زمانبڕین؛ لە پەراوێزی زمانی کڵێشەدا

زمانبڕین؛ لە پەراوێزی زمانی کڵێشەدا

ئامادەیی زمانبڕین هیچ کە نیشاندەری جۆرێکە لە ئەشکەنجە، ئاماژەشە بۆ ئەم راستییەی کە زمانداریی هەمیشە بابەتی سەرکوت و سیاسەت بووە.

زمان پانتای هەرەهاوبەشیانەی مرۆڤە، هەرێمی توانستی پەتی و شوێنی بوونبەی هەمیشەییە. زمان تاقە توانستێکە قابیلی گرتن و موڵکاندن نییە، بەڵێنی رەهای ئەگەر و داهێنان و رووداوی هەمیشەییە، بە جۆرێک هەر ئەمەش دەیکاتە هاوبەشیترین سامانی مرۆڤ. گرنگیی زمان تا ئەو رادەیە بوو کە ببێتە لایەنی جیاکەرەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرانی دیکە، وەک رستە بە ناوبانگەکە دەڵێ “ مرۆڤ زیندەوەرێکی ئاخێوەرە”. بەڵام ئەم راستییەی کە خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی دیکە زمانە، دەکرێ پەرەبدرێت و بڵێین مرۆڤ گیانلەبەرێکی زماندارە، واتە راستیی هەرە هاوبەشیی مرۆڤ زماندارییە. ئەم هێز یان توانستە رووتە تایبەتمەندیی هەموو زمانە مرۆییەکانە و تایبەت نییە بە هیچ زمانێک، هەر بە پێی ئەم توانستەشە کە بندەستان دەتوانن زمانی سەردەستان فێر ببن و دژی دۆخی ستەم و بندەستیی بەکاری بێنن. بەم مانا، ئەم توانستەی زمان وادەکات کە زمان نەکرێتە موڵک و نەگیرێت و بۆ هەمیشە لە پانتای کەرەستە بێمەبەستەکان یان توانستی رەهادا بمێنێتەوە، هەر ئەمەش زمان دەکاتە تەواوترین شێوەی کۆمۆنیسم.

راستیی زمانداریی و ئامادەیی زمان وەک هەرێمی توانستی رووت، هاوکات زمان دەکاتە مەترسی لەسەر دوژمنانی ئەم توانستە رووتە و کۆی ئەوانەی ئەرکێکی ئاسمانی یان مێژوویی پێشتر دیاریکراو بۆ مرۆڤ و زمان قاییلن یان بەنیازن لە قاڵبی بدەن یان زمان و دەسەڵات لێک گرێبدەن. ئەگەر سیاسەت لە کۆنەوە کردنی فۆرمە بە بەر ژیاندا، بنچینەی زمانیدارییش بەدەر نییە لەمە و دەبێتە بابەتی سیاسەت. بە رێکەوتیش هەڵوێست بەرامبەر بەم توانستە چارەنووسی هەر سیاسەت و بیرێک روون دەکاتەوە.

بنچینەی زمانداریی هەمیشە بابەتی سیاسەت و قانوون بووە. چەند نموونەیەک ئەمە زیاتر روون دەکاتەوە. بۆ نموونە تا سەدەی دوانزە قانوونی رۆمی لە فەرەنسا بۆ دادگایی بەکار نایەت و کەرەستەی وەک خستنە نێو ئاوی کوڵاتوو یان پێدانی هەندێ دەرمان بۆ روونکردنەوەی راستیی قسەیەک بەکار دێت، هەر چۆن بۆ تاقیکردنەوەی راستی و ناڕاستیی قسەیەک “سوێند” دەخورا- هەمان ئەو کارەی کە سوقرات دەیکات و شەوکەران دەخواتەوە. پاش سەدەی دوانزە و هاتنی قانوون بۆ ئەرکدارکردنی مرۆڤ، قانوونی رۆمی دادەمەزرێت و لەگەڵ خۆی شانزە ئامێریش بۆ ئەشکەنجە دادەهێنێت کە هەمیشە یەکێک لەو ئامێرانە بۆ بڕینی زمان یان لاڵکردنیەتی. بۆ نموونە ئاموورێکی تایبەت هەیە بە ناوی ” ئامووری زمانکێشان” کە کارەکەی ئەوەیە زمان رابکێشێتە دەرێ و ئامادەی بکات جەللاد بیبڕێت یان لاڵی بکات.

یەکێک لەو دەقە کۆنانەی ئاماژە بە ئامادەیی زمان وەک بابەتی سیاسەت و سزا دەکات کتێبی دووهەمی مەکابێ یە کە سەدەی یەکەمی پاش هاتنی مەسیح نووسراوە و باسی چیرۆکی سەرکوتی جووەکان و پاڵەوانییەکانی یەهوودای مەکابێیە. لە بەشی حەوتی کتیبی دووهەمدا، چیرۆکی سزادانی دایكێک و حەوت کوڕەکەی لە لایەن داگیرکاری ئوورشەلیمەوە دەگێڕێتەوە. حاکم دەیەوێت مەجبووریان بکات لە گۆشتی بەراز بخۆن و ئەوان ئەمە بە لادان لە شەریعەت دەزانن. دەقەکە وەها دەگێڕێتەوە:

“یەکیان کە گەورەتر بوو. بەم جۆرە دوا: چیت دەوێ و بەتەمای چیت لە ئێمە دەست بکەوێت؟ باشترە بمرین نەک لە قانوونەکانی خودا و باوکانمان لا بدەین. شا، تووڕە بوو و فەرمانی دا سۆبە دابخەن و مەنجەڵی مەفرەقی گەرم بکەن؛ هەر کە ئەمانە گەرم بوون، فەرمانی دا زمانی ئەوەی یەکەمجار قسەی کردبوو ببڕن، پێستی سەری بگروون و بە بەرچاوی دایکی و براکانییەوە دەست و پێی ببڕن. کاتێ بەم جۆرە نوقسان کرا، فەرمانی دا بیبەنە لای ئاگرەکە و لە سەر سۆبەکە بیبرژێنن، کاتێ هیشتا گیانیشی لەبەردا مابوو؛ هەنگینێ، ئەو لەو ناوەدا ئازار دەدرا، کوڕەکانی دیکە و دایکی ورەیان دەدایە بەر خۆیان کە ئازایانە بمرن.” ئەشکەنجەکە کوڕەکانی دیکەش دەگرێتەوە. کوڕی سێهەم بەم جۆرە ئەشکەنجە دەدرێت :” پاش ئەوە سووکایەتی بە سێهەم برا کرا؛ داوای زمانیان لێکرد، کە ئەویش زوو دەریهێنا و دەستی خۆی ئازایانە هێنایە پێش (مەکابێ، ٢، ٧، ١-٤١)”.

لە ئورووپای سەدە ناوەڕاستەکاندا جۆرێکی دیکەی ئەشکەنجە هەیە بە ناوی گرێی ئیسپانی. لەم کارەدا قوڕگی کەسی کفرکەر دەبڕدرا و لە برینەکەوە زمانی دەردەکێشرا و بە قورگیدا شۆڕدەبۆوە. بۆیە ئەم ناوەیان لێنابوو. ئەم جۆرە ئەشکەنجە لە ئیسپانیا و مکزیک باو بووە 1.

سەرچاوەیەکی دیکە قانوونی تایبەت بە زمان ناو دەبات و دەڵێ: “بڕینی زمان کاتێک بوو کە تاوانەکە تۆمەتلێدان، شکاندنی پەیمان یان کفر ببوایەت. ئەو تۆمەتبارانەی بیانوێرایەت جنێو بە ئەندامانی دادگا بدەن زمانیان دەبڕدرا، هەر وەک ماددەی ٩٩، ٥٥٦ و ٦٢٠ کتێبی سزاکانی حوکمداری بروون دیاری کردبوو. لەم کاتەدا، بێبەختەکە بە زمان بە تەمووی دیوارەوە دادەکوترا و نەیدەتوانی خۆی بەربدات تا ئەو کاتەی زمانی لە قوڕاچگەوە دەردەهات 2″.

ئەگەر لە کوردستان مێژووی ئەشکەنجە نەنووسرابێتەوە، بەڵام لە زمان و ئەدەبدا دەتوانین هەندێ جۆری بدۆزینەوە. جگە لە خستنە توێی دیوار، لێدان، نافەک بڕین و هەموو ئەوە ئەشکەنجانەی لای حاکمان- خۆماڵی یان بیانی- زاڵ بووە، جۆرێکی ئەشکەنجە هەیە کە تا ئێستەش لە کردارێکی داڕێژراودا لە زمانی کوردیدا ماوەتەوە و وەک هەڕەشەش هێشتا بەکار دەهێنرێت: زمان بڕین. ئامادەیی ئەم وشەیە لە خۆڕا نییە و وشەکان هەلگری مێژوویشن، با لە ئێستەشدا ئەو مێژووە بە تەواوی وەک خۆی نەمابێت. لەسەر ئەم بوارە ئاگامبن رامانێکی جێگەی سەرنجی هەیە: ” شتێک هەیە کە نابێ هیچکات لەبیری بکەین: شیکردنەوەی رێزمانی، شیکاریی فەلەسەفی و میتافیزیکیشن. ناتوانین لە شتێک تێبگەین ئەگەر لەوە تێنەگەین کە رێزمان میتافیزیکێکی هەڵگرتووە کە لە زماندا کریسالیزە بووە .3″

ئامادەیی زمانبڕین هیچ کە نیشاندەری جۆرێکە لە ئەشکەنجە، ئاماژەشە بۆ ئەم راستییەی کە زمانداریی هەمیشە بابەتی سەرکوت و سیاسەت بووە. میتۆدی کۆن سووژەی خۆی لاڵ دەکرد یان زمانی دەبڕی و بەم جۆرە کفرکەرانی بێدەنگ دەکرد، بۆ ئەم کارە زمانی وەک ئۆرگانێکی لەش دەکردە نیشان و ئامانج، واتە خودی زمانی دەبڕی یان لاڵی دەکرد. بەڵام میتۆدی هەنووکەیی زمان بڕین جیاوازتر و ئاڵۆزترن. ئەگەر لە کۆندا حاکم بە راستەوخۆ زمانی دەبڕی، ئەمە ئیتر لە ئێستەدا جێگەی بۆ میتۆد و رێگەی دیکە چۆڵ کردووە، واتە حاکم لە ئێستەدا لە باتی زوبان، واتە هەمان ئورگانی ئاخافتن، چیدی راستیی زمانداریی و کراوەیی بێسنووری زمان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت خودی ئەو راستییە لە کار بخات کە زمان بەسەر هەمواندا کراوە بێت.

دەزانین نازییەکان جوو، کۆمۆنیست، هۆمۆسێکسوەلەکان، قەرەج و نوقسانیان وەک بێکەڵک دەناردە کەمپەکان و لەوێ قورسترین ئەزموون هی بوونەوەرێکە بە ناوی موزوولمان. موزوولمان بریتین لەو بەندییانەی کە چیدی نادوێن، نە هەست بە ئازار یان شادی دەکەن، نە تینوو دەبن، نە برسیەتی دەناسن و نە هاوار دەکەن، نە دەتوانن ناڕازی بن. ئەوان ئەو جۆرە مرۆڤەن کە دەسەڵاتی نازی دەیەویست بەرهەمی بهێنێت، بوویەکی بە رەهایی بێزمان و ئەنجامی دوایینی بیۆپۆلیتیک. با لێرەدا زمان بە راستەوخۆیی نەبڕدرابێت، بەڵام ئەو ناوەرۆکەی کە بەدیهێنەری مرۆڤە، واتە توانستی رووت کە دەرکەوتە رەبەقەکەی زمانە، سەرکوت و بێدەنگ کراوە، لە موزوڵماناندا لە بنچیەنی زمانداریی دراوە. شایەتی ئەم بەسەرهاتانەی کەمپ، پریمۆ لێڤی، بۆ شایەتییەکەی خۆی لەسەر ئاشڤیتز ناوێکی سەیر دادەنێ کە دەبڕی دۆخێکی نوێیە: ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت. پریمۆ لێڤی سەبارەت بە ئەم دۆخە نەناسراوە و ئەم بوونەوەرە تازە دەڵێ: “نەتدەتوانی پێیان بڵێیت زیندوو، نەتدەتوانی پێیان بڵێیت مردوو”. ئەمە ئەو مرۆڤە نموونەییە بوو کە نازیەکان دەیانەویست درووستی بکەن: ” کۆیەک لە جووڵەی فیزیکی و بیۆلۆژیک”. ئەم مرۆڤە بێدەنگە، چیدی زمانی نەبڕدراوە، بەڵکوو بە کردنی فۆرمێک بە بەر ژیانیدا کراوە بە “مرۆڤی مۆمی”، ” مردووی زیندوو”، “موزولمان”، کە دەرکەوتەی رەبەقی دەزگای کەمپە. مەبەستی حاکم لێرەدا لێدانە لە بنچینەی زمانداریی و مرۆڤ وەک توانستی رووت.

بەڵام کەرەستەی زمانبڕین دەکرێ زمان خۆیشی بێت، کاتێ دەکرێتە کەرەستەی سیاسەت و دەبێتە کڵێشە و لە توانست بەتاڵ دەکرێتەوە و دژی خۆی بەکار دەهێنرێت. ئەوەی کە گۆبێلز و زمانبڕە هاوچەرخەکان بە یەک میتۆد کاردەکەن و هەموو کاریان بەرهەمهێنانی هاتوهوریایە، ئەوەی کە هەموویان شەیدای میدیان و بە تەنیا شوێنی حەقیقەتی دەزانن، شەهوەتی هەموویان بۆ کەلام و قسەکردنی بێبڕانەوە، نیشاندەری ئەم راستیەیە کە ئەوان بە خودی زمان دەیانەوێت زمان بگۆڕن بۆ کڵێشە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مرۆڤە بێدەنگە بەرهەم بهێینن کە تەنیا گوێ دەگرێ و تەنیا ئەوە دەبیسێت کە ئەمان دەیانەوێت. لەم بێدەنگییەدا موزوڵمانەکان و قوربانیانی ئەنفال و هاوڵاتیانی بەردەم میدیا گەورەکان هاوبەشن. شایەتیەکانی ئەنفال هاوکات تەعبیرن لەوەی بێدەنگییەک بە فراوانیی باڵی بە سەر هەموو کەمپەکاندا کێشابوو، بەسەر ئەو ماشینانەدا کە قوربانیانی بەرەو بیابان پێدەگوێزرایەوە زاڵ بوو و ئەو کاتانەی بێدەنگییەکە دەشکا، وەڵامەکە کوشتنی پێش وەختە بوو. دەزانین هاوکاتی کەمپەکانی نازیەکان و کەمپەکانی ئەنفال، دەزگایەکی گەورەی پروپاگەندە لە کاردان. بە هاتوهاوار میدیا دەخرێنە کار و وەرزیر و دەستەی تایبەت بۆ لێدان لە زمان و کوشتنی توانستەکە و زاڵکردنی زمانی کلێشە دەکەونە کار. گۆبێلز دەبێتە بەرپرسی پروپاگەندە و هاوتوهاوار دروست دەکات و زمانی ئاڵمانی دەگۆرێ بۆ ئەو کلێشەی کە ئایشمەن قسەی پێدەکات و، رۆژنامەی ئەلسەورەی بەعس هاتوهاواری پاڵەوانانە دەکات و تەلەفزیۆن شەڕ بڵاو دەکاتەوە و بەسەر جوامێریی و کوشتنی خاییناندا هەڵدەدات، هەر لە ئێران دەنگە دەنگی مەرگ بۆ شەرق و غەرب دەنگی دەیان هەزاران قوربانیی پێدەشاردێتەوە. لەم نموونانەدا زمان هەیە، دەنگ هەیە، بەڵام بۆ مەبەستێکی دیکەیە، ئەویش کوشتنی توانستی بنچینەیی زمانە، بۆ داگیرکردنی زمانە و دانانی سنوور و ئەرکە لە سەر زمان، گۆڕینیەتی بۆ کەرەستەی رووت و مەبەستدار. لێرەدایە زمان دژی خۆی بەکار دەهێنرێت.

ئەم راستییە بەڵام کورتنابێتەوە بۆ کەمپەکان. ئەم راستییە لە کاتێکدا ئاگامبن وتەنی “کەمپ پارادایمی سیاسەت”ە، لە دەرەوەی کەمپەکانیش هەیە. سەرمایە بە گشتی و پۆلیسەکان بەتایبەتی باش ئەم کایەیان ناسیوە. ئەوان دەزانن کە خۆپیشاندانیکی پەنجا کەسی کە تەلەفزیۆن بڵاوی بکاتەوە، لە خۆپیشاندانی راستەقینەی هەزاران کەسی کاریگەرترە. ئەوان میدیا درووست دەکەن و بەم جۆرە لە خودی زمان دەدەن. ئەم میدیایانە و بگێڕەکانیان جێگەی بنچینەیی دوو شت دەگۆڕن: زانایی و زانیاری. زانیاری بیرکردنەوە نییە، تازە نییە، هیچی نوێ دەرناخات، سەرچاوەکەی دیار نییە، پێوەندیی بە دەزگای نهێنییەوە هەیە، دەکڕدڕێ و دەفرۆشرێت، کایەی پێدەکرێت، کەسێکی پێ بەرز و کەسێکی پێ رسوا دەکرێت، حسێبی نێوان پۆلیسەکان و سەرمایەی پێ پاک دەکرێت. خاوەن و بگێڕی ئەم میدیا تەنیا زانیاریی زیاتر لە سەر رووداوێک بڵاودەکاتەوە، بەڵام هەر بەمە لە ئەقڵ و توانای شیکاریی دەدات و لە راستیدا ماسکێکە و هاتووە شتێکی بنچینەییتر داپۆشێت، کە ئەویش رێک ئەو مینبەرەیە خۆی قسەی لێوە دەکات، بۆ ئەوەی بیرمان بچێتەوە کە ئاخۆ دەکرێ لە تەلەفزیۆنی پۆلیسەکانەوە هیچ راستییەک ببیستین؟ واتە ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی راستیی بنچینەیی دیکە بشارێتەوە، بۆ ئەوەی پرسیاری دیکە لە رووداوێک درووست نەبێت، ئەو لێرەیە بۆ ئەوەی سنوورەکانی پرسیار و زانین دەستکاریی بکات. بۆ نموونە دەڵێت “ئوردوغان سەرکەوت”، بەڵام ناڵێ بۆ و چۆن ئەمەی کرد؟ دەڵێ ستەم هەیە، بەڵام ناڵێ بنچینەی ستەم چییە؟ لە سنووری چاک و خراپدا دەمێنێتەوە و بەم جۆرە وا دەکات بینەر یان بیسەر رابێت بەوەی دوای شەپۆلی زانیاریی بکەوێت و شوێنی زانیاریی و زانایی لێ تێک بچێت، وا دەکات بینەر و بیسەر ببێتە بوونەوەری بێدەنگی بەردەم میدیا و بەم جۆرە بێدەنگ بکرێت، ئەو شەهوەتی کەلامی خۆی دەکاتە نێو زمانەوە و بەم جۆرە دەیەوێت زمان لەکار بخات. کێشەی ئەمان ئەو درۆیانە نییە کە دەیکەن، ئەوە نییە کە خزمەتی دەسەڵاتی گەورەی سەرمایە یان دارودەستەی بچووک یان گەورەی توندتیژ دەکەن، ئەوەش نییە کە فرە قسە دەکەن، ئەوەش نییە بۆ کێ و کام پۆلیس کار دەکەن، کیشەی بنچینەییتر ئەوەیە ئەمان زمانێک دەکەنە زمانی جنێو و درۆ، ئەمان لە شتێکی بنچینەیی دەدەن کە زمانی تایبەتی خەڵکێکە و لە توانست بەتاڵی دەکەنەوە و دەیکەنە کڵێشە. ئەم راستییەش کە ئەوانەی زۆرتر بە کڵێشە قسە دەکەن زووتر لە میدیایەکی گەورەی سەرمایەدا دەبینرێنەوە، نموونەیەکی دیکەی پێوەندیی بیری کلێشەیی، زمانی کلیشەیی و میدیای سەرمایەیە.

ئەم قسە نموونەی لە کوردستانیش هەیە. پێمان وانەبێت کە رووداو و لفەکانی- وەک یەک نموونەی ئیبتزال و میدیای پۆلیسی- دڵسۆزی هیچ خەڵکێکن، ئەوان و ژوورنالسیتەکانیان، ئەوان و بەڕێوەبەرانیان، ئەوان و لاییفکەرانی فەیس بووکیان، ئەوان و کڕینی ئەکاونت و لایک بۆ تێرکردنی شەهوەتی قسکردنیش لێرە نین، ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی بە لێدان لە ئەسڵی زمانداریی مرۆڤ لە خودی زمان بدەن و زمان و بیرێکی کڵێشەیی زاڵ بکەن، ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی هەموان وەک یەک بیربکەنەوە و ببنە ئامیری بێدەنگی بەردەستی ئەوان، ئەوان بۆ هیچ خێرێکی گشتی قوڕگی خۆیان نادڕن، لایکەکانیان پارەی بۆ دەدرێت بۆ ئەوەی ئەمان زمان بکەنە ئامانج و داگیری بکەن و بیکەنە کەرەستەی زانیاریی و پروپاگەندە، زمانی کلێشە. لە وەها زمانێکدا تەنیا کڵێشەکان دەبنە حەقیقەت و زمان خۆی دەبێتە پانتای بێدەنگکردن و لا بردن. پێمان وا نەبێت کارمەندانی بی بی سی و دەنگی ئەمەریکا و رووداو و… بۆ خێری خەڵک لەوێن، ئەوان هەن و دەژین بەوەی کە زمان بکوژن و بێدەنگی بکەن، بیکەن بە کەرەستەی نەبیستن و نەزانین، بینەری ئەمان سەیر دەکات و نابینێ، دەبیستێت و گوێ ناگرێ، رادێت لەگەڵ کلێشەکان بڕوات، کە ئەمەش زاڵ بوو ئەو کاتە ئێمە لە کەمپداین – درەنگ بێت یان زوو.

ئەم دارودەستانەی لە دەوری ئەم لێدانە کۆدەبنەوە، وەرگێڕانێکی دیکەی ئەوانەن کە شەوی چەقۆ درێژەکان هاندران و پەلاماری جووەکانیان دا، ئەوانەن کە بەردبارانی ئەو ماشینانەیان دەکرد کە ئەنفالیەکان دەگواستەوە، ئەمانە پێشتر لە زمانی کڵێشەدا ئەگەریان بۆ ئامادە کراوە. ئەمان لە ئێستەدا بە هێرشی رێکخراو بۆ هەر کەسێک لە دەرەوەی پارادایمی کەمپەوە بدوێت دەدوێن و دەیانەوێت هەموو زمان بکەنە هی خۆیان، ئەمان دژی کۆمۆنسیت، فیمینیست، هۆمۆسیکسوەل، ئانارشیت و جودابیرانن و لەو وەختی خۆیدا وەک سۆران و وەدات و زەردەشت و ئیقبال و فەرزاد دەیانکوژن. مەترسیی ئەم دەزگا زەبەلاحانە هەر ئەوە نییە درۆ دەکەن، ئەمانە دەتوانن هەر زمانێکی وەک کوردی یان زمانی دیکە بگۆڕن بۆ کەرەستەی درۆکردن و بیری کڵێشەیی. لە ئێستەدا ریزێک لە زمانی کوردیدا خەریکی ئەمەن، خەریکی ئەوەن بە جنێو و هەڕەشە بێدەنگ بکەن، گوڕەگوڕی ئەوان نێڵەی کوورەکان بیردەخاتەوە و قیڕەی بڵیندگۆکانی زیندان و کەمپەکان، کاتێ لە توێیاندا هیچ دەنگێک ناگات؛ شیڕەشێری ئەوان لە سووپێر ستارەکانی دەنگی ئەمەریکا و بی بی سی یەوە تا پۆلیسەکانی ئەنتەرنێت و پسپۆڕانی کۆمێنت و جنێویان، شەڕە بۆ کوشتنی خودی زمان و ئەو بەڵێنە مەترسیدارەی لە هەناوی زماندایە. ئەمان هەڕەشەن لەسەر زمان خۆی، کە نەک کەرەستە بەڵکوو هەرێمی رووتی بەشینەوەیە، هەرێمێک کە ئەوان و دارودەستەکانیان هەر چی بکەن پێیان ناگیرێت و ناتوانن پاوانی بکەن، با بۆ ماوەیەک بە شیڕەشێر و دەزگای زەبەلاح بتوانن گوێگران و بینەران بکەنە خەو، بەڵام لە دواییدا ئەوانەی شەیدای ئەمان دەبن رۆژێک لە بیستنی ئەو هەموو کلێشە بێزار دەبن، چونکوو ئەمە بەڵێنی خودی زمانە کە لە دڵی پێداگریی و تەتەڵەی زمانیی و زمانی کلێشەی ئەواندا، سڕەکانیان ئاشکرا بکات، لە راستیدا ئەمان ئەگەرچی زۆر دەدوێن بەڵام لاڵن، چونکوو کڵێشە جۆرێکە لە دووپاتبوونەوەی بەردەوام کە تایبەتمەندیی بێزمانەکانە. زمان نەک کەرەستە بەڵکوو هەرێمی ئەم توانستەیە و ئەوانەی بەنیازی گرتنین، لە دواییدا بەقەد ئایشمەن و عەلی کیمیایی زمان دەناسن. زمانبڕەکانی ئێستە هیچ ناکەن جگە لە ئامادەکاریی بۆ کاتی زمانبڕینی راستەقینە، بۆ کەمپەکانی داهاتوو. بەرامبەر بەمانە، پێداگریی لەسەر زمان و ناوەرۆکی کۆمۆنیستیی زمان (وشە مەلعوونەکە) بەرگرییە لە نەگۆڕانی کۆمەڵگاکانمان بۆ کەمپێکی گەورە.

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان