کارل پۆپەر؛ سێگۆشەى تیۆری نیۆلیبرالیزم

کارل پۆپەر؛ سێگۆشەى تیۆری نیۆلیبرالیزم

بەشی یەكەم: كارڵ پۆپەر و سەرهەڵدانی نیۆلیبراڵیزم

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

 

 

لەڕاستیدا هەموو ڕەخنەگرانی ماركسیزم كارل پۆپەر (1902-1994) لەڕێگای كتێبی “كۆمەڵگای كراوە و دوژمنانی”یەوە(وەرگێڕانی بۆ كوردیی: ئیدریس شێخ شەرەفی) دەناسن. بەڵام بەپێچەوانەوە، كارڵ پۆپەر پێگەیەكی دیاری لەناو فەلسەفەى زانستدا هەیە، هەردوو كتێبی “دۆزینەوەى لۆژیكی زانستی و كێشە بنچینەییەكانی تیۆری مەعریفە” لە دۆزینەوە زانستییەكانی كارڵ پۆپەرن، كە تیۆری مەعریفەى باوی ناو مێژووی زانست و فەلسەفە لێكشیتاڵ دەكات، ئەگەرچی پۆپەر ڕووبەڕووی گەلێك ڕەخنەى توند كراوەتەوە لەناو هەندێك لەخوێندكارانی و بواری تیۆری مەعریفەوە، بەڵام ئەوەى جێگای باسە ئەوەیە، كە لە دونیای سیاسەت و سەردەمی جەنگی سارددا كتێبی “كۆمەڵگای كراوە و دوژمنانی” (1945) بووە مانیفێستی نەیارانی بلۆكی شەرق و تەنانەت لەلایەن هەردوو ڕاوێژكارانی گشتیی ئەڵمانیا، یەكێكیان ڕاوێژكاری گشتیی سۆسیال دیموكراتەكان، هێلموت شمیت، و ئەویدیكەیان هێلموت كوهل، سەر بە كۆنەپارێزان، و چەندان سەرۆكی دیكە و ڕاوێژكارانی ئەمریكی و بریتانیی كاڕڵ پۆپەریان وەك فەیلەسوفی “كۆمەڵگای كراوە” ستایشكردووە.

پۆپەر كتێبەكەى بۆ ئەوە تەرخان كردووە بڵێت چۆن دوژمنانی “كۆمەڵگای كراوە”، ئەفلاتون، هێگڵ و ماركس بەدرێژایی 2000 ساڵ هەوڵیانداوە تاك تێكبشكێنن و كۆمەڵگایەكی داخراو و تۆتالیتار دابمەزرێنن. بۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە كاتێك ستالینیزم دەكەوێت، پۆپەر لەنێوان ڕۆشنبیرانی ڕووسی و ئەوروپای شەرقی، هەموو ئەوانەى كاریگەر بوون بە بازاڕی ئازاد و خەباتیان بۆ كرد، ببێت بە یەكێك لە خۆشەویستترین دەموچاوەكان لەپاڵ میلتۆن فریدمەن و فرەدریش فۆن هایك. هەر بەڕاشكاوی مەبەستی پۆپەر لە “كۆمەڵگای كراوە”، بریتی بوو لە كۆمەڵگا مۆدێرنە سەرمایە سالارە لیبراڵەكان و بازاڕی ئازاد. تەنانەت پۆپەر لە چاوپێكەوتنێكیدا ستایشی سیستەمی بازاڕی ئەمریكی وەك پێشكەوتووترین سیستەم و دیموكراسیترین سیستەم دەكات و نایشارێتەوە كە كۆمەڵگای كراوە هەمان كۆمەڵگای ئەمریكییە بە بونیادە سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانییەوە. بەڵام ڕیشەى ئەم بۆچوونەى پۆپەر لەكوێوە هاتووە؟ پێش ئەوەى باسی تیۆری مەعریفەى پۆپەر بكەین، پێمباشە سەرەتایەك باسی كورتەمێژووی سەرهەڵدانی ئەم تیۆرە بكەم، كە لە سێكوچكەى كاڕڵ پۆپەر-میڵتۆن فریدمەن-فرەدریش فۆن هایك پێكهاتبوون و لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهاندا، ئەم سێكوچكەیە بڕیاری دامەزراندنی تیۆری ئابووریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبراڵیزمیان دا. پاشان لەم نووسینەدا لەسەر دوو تەوەری دیكە دەوەستم كە بریتین لە “تیۆری مەعریفەى كاڕڵ پۆپەر و گیروگرفتەكانی و هەروەها بانگەشەكەى دەرحەق بە حەتمییەتیبوونی تیۆری مێژوویی ماركس و تۆمەتباركردنی بە مێژووگەرایی”، بە بەڵگەوە ڕەتی دەكەمەوە بۆچی ماركس هەرگیز خاوەن بانگەشەیەكی لەم چەشنە نەبووە و نییە و بۆچی ماركس پێشبینی مێژووی نەكردووە و بۆچی تۆمەتەكانی پۆپەر هیچ بنەمایەكی زانستیان نییە. بەڵام وەك باسمكرد سەرەتا باس لە كۆمەڵگای كراوە دەكەم لەدیدگای ئەم سێكچوكەیەدا، ئەگەرچی كاڕڵ فۆن میزس یەكێكی دیكەیە لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕەوتە بەڵام كەمتر نفوزی تیۆرەكانی دەبینرێت.

هەربۆیە خراپ نییە ئەگەر پرسیار لە نەریتە تیۆرییەكەى و ئەو هێڵە سەرەكییانە بكەین كە لە كۆتاییەكانی دەیەى حەفتا سەرەتا لە ئەمریكا –ڕۆنالد ڕەیگان- و بریتانیا –مارگارێت تاچەر-و پاشان لە چین –دینگ شیاۆپینگ- بەسەر سیاسەت و ئابووریدا باڵادەست بوون و هەروەها پاشان بوونە گوتاری خاوەن نفوز و هەژمووی دەوڵەتە ئەوروپییەكانی خۆرئاوا و ئەمریكای باكوور و دامەزراوە ئابوورییە گەورەكان و دامەزراوە داراییە جیهانییەكان. دەتوانین وەڵامێكی سادە بدەینەوە: ئەنجومەنی مۆن پلەرین ڕێكراوێكی نێودەوڵەتییە و پێكهاتووە لە ئابووریناسان، فەیلەسوفان، مێژوونووسان و بەڕێوەبەرانی بزنسە گەورەكان و لایەنگرانی دیكەى تیۆری بازاڕی ئازاد و نیۆلیبراڵیزم. دامەزرێنەرە سەرەكییەكانیان لەسەرەتادا بریتیبوون لە: فرەدریش فۆن هایك، كاڕڵ پۆپەر، لودڤیك فۆن میزس، جۆرج ستیگلەر و میڵتۆن فریدمەن. ئەم ئەنجوومەنە لە 10ی نیسانی 1947، لە كۆنفرانسێكدا كە فرەدریش هایك ڕێكیخستبوو، لەلایەن 39 لێكۆڵەرەوە دامەزرا. سەرەتا بڕیاربوو ناوی ئەنجوومەنەكە ئاكتۆن-تۆكڤیل بێت، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتیی فرانك نایت و  پێشنیاری لودڤیك فۆن میزس، ناوی شوێنی بەستنی كۆنفرانسەكە، كە لە سویسرا هەڵكەوتووە، بووە ناوی ڕێكخراوەكە و لە ئەساسدا لەئابووریدا ئەمانە لەنێو دڵی قوتابخانەى ئابووریی نەمساوە سەریانهەڵدابوو.

پرسیارەكە لەڕووی مێژووییەوە ئەمەیە بۆچی ئەم ڕێكخراوە دروستكرا، بەتایبەت لەگەرمەى شەڕی سارددا؟ بۆچی هەر لەو سەروبەندانەدا بوو هەردوو كتێبە دیارەكەى كاڕڵ پۆپەر “كۆمەڵگای كراوە و دوژمنانی” و كتێبەكەى لودڤیك فۆن میزس “عەقڵییەتی دژەسەرمایەداریی” نووسران و لەلایەن زۆرینەى سیاسەتمەدارانی بۆرژوازیی و ڕۆشنبیرانی وردەبۆرژوازیی، گەورەترین پروپاگەندە بۆ ئەم كتێبانە كرا؟ حەقی خۆیەتی پێش چوونە ناو باسەكە باسی قۆناغێكی مێژوویی نیۆلیبراڵیزم و ئیمپریالیزم بكەین كە لەو قۆناغەدا بەناوی كۆمەكی دەرەكیی وەك تاكتیكێك دژی ئەو نەتەوانە بەكارهات كە خەباتیان بۆ ڕزگاربوون لەژێر چنگی كۆڵۆنیالیزم دەكرد. ئەلفرێدۆ سەعد فیلهۆ و دیبۆرا جۆنستۆن لە كتێبەكەیاندا بەناوی “خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بۆ نیۆلیبراڵیزم” ئەم قۆناغەى كۆمەكی دەرەكیی دارایی بە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیكردنی بڵاوبوونەوەى كۆمۆنیزم ناو دەبەن كە من بەكورتیی باسی دەكەم، وەك پێشەكییەكی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی ئەم ئەنجوومەنە و پاشان پشتیوانیكردنیان لەلایەن دەوڵەتە گەورە سەرمایەدارەكانەوە بەتایبەت كە لەم ئەنجوومەنەدا زۆرینەیان خەڵاتی نۆبڵی ئابووریان پێدراوە.

بەپێی بۆچوونی ڤۆڵفگانگ زاكس (1992) و هاوكارەكانی، گەشەكردن لە كۆتاییەكانی دەیەی 1940 وەك فۆرمێكی ئیمپریالیزم “داهێنرا” بۆ ئەوەى پەیوەندیی نوێی هەیمەنە و دەسەڵات بەسەر خەڵكی وڵاتانی جۆراوجۆردا بسەپێنێت، واتا بەسەر ئەو خەڵكانەدا كە خەباتیان بۆ ڕزگاربوون لەژێر چنگی كۆڵۆنیالیزم دەكرد. خودی ئایدیای “گەشەكردن” بەگشتی بەدوای بەرنامەى “چوار خاڵ”ی پەیوەست بە كۆمەكی گەشەكردنی ئەوبەری دەریاكان (ODA)دا هات كە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا هاری ترومەن لە 10ی كانوونی دووەمی 1949دا داڕێژرا. بەڵام لە فۆرمە چەند ڕەهەندییەكەیدا دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژە سەرمایەگوزاریی پێكراوەكان لە شیللیی 1948 و لە بەڕازیل و مەكسیك لە ساڵەكانی دواتردا بەهۆى بانكی نێونەتەوەیی بۆ بونیادنانەوە و گەشەپێدان (IBRD)[1]ـیەوە (كە دواتر بە بانكی جیهانیی ناسرا). بانكی جیهانیی، پشتیوانیی ڕێكخراوی بێرتۆن وودزە. سیستەمی وودز بۆ زیندووكردنەوەى فۆرمی جیهانیی گەشەكردنی سەرمایەداریی و پرۆسەى بازرگانیی نێونەتەوەیی داهێنراوە.

بە وردبوونەوە لە ڕۆڵ و وەزیفەى ODA، دەبینین كە ئەمریكا ڕێنیشاندەر و سەرپەرشتیاریی سەرەكی و ڕەئیسیی بووە و تێبینییە ستراتیژیی و جیۆپۆلەتیكییەكانی سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكا باوترین و بەرچاوترین خاڵگەلێك بوون لە دروستبوونی ئەم جۆرە سیاسەتەدا. ئەم تێبینییانە بەشێوەیەكی بەرچاو لێكۆڵینەوەیان لەسەر كرا. لە سەرەتادا، مشتومڕی سیاسیی دەربارەى پیادەكردنە شیمانەییەكانی كۆمەكی دەرەكیی هاتبووە ئاراوە. بابەتە سەرەكییەكە بە باشترین شێوە ئاماژەى بە دابینكردنی بەرژەوەندییە ستراتیژیی و جیۆپۆلەتیكییە بەرفراوانەكانی ئەمریكا كردبوو. بەتایبەت، باس و مشتومڕێك هاتە ئاراوە لەسەر ئەوەى كە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نییە گەشەپێدانی ئابووریی لە ناوچە دواكەوتووەكانی جیهاندا فراوان بكات و هەنگاوە نراوەكانیش بۆ گرتنەوەى وڵاتانی گەشەنەكردوو لە بلۆكی خۆرئاواییدا ناواقیعبینانە بووە و هیچ سوودێكی بۆ ئەمریكا تێدا نەبووە. بەڵام دیدگای باو و گشتیی ئەوە بوو كە ODA مۆدێلێكی گونجاوە بۆ بەرزكرنەوەی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیكییەكانی ئەمریكا (بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى كۆمۆنیزم) بەبێ ئەوەى هیچ زیانێك بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەم وڵاتە بگەیەنێت.

بەڵام یەكێكی دیكەش لە بەربەستەكان، بەتەنها ئەو شتە نەبوو كە غەرب پێیدەگوت كۆمۆنیزم، بەڵكو تیۆری كینز و كینزیزم بوو لە ئابووریی دەوڵەتیدا. كینز لە سەروبەندی قەیرانی گەورەى ئابووریی دەیەى 1930 هاتە مەیدانەكەوە. ئەویش دەیبینی كە سەرمایەداریی دەتوانێت ئەمجۆرە قەیرانانە بخوڵقێنێت كە خەڵك لەگەڵ خاك و خۆڵدا یەكسان دەكات. بەڵام وەنەبێ كینز دژی سەرمایەداریی بووبێت، بەپێچەوانەوە، كینز خۆى دەربارەى بەرژەوەندییەكانی چینی سەرمایەدارانە بە شێوەیەكی ڕاشكاوانە دەڵێت: “خەباتی چینایەتی من دەخاتە بەرەى بۆرژوازیی خوێندەوارەوە”. ئەو بە ئاشكرا نەیاری سۆسیالیزم، بەلشەڤیزم و شۆڕشی ڕووسیا بوو و ڕاوێژكارێكی ئابووری و ئەندامی هەمیشەیی حزبی لیبڕاڵ، حزبی كلاسیكی سەرمایەداریی ئینگلتەرای سەدەى 19 و سەرەتاكانی سەدەى 20 بوو.

كینز وەك هەموو ڕەمزە ئابووریی و سیاسییەكان، بەرهەمی سەردەمی خۆى، بەرهەمی هەلومەرجە مێژوویی و ماتریالییە دیاریكراوەكان بوو. نوێنەرانی پێشووی ئابووریی سیاسیی بۆرژوازیی وەك ئادەم سمیس و دەیڤد ڕیكاردۆ بەرهەمی ئەو سەرمایەدارییە بوون كە هێشتا بەشێوەیەكی تەواو گەشەی نەكردبوو و هێشتا دەیویست ڕۆڵێكی پێشكەوتووخواز بگێڕێت.

بەڵام لە بەرانبەردا تەنانەت یەكەم مەرجی ئەم ئەنجوومەنە، كە پاشان بوونە هەوادار و بەرگریكاری دەست لەسەر سینەى نیۆلیبرالیزم لە تیۆر و پراكتیكدا، بریتی بوو لە: نەفیكردنی دەستێوەردانی دەوڵەتیی و بەرگریكردن لە باڵادەستیی و هەیمەنەى بێ ڕكابەری بازاڕی ئازاد. ئابووریی سیاسیی نیۆلیبراڵیزم كارەكەى خۆى بە بەرگریكردن لە بازاڕی ئازاد دەستپێكرد. پێیانوابوو بازاڕی ئازاد نەزمێكی خۆڕسكە، واتا نەزمی باڵادەست بەسەریدا بەرهەمی هیچ پلان و نەخشە و بەرنامەیەك نییە و خۆبەخۆ و خۆڕسك، لەمیانەى ئاوێتەبوونی ئەكتە بەرانبەرەكانی چالاكوانانی عەقڵانیی و ئازادەوە دروست دەبێت كە هەریەكەیان بەدوای ئامانجی خۆیان دەكەون و بیر لە سەرەنجامی خۆیان دەكەنەوە. میكانیزمێكی سروشتیی بازاڕ بەڕێوە دەبات كە مەیلی بۆ هاوسەنگیی هەیە و لەكۆتاییشدا لەمیانەى ڕێكخستنی خواست و خستنەڕووەوە بەم هاوسەنگییە دەگات. بەڵام ئەم هاوسەنگییە بەپێچەوانەى تێگەیشتنی ئابووریی سیاسیی كلاسیكەوە وەستاو نییە و پەیوەندیی بە داهێنان و ڕێسكەكان و لەپێشدانانە گۆڕاوەكانی تاكەكانەوە بەدرێژایی زەمەن هەیە. بۆیە توانا و كارایی بازاڕیش ڕیشەى لەم پەیوەندییەدا هەیە. داواكاریی هەرە سەرەكیش لەم ئایدیۆلۆژیایەدا ئەوەیە دەبێت كۆنتڕۆڵی هەموو كاروبارەكان بە پەیوەندیی تاك و فەردە تایبەتەكان لە بازاڕدا بسپێردرێت تا لەمیانەى میكانیزمە خۆڕسكە سروشتییەكانەوە بە هاوسەنگییەكی دینامیك و نەوەستاو بگەن. هەر فۆرمێكی دەستێوەردانی دەوڵەت كە هەوڵبدات لە پرۆسەى بازاڕدا – چ بەناوی كۆنتڕۆڵی داكشانەوە و هەڵاوسان یان بەرهەمهێنانی كارپێدان و بۆ پشتیوانیكردن لە خەڵكی بەشمەینەت و دامەزراندنی خۆشگوزەرانییەوە بێت – تەداخول بكات دەبێتە هۆی تێكدانی نەزمی بازاڕی ئازاد و وەك كاڕڵ پۆپەر پێیوایە ئەمە هەنگاوی یەكەمە لە دروستكردنی كۆمەڵگای داخراو و هەنگاونان بەرەو كۆمەڵگای داخراو و دووركەوتنەوە لە كۆمەڵگای داخراو. بۆیە دەبێت بە موتڵەقی دەوڵەت لە بازاڕ دووربخرێتەوە. لەئەساسدا دەوڵەت دەبێت تەنها خەریكی كاری ئاساییش و چەترێكی ئەمین بێت بۆ پاراستنی بازاڕ و بزنس، و پاراستنی مافی بانكەرەكان و پاراستنی پرۆسەى كاری بانكیی و بزنس، كە ئەمە گەرەنتیی ئازادییە فەردییەكان دەكات و دەوڵەت هیچ وەزیفەیەكی دیكەى نییە، بەڵام ئەگەر سەیر بكەین لەگەڵ قەیرانەكانی 2007ی بانكەكان، هەموو بانكەكان پەنایان بردەوە بەر دەوڵەت بۆ دوو هۆ: یەك، پاراستنیان لە ئیفلاس و مایەپووچیی دەوڵەت پارەى پێدان و پاشان پاراستنیان لەدەستی كرێكارانی ناڕازی. كەواتە تیۆری نیۆلیبراڵیزم كە پاشتر بۆ چارەسەری قەیران باسی دەكەم، لە قەیرانی قوڵدایە. تا ئێرە دەبێت پۆپەر نەك تەنها دژی ماركس، بەڵكو كینزیش بێت، بەڵام لەبەر ئەوەى كینز هێشتا لەبەرەى پاراستنی سەرمایەدارییە، ئەوا كارڵ پۆپەر ناوی ئەو ناهێنێت.

بەڵام لەگەڵ قەیرانی دەیەى شەست و حەفتا، لەناكاو جیهانی سەرمایەداریی دووبارە لە ساڵانی نێوان 1973 و 1976 و 1980 و 1982 تووشی شۆك بوو. حكومەتەكان هەوڵیاندا هەمان ڕەچەتە و دەرمانە پێشنیازكراوەكانی كینز بەكاربهێنن – بەڵام بینییان ئەم ڕەچەتانە چیتر وەڵامی قەیرانەكە نادەنەوە. بۆیە سێكوچكەى نیۆلیبراڵیزم (هایك، فریدمەن، پۆپەر) و لە ئابووریشدا فریدمەن لەناكاو بوون بە دەموچاوێكی دیار و بانگەشەى ئەوەیان كرد سەرمایەداریی دەبێت لە دەستی تەداخولی دەوڵەت “ڕزگار” بكرێت؛ دەبێت دەوڵەمەندان ئازاد بن كە دەوڵەمەندتر بن؛ و دەبێت كۆتایی بە هەرجۆرە هەوڵێك بۆ نەهێشتنی بێكاریی بهێنرێت.

بۆ ئابووریناسان، ئەمە پەیامێكی مەحبوب بوو. ئەوان دەیانگوت قەیرانی دەیەى 1930 بەهۆی تەداخولنەكردنی دەوڵەتەوەیە كەچی ئێستا تەداخولی دەوڵەت بە بەرپرسی قەیرانە تازەكان دەبینن.  بیروباوەڕەكانی فریدمەن و پۆپەر و هایك و بەدیاریكراوی فریدمەن وەك ڕاوێژكارێكی گەورەى ئابووریی ڕۆناڵد ڕەیگان، سەرەتا لە شیللی 1973 پیادە كرا. پاش كودەتای میلیتاریی وەحشیگەرایانە بە سەركردایەتیی ژەنەڕاڵ پینۆشە كە بووە هۆى مردنی هەزاران كەس و لەناوچوونی بزووتنەوەى كرێكاریی.

ئێستا دەمەوێت ئەم پارادۆكسەی نیۆلیبراڵیزم دەربخەم بۆ چارەسەری قەیران، كە خۆى هەم بەرهەمهێنەری قەیرانە، هەم دروستكردنی كارەساتە. نموونەیەك لەسەر كرێ دەهێنمەوە.

زۆرێك پێیانوایە كە ئابووریی نیۆلیبراڵیی یان ئەوەى بە سیاسەتی سگهەڵگوشین ناوی دەركردووە، چارەسەری قەیرانەكان و كردنەوەى كۆمەڵگای كراوە و ئازادیی فەردیی كە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی، چونكە هۆكارێكی سەرەكیی لەڕوانگەى نیۆلیبرالیستەكانەوە بۆ قەیرانی دارایی ئەمڕۆ، بریتییە لەوەى مادام ڕێژەى قازانج دابەزیوە (كە سەرمایەگوزاریی و كەڵەكەكردنی سەرمایە دەوەستێنێت)، ئەوا دەبێت لەگەڵیدا كرێش داببەزێت بۆ ئەوەى ڕێژەیەكی بگەڕێتەوە سەر ڕێژەى قازانج تا سەرمایەگوزاریی بەگەڕ بخرێتەوە، بەڵام كینزییەكان دەڵێن ئەگەر كرێ داببەزێت كەواتە خواست بۆ كاڵاش دادەبەزێت، كە خواست دابەزی، خستنەڕوو و بەرهەمهێنانیش كەم دەبێتەوە، كە ئەمەش ڕوویدا، كەواتە زیادەى بەرهەمهێنان دەوەستێت، وەستانی زیادەى بەرهەمهێنانیش بریتییە لە مەیلی دابەزینی بڕی قازانج و ئەمەش وەك ماركس دەڵێت: سەرهەڵدانی قەیرانی سەرمایەداریی. بەداخەوە، نیۆلیبراڵیزم نەك ڕێگا چارە نییە، بەڵكو خۆى كارەساتەكەیە. بۆچی؟ لەبەر ئەوە ئەگەرچی دەكرێت دابەزینی كرێ (چونكە ئەم تیۆرە پێیوایە ئەگەر كرێی كرێكار كەم بكرێـتەوە و بخرێتە سەر بڕی قازانج و سەرمایەى جێگیر، قەیران چارەسەر دەبێت)، ببێتە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى قازانج، بەڵام لەهەمانكاتدا لەبەر ئەوەى ڕێژەى كرێ دەسەڵاتی كڕینی كرێكاران پیشان دەدات، دابەزینی ئەم ڕێژەیە دەبێتە هۆى ئەوەى كاڵا بەرهەمهێنراوەكان نەفرۆشرێن و زیادەبەها ڕوونەدات. لەم دۆخەدا، ئەوەى ئەگەری هەیە ڕووبدات – و ئابووریی جیهان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە قەیرانی دارایی 2008ـەوە پێیەوە دیارە – لەوەدایە كە زیادە لەبری سەرمایەگوزاریكردن لە كەرتی بەرهەمهێنەری ئابوورییدا بەرەو كەرتی ڕانتویستی ئابووریی – واتا كەرتی دارایی و سەوداگەریی (مامەڵە) دەچێت. و لێرەوەیە لەڕاستیدا كار وێران دەبێت. واتا پرۆسەى كار لە پرۆسەى بەرهەمهێنانی بەها لەنێو ئابووریی سەرمایداریدا دەسڕدرێتەوە. هەڵبەت ئەگەرێكی دیكەیش هەیە و ئەویش ئەوەیە كە زیادە دەكرێت لە وڵاتانی دیكەشدا سەرمایەگوزاریی پێبكرێت. و ئەمەش ئەو شتەیە تا ئێستا بینیومانە. لەم حاڵەتەشدا سەرمایە بەگشتی بۆ وڵاتێكی دیكە دەبرێت كە تیایدا ڕێژەى كرێ نزم بێت و بەمجۆرە ئەگەرچی گرفتارییەكە بەڕادەیەك داببەزێت و كەم ببێتەوە – مەیلی دابەزینی ڕێژەى قازانج بەئەگەرێكەوە دەوەستێت – بەڵام كێشە و گرفتارییەكی گەورەتر – واتا بەدیهاتنی بەها لەو كاڵایانەدا كە بە كاری هەرزان بەرهەمدەهێنرێت، هێشتا هەر دەمێنێتەوە.

بەڵام كێشەى دیارتری سیاسەتی سگهەڵگویشینی ئابووریی كە ئەمڕۆ لە زۆرینەى وڵاتانی سەرمایەداریدا بەگەڕخراوە، دەكرێت بەم شێوازەى خوارەوەش لێكبدرێتەوە.

یەكەم، لە هەموو ئەو وڵاتانەى ئەم سیاسەتەیان پیادەكردووە ڕووبەڕوی كورتهێنانی بودجە و هەڵكشانی قەرزی دەوڵەت دەبینەوە. بۆ كەمكردنەوەى كورتهێنانی بودجە و كەمبوونەوەى ڕێژەى قەرز لەلایەكەوە تێچوونە دەوڵەتییەكانیان دابەزاندووە و لەلایەكی دیكەوە ڕێژەى باجەكانیان بەشكڵ و شێوازی جۆراوجۆر بەرز كردۆتەوە. ئەنجامی ئەم سیاسەتەش بەمجۆرە بووە:

  1. دابەزینی ڕێژەى گەشەى ئابووریی.
  2. هەڵكشانی ڕێژەى بێكاریی
  3. بەردەوامی مەیلی دابەزینی ڕێژەى قازانج لە ئابووریدا (ئەمەش واتا قەیرانی ناكۆتا و ئەبەدیی)

لەئابووریی سەرمایەداریی غەربدا كە سیستەمی خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتییان هەبووە و تێچوونی بیمەى بێكاریی و هاریكارییە داراییەكانی دیكە هەن ئەنجامی ئەم بارودۆخە بەم چەشنە كەوتۆتەوە:

  1. كەمكردنەوەى داهاتی دەوڵەت لە سەرچاوەكانی گومرگ و باجەكان
  2. هەڵكشانی تێچوونەكانی خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتیی – بەهۆى هەڵكشانی ڕێژەى بێكاریی.

بە وردبوونەوە لە بەردەوامیی كورتهێنانی بودجە و بۆ بەڕێوەبردنی قەرزی دەوڵەت، دەوڵەتەكان ناچارن هێشتا بە فرۆشتنی بۆند و گرێبەستەكان لە بازاڕە داراییەكان قەرز وەربگرن و كاتێك ئەم كۆمەڵەیە ڕەچاو كرا، دەبینن كە لە ژمارەى ئەم كۆمەڵگایانەى ئەم سیاسەتەى سگهەڵگوشینی ئابوورییان گرتووەتە بەر لەبری ئەوەى ڕێژەى كورتهێنان كەمتر ببێتەوە، كەچی بووەتە هۆى زیاتر و هەڵكشانی كورتهێنانی بودجە (لێرەدا، نموونەى یۆنان و تەنانەت بریتانیاش زۆر نزیكە و عێڕاق لەم دۆخەدایە ئێستا). لەلایەكی دیكەوە بەڵگەنامە بەردەستەكان دەریدەخەن لە زۆربەى بوارەكاندا ئەو تێچوونە كۆمەڵایەتییانەى دادەبەزێنرێن لە ئاستی سەرەكیی تێچوونە بەرهەمهێنەرە دەوڵەتییەكانە (تێچوونەكانی پەروەردە و لێكۆڵینەوە و تەندروستیی و هتد) و ئەنجامی ئەمەش ئەگەر هێزی بەرهەمهێنانی ئابووریی بەگشتیی دانەبەزێت، هیچ هەڵكشانێك بەخۆیەوە نابینێت و قەیرانی هەمیشەیی سەرمایەداریی بەم هۆیەوە، بەردەوام لەبەردەممانە و لێرەوە دەردەكەوێت كە هەرگیز ئەم سیستەمە ناتوانێت لە قەیران ڕزگاریی بێت و هەردوو مۆدێلی كینزیی و نیۆلیبڕاڵیی، زیاتر قەیران قوڵدەكەنەوە.

لەكۆتاییدا دەمەوێت باسی ئەو خاڵەش بكەم، كە لە تیۆری نیۆلیبراڵیزمدا بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و بەنیۆلیبراڵیكردنی زیاتری وڵاتان هەمیشە سێ پێشنیار خراوەتە بەردەستی دەوڵەتە ئیمپریالیستەكان: 1) لەڕێگای ئایدیۆلۆژییەوە و قبوڵكردنی نیۆلیبراڵیزم وەك وڵاتانی ئەمریكا، بریتانیا، چین، ئەڵمانیا (بەتایبەت ئەوەى ئەڵمانیا لە ساڵی 1998 لەسەر دەستی سۆسیال دیموكراتەكان ڕوویدا، گەورەترین كارەساتی بۆ كرێكاری ئەم وڵاتە هێنا) و وڵاتی دیكە، 2) لەڕێگای كارەساتی سروشتییەوە، وەك ئەندەنوسیا و سریلانكا و هایتی و هتد، 3) لەڕێگای جەنگەوە، وەك كودەتای سەربازیی پینۆشە لە شیللی لە ساڵی 1973 دژی سەلڤادۆر ئالەندە كە قەسابخانەیان بۆ خەڵك دانا، عێڕاق و هتد. ئێستاش ئەم جەنگە لە دونیادا بەڕێوەدەبرێت.

بەكورتیی، ئەم بەشەى وتارەكەم بەوە كۆتایی پێدەهێنم كە بڵێم مەبەستی كارڵ پۆپەر لە كۆمەڵگای كراوە چییە و چۆن سەریهەڵدا و ئەمڕۆ دەرەنجامی تیۆرەكانیان بەكوێ گەیشتووە و چۆن دەڕوانێتە گەشەى تاكەكان و كۆمەڵگا و مەسەلەكەش بۆ لەبنەڕەتەوە كۆمەڵگای كراوە بەمانای بازاڕی ئازاد دێت. لەبەشەكانی دیكەدا لەسەر تیۆری مەعریفە و گرفتەكانی و دیدگای پۆپەر بۆ مێژووگەرایی و حەتمییەتی مێژوویی لای كاڕڵ ماركس دەوەستم.

 

 

 

 

 

[1] International Bank for Reconstruction and Development

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان