابەزی 1000 لە 1917دا. لە هەمانكاتدا، ڕێساكانی تەندروستیی و سەلامەتیی بەرزكرانەوە، كاری ڕۆژ بەرزبووەوە بۆ 14 سەعات و تەنانەت 17 سەعات لە ڕۆژدا. نەك تەنها چینی كرێكار و جووتیاران كەوتنە ناو كارەسات و بەدبەختییەوە، بەڵكو هەروەها داهاتەكانی چینی ناوەڕاستی خوێندوو (خزمەتكارانی كەرتی مەدەنیی، كارمەندان) بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزین.

لەهەمانكاتدا، قازانجەكانی كۆمپانیا گەورەكان هەڵدەكشا. 16 گرنگترین كۆمپانیاكانی ئاسن و كانی خەڵوز لەتوانایاندا بوو قازانجەكانیان لە 1917دا بۆ بڕی 800% بەرز بكەنەوە. وەك ڕۆزا لۆكسمبۆرگ باسی دەكات “قازانجی پشكەكان هەڵدەكشێن و پرۆلیتاریاش دادەكشێت”. ئەم بەرەوپێشچوونانە خاڵێكی وەرچەرخانی كۆمەڵایەتیی بۆ ڕاپەڕینی پرۆلیتاریی خوڵقاند. لەڕوانگەى سیاسییەوە، سەرگەردانیی و ڕادیكاڵیزەبوونی جەماوەر لە هەمانكاتدا، دواجار لەدابەشبوونی پارتی سۆسیال دیموكراتدا ڕەنگی دایەوە. لە 1916، پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا، دوای دەركردنی ئەو ئەندامانەى سۆسیال دیموكراسیی لە ڕایشتاگ، كە دەنگیان بە كریدیتەكانی جەنگ نەدابوو، لە 1917 ئەندامەكانیان گەیشتە 120 هەزار ئەندام بەراورد بە 240 هەزار ئەندامی چواردەوری فریدریش ئێبەرتی پارتی سۆسیال دیموكرات.

“گروپی ئەنتەرناسیۆنال” لەچواردەوری كاڕڵ لیبكنیشت و ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لە 1914 دامەزرابوو، بەڵام تا 1916 وەك گروپێكی چالاك لەناو سۆسیال دیموكراتدا مابووەوە. گروپەكە، كە بە كۆمەڵەى سپارتاكوس ناسرا، هاوشان لەگەڵ “چەپە ڕادیكاڵەكان”ی دیكە، پێشڕەوایەتیی چالاك، و دوژمنایەتیی شۆڕشگێڕانەى جەنگی گرتەبەر. ئەمانە بوونە هۆى مانگرتنی گشتیی لە بەرلین كە پاشان شۆڕشی لێكەوتەوە.

 

سەرهەڵدانی كۆمەڵەى سپارتاكوس

بەر لەدەستپێكردنی، ڕوون و ڕاشكاوترین ڕوانگەى شۆڕش و هەروەها پرسیاری دەبێت چی بكرێت، لە ڕێكخەرانی ئەو گروپەوە هات كە لەدەوری ڕۆزا لۆكسمبۆرگ كۆببوونەوە. بەدرێژایی جەنگ ئەوان تۆڕێكی ڕادیكاڵیان لەڕێگای بڵاوكردنەوەى جۆرنالێك بەناوی دی ئەنتەرناتسیۆنالە دامەزراند و هەروەها ناردن و بڵاوكردنەوەى چەندین نامەى پڕوپاگەندەیی ژێرزەمینیی، كە تەنها ئیمزای “سپارتاكوس”ی بەسەرەوە بوو.

لەژێر ڕابەرایەتیی ڕۆزا لۆكسمبۆرگی درەوشاوە و هەورەبروسكە و كاڕڵ لیبكنیشتی بێ ئەندازە جەماوەریی، ئەم گروپە لەڕێگای لێدانی توند لەڕابەرایەتیی پارتی سۆسیال دیموكرات خۆی جیاكردەوە، واتا لەو پارتە جیابووەوە كە پشتیوانیی جەنگی گەورەى كردبوو و گروپەكە دەستیكرد بە شیكاریی ئەو پرسیارەى كە بەشێوەیەكی كارەساتبار سۆسیال دیموكراسیی بەرەو كوێ ملی ناوە. جەوهەری پەیامەكەیان بەدرێژایی جەنگ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى ڕۆڵی جەماوەری كرێكاران بوو لەناو تیۆر و پراكتیكی سۆسیالیستیدا.

بۆ پارتی سۆسیال دیموكرات، ئەم جەماوەرەى كرێكارانی ئاسایی پێویست بوو وە پارێزەر خزمەتكار بن، پشتیوانیی لە گوێگرانی پاسیڤی سیاسەتە پەرلەمانتارییەكە بكەن، ببنە كۆكەرەوانی دەنگ كە دەكرا جار و بار ڕووبدات، ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە هەڵبژێردراوان دەرببڕن. بەپێچەوانەوە، گروپی سپارتاكوس جەختی لەسەر كردەى دەستەجەمعیی كرێكارانی پشت بەخۆبەستوو دەكردەوە، وەك مانگرتنە جەماوەرییەكان. ئەوان هەمیشە لە نامەكانیاندا جەختیان لەم ڕستەیە دەكردەوە: “تەنها یەك ڕزگاركەری پرۆلیتاریا بوونی هەیە: ئەویش پرۆلیتاریا خۆیەتی”. پێداگریی و جەختكردنەوەكانیان لەسەر خۆپیشاندانەكانی شەقام و خێرایی لە بانگهێشتكردن بۆ كردەی ڕادیكاڵ، ئەوانی بردە ناو ململانێ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شۆڕشگێڕیی بازاڕ (واتا یەكێتییە كرێكارییەكان) لەسەرەتای دەستپێكردی شۆڕشدا كردەوە.

ئەگەرچی ڕابەرانی سۆسیال دیموكرات هەوڵیاندابوو سەری هەر ڕاپەڕینێك بپەڕێنن، بەرەبەیانی شۆڕش هەمیشە بە ئاماژەكردن بۆ فیلیپ شایدەمان، ڕابەری سۆسیال دیموكرات دیاریدەكرێت كە لە پەنجەرەى ڕایشتاگەوە كۆماری ئەڵمانیای ڕاگەیاندبوو. بەڵام دووەم ڕاگەیاندن لە 9ی نۆڤەمبەرەوە، كاڕل لیبكنیش ئاراستەى قەرباڵغییەكەى كرد: “هاوڕێیان من كۆماری ئەڵمانیای سۆسیالیستیی ئازاد ڕادەگەیەنم، كە هەموو ئەڵمانەكان لەخۆدەگرێت، لەم كۆمارەدا كەس چیتر خزمەتكار نابێت، هەر كرێكارێك دروست بەرانبەر بەكارەكەى كرێیەكی دروست وەردەگرێت. پاشایەتیی سەرمایەداریی، كە ئەوروپای خستۆتە ناو ئاگر و خوێنەوە، تێكدەشكێت”.

لەساتی شۆڕشدا، گروپی سپارتاكوس یەك تا دوو هەزار ئەندامی هەبوو، تۆڕێكی چالاكوانانی چینی كرێكار، ڕابەرانی لاوان، و ڕۆشنبیران، كە چالاكیان لەناو پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا دەكرد. سەرەڕای بچووكیان لە قەبارەدا، هەموو توێژە چالاكەكانی ئەندامانی ئەم پارتە، بە یەكێتییە كرێكارییە سەربەخۆكەشەوە، باوەڕیان بە شیكارییەكانیان لەسەر هەلومەرجەكە هەبوو، ئەگەرچی هەمیشە دەرەنجامە ستراتیژییەكانیان لەگەڵ یەكتردا بەش نەدەكرد.

 

كەوتنی پاشایەتیی و كۆتایی جەنگ

ئەو هەلومەرجانەى لەسەرەوە باسكران، هەروەها ئەو ڕابەرایەتییە تازەى سەریهەڵدا، بووە هۆى ئەوەى لە لە 9ی نۆڤەمبەری 1918، ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن پرۆلیتاریای بەرلینەوە پاشایەتیی قەیسەر ڤیلهێلمی دووەم لەناوبەرێت و كۆتایی بەجەنگ بهێنێت. بنەماڵەى هۆهنتسۆلەن نزیكەى 500 ساڵ دەبوو حوكمڕانیی بەرلین، پروسیا و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیای كردبوو. ڕۆژنامەنووسێكی بەرەى بۆرژوازیی شۆڕشی وەك داڕمان و كەوتنێكی لەناكاو وەسفكردبوو: ڕۆژی دواتر، تیۆدۆر ڤۆڵف دەنووسێت كە پێش ڕاپەڕینەكە “پێدەچوو ڕێكخراوێكی میلیتاریی گەورە هەموو شتێك لەباوەش بگرێت، لە ئیدارە گشتییەكان و وەزارەتەكاندا بیرۆكراسیەتێكی بەڕادەیەك توند سەریهەڵدا. بەرەبەیانی دوێنێ هەموو شتەكان هێشتا لەشوێنی خۆیان بوون… دوانیوەڕۆی دوێنێ هیچ شتێك نەمابووەوە”. كەچی شۆڕش شتێكی لەناكاو نەبوو وەك دەردەكەوێت: ڕۆژ بەڕۆژ بەهۆى ناكۆكییە ڕوولەگەشەكانی ناوەوەى سەرمایەداریی ئەڵمانیی بۆ چەندین دەیە، دەتەقییەوە.

ئەمڕۆ، شۆڕشی نۆڤەمبەر بەفراوانیی لەبیركراوە. وەك دەگوترێت شۆڕشە شكستخواردووەكان زوو فەرامۆش دەكرێن. زۆرینەى خەڵكی ئەڵمانیا ئاگایان لە زاراوەكانی وەك “شۆڕشی ئەڵمانیی” یان “جەنگی ناوخۆیی ئەڵمانیی” نییە. كەچی ڕووداوەكانی كۆتایی 1918 و 1919 خاڵێكی وەرچەرخان بوون نەك تەنها لە ئەوروپای ناوەندیی، بەڵكو لەكۆی مێژووی مرۆڤایەتیدا. بۆ نموونە، شۆڕشەكە كۆتایی بە پاشایەتیی هێنا، كۆتایی بەجەنگ هێنا، ئەو كۆمارە دیموكراتییەى ئەمڕۆ لیبراڵەكان و سۆسیال دیموكراتەكان و تەنانەت بەشێكی زۆری كۆنزەرڤاتیڤەكانیش وەك نموونەى دیموكراسیی ئەوروپا سەیری دەكەن، بەهۆى شۆڕشەوە بەدیهات، بەڵام مخابن هەمان ئەو هێزانەى هاووپەیمانیان لەگەڵ هێزە دژەشۆڕشگێڕەكاندا كرد، شۆڕشیان لەناوبرد، و تۆوەكانی نازیزم لەناو ئەو هێزانەوە چەكەرەى كرد، كە ئەوروپا و جیهانیشی لەگەڵ خۆیدا بردە ناو ئاگر و خوێنەوە. وەك واڵتەر بنیامین دەڵێت: “فاشیزم، دەرەنجامی شكستی شۆڕش بوو”. بەڵێ، یادەوەریی مێژوویی ئەڵمانەكان، ئەم چەمكانەى لەبیركردووە، كاتێك مێژووی ئەڵمانیا دەنووسرێتەوە بەشانازییەوە باس لە سەرهەڵدانی كۆماری دیموكراتیی ڤایمار دەكرێت، بەڵام هەرگیز باسی هۆكارەكانی ناكرێت، چی بوونە هۆى كۆتایی جەنگ و كەوتنی پاشایەتیی خاوەن ئاگر و ئاسن؟ وشەى شۆڕش، لە میمۆری ئینسانی ئەمڕۆ دەرهێنراوە و سەرهەڵدانی كۆمارەكەش، بەدەستێكی غەیبی و نادیار سپێردراوە.

 

شۆڕش بەردەوام دەبێت

ڕوودانی شۆڕشی نۆڤەمبەر ماوەیەكی زۆر بوو نیشانەكانی دەركەوتبوون، و ئەوەش نەك تەنها لە فۆرمی ناڕەزایەتیی جەماوەریی و شەكەتبوونی چینی كرێكار و دانیشتووان بەدەست جەنگەوە. لە نیسانی 1917، شەپۆلێكی مانگرتنەكان خواستی بەرزكردنەوەى بڕی نان و خۆراكیان كردبوو. لە كانوونی دووەمی 1918، مانگرتنێكی سیاسیی جەماوەریی لەلایەن ستیواردە شۆڕشگێڕەكان (ئەنجوومەنە كرێكارییە سەربەخۆكان) ڕێكخرا، بەتایبەت لە كارگە چەكسازییەكانی بەرلین، و سەرتاپای وڵاتی هەژاند. ئەو مانگرتنەى دووەم، لەژێر هەلومەرجێكی نایاساییدا ڕێكخرا، نەك تەنها خواستی كۆمەڵایەتیی بەڵكو خواستە سیاسییەكانی وەك ئاشتیی دەمودەست بەبێ هیچ مەرجێكیان بەرزكردەوە یان داوای هەڵگرتنی دۆخی نائاسایی سەردەمی جەنگیان كرد. تەنانەت لەڕێگای ئەم خەباتەوە كۆتاییان بەناردنی زیاتری خەڵك بۆ بەرەكانی جەنگ هێنا، ئیدی وردە وردە نیشانە و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕیی ڕوونتر دەبووەوە.

لەهەمانكاتدا، ئەوەش ڕوون بوو كە ڕایشی ئەڵمانیی و هاوپەیمانەكانی نەیاندەتوانی جەنگەكە ببەنەوە. مانگرتنەكانی كانوونی دووەم لە نەمسا ئەوەى دەرخست ئیپمراتۆریەتی هابسبۆرگی هاوپەیمان لەناوەوە ڕووی لەتەقینەوە و هەڵوەشان بوو. سەرەڕای ئاشتی سەپێنراوی برێست-لیتۆڤسك، كە مانای داگیركردنی ئۆكرانیای دەبەخشیی لەلایەن ئەڵمانیاوە، شۆڕشی ڕووسیی هەڕەشەى بڵاوبوونەوەى بە خۆرئاوای ئەوروپادا دەكرد.

بەڵام فەرماندەیى باڵای سوپا، واتا ناوەندی ڕاستەقینە و فیعلیی دەسەڵات بەدرێژایی جەنگ، قەیسەر و شازادەكانی تەنها وەك دیمەنێكی ڕازاوە بەكاردەهێنا، و دواجار دەستیكرد بە پروپاگەندە بۆ زۆرینەى پەرلەمانیی پارتی پێشڕەو، پارتی سەنتەر و سۆسیال دیموكراتەكان، لەم ڕێگایەوە دەیویست بەهەر نرخێك بێت خۆى بەدەستەوە نەدات. بەڵام لە سێپتێمبەری 1918، ئەریش لودندۆرف، بەرپرسی ستراتیژیی-سیاسیی ڕابەرایەتیی سوپا و كۆنەپارێزی ئەڵمانیی، ناچاربوو بە داننان بەوەى كە چیتر ناكرێت بەر بە شكست بگیرێت، بەڵام بڕیارێك دەركرا تا دڵنیایی بدات كە “شەرمەزار”ی ئاشتییەكی كاتیی و هەلومەرجە ئاشتییە كوشندەكانی هەموو هاوپەیمانان، دەبێت لەلایەن حكومەتێكی مەدەنییەوە قبوڵ بكرێت. فەرماندەیی باڵای سوپا و لودندۆرف پشتیوانییان لەم پێشنیارە كرد، و بانگی پارتی سۆسیال دیموكراتیان كرد حكومەت پێكبهێنێت كە پاشان بووە خاوەن شانازییەكی گوماناویی بۆ دانووستان لەسەر ئاشتیی كاتی كە بۆ ئەمەش نەیدەتوانی خۆی لە “بەرپرسیارێتی”یەكە بدزێتەوە. دواتر ئەمە بووە بنەما بۆ ئەفسانەى “خەنجەر لە پشتدان”، كە بەم پێیە سوپا لە مەیدانەكەدا بووە هێزێكی لەشكست بەدەر و بەجۆرێك مایەوە كە پەرلەمانتاران، “مەدەنییەكان” و سۆسیال دیموكراتەكان نەیاندەتوانی پشتی تێبكەن، چونكە هەر پشت تێكردنێك، ترسی خەنجەر لەپشتدانی بەدواوە بوو.

لەڕاستیدا، بۆ سۆسیال دیموكرات قورسبوو هیچ شتێك بەرانبەر بە سەرمایەداریی ئەڵمانیی بكات. دوو لە ڕابەرە دیارەكانی سۆسیال دیموكراسیی، فردریش ئێبەرت و فیلیپ شایدەمان، بەباشیی ئاگایان لەوە بوو كە نەك تەنها جەنگ و پاشایەتیی كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو ڕووداوەكان چواردەوری ئەوانیش بتەنێت وەك چۆن ئەوان چواردەوری قەیسەر و شازادەكانیان تەنی.

 

بڵاوبوونەوەى شۆڕش

ڕاپەڕینی كەشتیوانانی ڤیلهێلمشافن و كیل لە 3-11ی نۆڤەمبەر و فراوانبوونی شۆڕش بە سەرجەمی وڵاتدا تەنها لەمیانەى چەند ڕۆژێكدا، ئەوەى دەرخست ئەو ترسەى سوپا و بەرەكانی دیكە لە سپاردنی حكومەت و پێكهێنانی زۆرینەى پەرلەمانیی بە سۆسیال دیموكراتەكان دەرخست. سەربازان چیتر نەیاندەویست ئاگر و ئاسن بگرنە جەماوەر و كرێكارانی خۆپیشاندەر و بۆیە شۆڕش سەرجەمی شارەكانی گرتەوە. سەربازان، كەشتیوانان و كرێكاران ئەنجوومەنەكانی نوێنەرایەتیی خۆیان لەسەر فۆرم و تەقلیدكردنەوەى سۆڤێتەكانی كرێكارانی ڕووسیا پێكهێنا. كە پاشان بە بۆیەكەمجار زاراوەى كۆماری دیموكراتیی شوراكان (Räterepublik oder Rätedemokratie) هاتە ناو زمانی ئەڵمانییەوە.

ڕابەرایەتیی سۆسیال دیموكراتی نزیك لە ئێبەرت و شایدەمان دەیانزانی ناتوانن كۆنتڕۆڵی بناغە جەماوەرییەكەیان بكەن و لەهەمانكاتدا شۆڕش لەڕیشە هەڵبكێشن، كاتێكیش ئەم دوو ڕابەرە “ئیعتباری شۆڕشگێڕیی”یان بەخۆیان بەخشیی، بۆ ئەوە بوو هەوڵیاندا خۆیان بخەنە سەرووی بزووتنەوەى شوراییەوە. حكومەت لەماوەیەكی كەمدا ناچاربوو دەسەڵاتی حكومەتیی بەناوی شوراكان یان ئەنجوومەنەكانەوە پیادە بكات دەنا هەڕەشەى لەدەستچوونی دەسەڵاتەكەى لەلایەن جەماوەرەوە لەئارادا بوو. بۆیە سۆسیال دیموكرات لەژێر فشاردا بوو بۆ خەبات و تێكۆشان یان ڕێكخستنی زۆرینە بەناوی ئەنجوومەنەكانی كرێكاران و سەربازان. لەبەرئەوە ڕابەرانی بەشێوەیەكی زۆر وریایانە مانۆڕیان كرد بۆ ڕاكێشانی پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا بۆ ناو هاوپەیمانیی لەپێناوی هەبوونی دڵنیایی لەلایەن بەرەى چەپەوە. پاشان تەنانەت كاڕڵ لیبكنیشتیشیان بانگهێشت كرد بۆ بەشداریكردن، بەڵام بێگومان ئەو ڕەتیكردەوە، بەباشی دەیزانی حكومەتی سۆسیال دیموكرات چی لەهەگبەدایە و بەتەمای چییە. لە ئەنجوومەن و شوراكاندا سۆسیال دیموكرات پشتی بە زۆرینەى خۆى لە دەزگاكانی یەكێتییە كرێكارییەكان و لەڕووی سیاسییەوە سەربازانی دواكەوتوو بەستبوو.

پاشان هەموو شارەكانی دیكە چوونە پاڵی ڕووداوەكانەوە، ئەو ڕووداوانەى لە بەرلین ڕوویاندابوو. شوراكان دەسەڵاتی ڕەسمییان وەرگرت، بەشێوەیەكی پراكتیكی وەك كۆمیتەى سۆسیال دیموكرات و پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا. بۆیە سۆسیال دیموكرات لەناوەڕاستی نۆڤەمبەری 1918دا گەیشت یەكەم سەركەوتنە سیاسییەكانی خۆی. ئەم هەڵوێستە دەسەڵاتی خۆى لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەى شورای ڕایش یەكخست، كە لە 16ی دیسەمبەردا بەسترا. لە 489 نوێنەر، 405 نوێنەری كرێكاران و 48 نوێنەری ئەنجوومەنی سەربازان، 288یان ئەندامانی سۆسیال دیموكرات و 90یان ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا بە 10 ئەندامی كۆمەڵەى سپارتاكوسیشەوە. نە لیبكنیشت و نە ڕۆزا لۆكسمبۆرگ هەڵنەبژێردران و تەنانەت مافی قسەكردنیشیان لێسەندرایەوە.

 

شكستی شۆڕش

بە تێگەیشتن لەم هەلومەرجە، سپارتاكیستەكان بڕیاریاندا چیتر لەناو پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆى ئەڵمانیادا نەمێننەوە. بۆیە لە یەكەم ڕۆژی ساڵی 1919 پارتی كۆمۆنیستی ئەڵمانیا دامەزرا، بەرنامەى حزبەكە لەلایەن ڕۆزا لۆكسمبۆرگەوە نووسرا و لە سەرەتادا لاواز بوو و كەموكورتیی پێوە دیاربوو، و تەنها توانی 10 هەزار ئەندام بەدەست بهێنێت. هەڵەكانی بەرنامە، تێنەگەیشتن لە بارودۆخەكە، و ئاراسەكردنی هەلومەرجە شۆڕشگێڕییە، و دەستپێشخەری بەتایبەت كاڕڵ لیبكنیشت لە ڕووداوەكان، پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی دوور و درێژ هەیە، تەنانەت پارتەكە حەفتەیەك پێش ئەوەى بكەوێتە ناو خەباتی شۆڕشگێڕییەوە، هێشتا بەرنامەى سیاسیی خۆی نەناساندبوو. بەڵام لەلایەكی دیكەوە، هەركە شۆڕشگێڕان پارتی نوێیان دامەزران، سۆسیال دیموكراتەكان، دەستیانكرد بە كۆكردنەوەى پەیكەرەكانی سوپا بۆ بەرگریكردن لە “نەزم و ڕێسای كۆمار”. دوای ئەوەى ئاشتیی لە 11ی نۆڤەمبەر ڕاگەیەنرابوو، سوپاكان توێنرابوونەوە. پاشان فرایكۆرپس، ئەو سوپایەى بووە پشتیوانیی سەرەكیی هیتلەر لەداهاتوودا، سوپایەكی كۆنەپارێزی دژەبەلشەڤیی، ئەركی لەناوبردنی شۆڕشەكەى پێسپێردرا و ڕۆزا و كاڕڵ لە 15ی كانوونی دووەمی 1919 گیران و تیرۆر كران و خرانە ڕووبارێكەوە لە بەرلین. ئەگەرچی شۆڕش هەر بەردەوام بوو، بەئاسانیی دانەمركایەوە.

 

 

سەرچاوەكان

  1. Chris Harman, The Lost Revolution; Germany 1918 – 1923, Haymarket Books, London and Chicago, 2011.
  2. Pierre Broué, The German Revolution, 1917-1923, translated by John Archer, Historical Materialism, Brill, Leiden and Boston, 2005.
  3. John Rose, Luxemburg, Müller and the Berlin workers’ and soldiers’ councils, http://isj.org.uk/luxemburg-muller-and-the-berlin-councils/
  4. Sebastian Haffner, Der Verrat, Verlag 1900 Berlin, 2005.
  5. Ralf Hoffrogge, Richard Müller: der Mann hinter der Novemberrevolution, Karl Dietz Verlag Berlin GmbH 2008.

 

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان