به‌هاكانی ڕوونكردنه‌وه‌ هه‌ڵنه‌گر؛ سه‌باره‌ت به‌ ئێله‌كزه‌رده‌كان

به‌هاكانی ڕوونكردنه‌وه‌ هه‌ڵنه‌گر؛ سه‌باره‌ت به‌ ئێله‌كزه‌رده‌كان

بێگومان گەلێ هۆ بۆ ئازارچێشتن هەن. بەڵام ئازار شتێکە و بێزاریی ته‌واو لێی شتێکی دیکەیه.‌ تەنانەت پێچەوانەیەتی.

وەرگێران: مەنسوور تەیفووری

بەدەستەوەدانی ڕوونکردنەوە لەسەر ئێلەکزەردەکان؟ مەبەستمان لە ڕوونکردنەوە چییە؟ بەدەستەوەدانی ئەو هۆكارانه‌ی بە هۆی ئەوانەوە ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا، ڕوو ده‌دات؟ ئەم هۆیانه‌، ڕاستیدا، هەر جۆرێک بێت، دادەتاشرێن. بۆ ڕوونکردنەوەی بزووتنەوەی ئێلەکزەردەکانیش، بە لێشاو هەن: ژیان لە ناوچە پەراوێزییەکاندا، دوور لە خزمەتگوزاریی گشتی و کەرەستەی گشتیی هاتوچۆ و بگره‌ بازاڕ و دوكانی نزیك، ماندووێتی لە بڕینی ڕێگەی دوور لە هەموو ڕۆژێکدا، نادڵنیایی له‌ [مانه‌وه‌ی] کار، مووچەی کەم یان مووچەی خانەنشینیی هیچ و بچووک، ژیان و مان بە قەرز و قیست، کۆتایی مانگی پڕ چەرمەسەری و هتد.

بێگومان گەلێ هۆ بۆ ئازارچێشتن هەن. بەڵام ئازار شتێکە و بێزاریی ته‌واو لێی شتێکی دیکەیه.‌ تەنانەت پێچەوانەیەتی.

كه‌چی هۆكاره‌كانی ئازار، کە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاپەڕینه‌كه‌ ڕیز دەکرێن، ڕێک هه‌ر ئه‌وانه‌ن کە بەپێی ئەوان نەبوونی ڕاپەڕین ڕوون دەکرێنەوە: له ‌ڕاستیدا، ئاساییە ئەو تاکانەی کە تەسلیمی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی بوون دەبن، کات و تاقەتی ئەوەیان نییه‌ کە ڕابپەڕن.

ئه‌و ڕوونکردنەوەی بۆ هۆكانی جووڵانی كه‌سه‌كان به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌درێت، لەگەڵ ئەو ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆ هۆكانی نه‌جووڵانی کەسه‌كان به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌درێت، چونیه‌كن. ئەمه‌ ناته‌باییه‌كی ساده‌ و ساكار نییە. ئەمە ڕێک هەمان لوژیکی ئەقڵی ڕوونکارە.١ دەورەکەی ئەوەیە بیسەلمێنێت بزووتنەوەیه‌ك‌ کە هەموو به‌دیكارییه‌كانی تووشی سەرسووڕمان کرد، هیچ هۆیەکی دیکەی نییە جگە ئەو هۆیانەی کە سەرچاوەی نەزمی ئاسایی شتەکانن، ئه‌و نه‌زمه‌ی کە تەنانەت خۆی لە ڕێگەی هۆکانی نەجووڵانەوە ڕوون دەکاتەوە. ئەم ئەقڵە دەیەوێ بیسەلمێنێت کە هیچ شتێک ڕووی نەداوە کە پێشتر نەزانرابێت و ئەگەر لایەنگری ڕاست بێت، لە ئەنجامدا دەڵێ ئەم بزووتنەوە پێویست نەبوو ببێت، ئەگەریش دڵی لای چەپ بێت، دەڵێ بزووتنەوەکە بە تەواوی ڕەوایە، بەڵام بە داخەوە، لە کات و شێوەی خراپ و لە لایەن کەسانی نەزانکارەوە به ‌ڕێوه‌ براوه‌. شتە جەوهەرییەکەش ئەوەیە کە دنیا بۆ دوان دابەش کراوە: کەسانێک هەن کە نازانن بۆ چی دەجووڵێن و کەسانێک هه‌ن کە لەباتیی ئەوان دەیزانن.

هەندێ جار پێویستە شتەکان بە پێچەوانەوە سەیر بکەیت: واتە ڕێک لەم ڕاستییەوە دەست پێ بکەیت کە ئەوانەی ڕادەپەڕن، هۆیەکانیان بۆ ڕاپەڕین زیاتر نییە لە هۆیەکانیان بۆ ڕانەپەڕین – زۆربەی جار تەنانەت هۆیەکانیان بۆ ڕانەپەڕین کەمتریشە. هه‌ر بەم پێیەش، کۆڵینەوە نەک لەو هۆیانەی کە ڕێگە دەدەن ئه‌م بێنەزمییە نەزم بدرێت، بەڵکو پتر کۆڵینەوە لەوەی کە ئەم بێنەزمییە دەتوانێ لەسەر نەزمی زاڵی شتەکان و لەسەر نه‌زمی ئه‌و ڕوونکردنەوەكان کە بە زۆری لەگەڵین، پێمانی بڵێت.

پتر لە هەموو ئەو بزووتنەوانەی لەم ساڵانەی ڕابوردوودا هەبوون، بزووتنەوەی ئێلەکزەردەکان کاری ئەو کەسانەیە کە وا باوە ناجووڵێن: نوێنەری چینە کۆمەڵایەتییە دیاریكراوه‌كان یان ئەو دەستەبەندییانەی به‌ نەریتی خەباتیانه‌وه‌ ناسراون، نین. ژنان و پیاوانی تەمەن مامناوەندی، بە شێوە وەک ئەو کەسانەی هەموو ڕۆژێک لە سەر شەقام یان جادەکاندا پێیان دەگەین، یان لە شوێنی كار‌ و لە نێو پارکینگەکاندا، کە تاقە نیشانەشیان ئەو جلەیه‌ کە هەموو شۆفێرێك لەسەریەتی هەیبێت. ئەوان بۆ خەمی هەرە سادە و سووک دەستیان پێ کرد، نرخی بەنزین: هێما و سیمبۆلی ئەو جەماوەرەی کە مەحکومە بە بەرخۆری و دڵی ڕۆشنبیرە تاقانەکان بەمە دێشێت؛ هەروەها هێمای ئەو ئاساییبوونەی خەوی خۆشی حوکمدارانی ئێمەی لەسەر دامەزراوە: ئەم زۆرینە بێدەنگەی کە لە تاکی پەرتەوازەی پەتی پێک هاتووە، چ شێوەیەکی دەربڕینی بەکۆمەڵی نییە، هیچ “دەنگ”ێکی دیکە نییە جگە لەو دەنگەی جار بە جار ڕاپرسییەکان و هەڵبژاردنەکان دەیژمێرن.

ڕاپەڕینەکان هۆیان نییە. بە پێچەوانەوە، ڕاپەڕینەکان لوژیکێکیان هەیە. ئەم لۆژیکەش ڕێک بریتییە لە شکاندنی ئەو چوارچێوانەی کە وا باو بووە لە نێو جه‌غزی ئەواندا هۆکانی نەزم و بێنەزمی و هەروەها ئەوانەی توانای داوەرییان لەسەری هەیە، فام بکرێن. ئەم چوارچێوانە، پێش هەموو شتێک، بریتین لە کەڵکەکانی فەزا و کات. جۆرێکی مانادار، ئەم “ناسیاسی”یانە کە خه‌م له‌ جۆراوجۆریی ئایدیۆلۆژیکی ئێجگار زۆریان ده‌خورێت، شێوە و فۆرمی کردەوەی گەنجانی یاخیی بزووتنەوەی مەیدانەکانیان هەڵگرتووەته‌وه‌، فۆرمێک کە قوتابیانی ڕاپەڕیو خۆشیان کاتی خۆی لە کرێکارانی مانگرتوویان وەرگرتبوو: گرتنی شوێنەکان. گرتن، واتە ئەوەی وەک کۆیەک کە لە خەباتدایە، شوێنێک بۆ خۆپیشاندان هەڵدەبژێریت و کاری ئاسایی شوێنەکە وەردەچەرخێنیت: بەرهەمهێنان بێت، هاتوچۆ یان هەر کار و کەڵکێکی دیکە. ئێلەکزەردەکان ئەم مەیدان و فولکانەیان هەڵبژاردووە، ئەم نا–شوێنانەی کە هەموو ڕۆژێک ڕێبواری نەناسراو بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. لەوێدا کەرەستەی بانگەشە و کەپری کاتی داده‌مه‌زرێنن. وەک ئەم دە ساڵەی دوایی، ئەو نەناسراوانەی لە مەیدانە ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوەکاندا کۆ ببوونەوە، کردبوویان.

گرتن هاوکات بریتییشە لە خولقاندنی کاتێکی تایبەت: کاتێک کە بەپێی چالاکییە باوەکان خاوە، کەواتە کاتێكه‌ لە نەزمی باوی شتەکان دوور و جوێ بووه‌ته‌وه‌؛ بە پێچەوانەشەوە، کاتێکه‌ خێرا کراوەته‌وه‌، واته‌ بە دینامیکی چالاکییەک کە داوای وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەندێ شتی ناكاو دەکات کە بۆیان ئامادە نین. ئەم وەرچەرخانە دوانەیەی کات، خێرایی باوی بیر و کردەوە دەگۆڕێت. هەروەها هاوکات دەرکەوتنی شتەکان و ماناکانی مومکین و ئەگەرداریش وەردەچەرخێنێت. ئەوەی بابەتی ئازار بووە، به‌ ڕوویەکی دیکەوه‌ دەردەکەوێ، واتە وەک بێدادی دیار ده‌بێ. ملنەدان بە باجێک دەگۆڕێت بۆ هەست بە نادادپەروەریی مادی لە باجدا، پاشان هەست بە بێدادیی گشتی لە نەزمی دنیادا. کاتێک كۆڕێک کە لە یەکسانەکان پێک هاتووە، ڕەوتی ئاسایی کات دەپچڕێنێت و دەست دەکات بە ڕاكێشانی تاڵێكی تایبه‌ت –ئەمڕۆ باج لەسەر بەنزین، دوێنێ تەڵبژێر لە زانکۆکاندا، ڕیفۆرم لە مووچەی خانەنشینی یان لە قانوونی کاردا– ئەوە کۆی تانوپۆی تۆکمەی نایەکسانییە بونیادییەکانی نەزمی هەمەگیری یه‌ك دنیایە که‌ ده‌ست ده‌كات به‌ هه‌ڵوه‌‌شانه‌وه‌، ئەو دنیای کە قانوونی سوود حوکمی دەکات.

دوو دنیا بەر یەک دەکەون، مەودایەک لە نێوان شتی داواکراو و خودی لۆژیکی بزووتنەوەدا هەڵدەکەنن. قابیلی دانوستاندن دەبێتە دانوستاندنهەڵنەگر.

لەم کاتەدا چیدی ئەوە داوایەک نییە کە ده‌یه‌وێ بەجێ بهێنرێت. دوو دنیان کە بەر یەک دەکەون. بەڵام ئەم بەریەککه‌وتنەی دنیاکان مەودایەک لە نێوان ئەوەدا کە داوا کراوە و خود لۆژیکی بزووتنەوەدا هەڵدەکەنێت. دانوستاندنهەڵگر دەبێتە دانوستاندنهەڵنەگر. بۆ دانوستاندن نوێنەران دەنێررێن. لە کاتێکدا کە ئێلەکزەردەکان، ئه‌و بیانییانه‌ی کە ده‌ڵێن دڵیان لای بانگ و ئاوازی په‌ریانی ده‌سه‌ڵاتخوازیی “پۆپۆلیزم”ـە، ئەم داوا ڕادیکاڵەی هاوئاسۆیەتیی ڕادیکاڵیان هەڵگرتووەتەوە کە وا دەزانرێت تایبەتە بە گەنجانی ئانارشیستی ڕۆمانتیکی بزووتنەوەكانی گرتنی مه‌یدانه‌كان یان تایبه‌ته‌ به‌ ZAD. لە نێوان یەکسانە کۆوەبووەکان و بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی ئۆلیگارشیکدا، دانوستاندنێک لە کاردا نییە. ئەمە بەو مانایە کە ئه‌م داواكارییه‌ [بۆ دانوستاندن] ته‌نیا بە ترس له‌ ده‌سته‌ی دووه‌م سەردەکەوێت، هەروەها بەو ماناشە کە سەرکەوتنی بانگه‌كه‌ به‌پێی ئه‌و شته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌ی نێونشینی خۆیدا “ده‌یه‌وێ”، سووك و بچووك دیاره‌: واته‌ هه‌مان نه‌مانی دەسەڵاتی “نوێنەرەکان”، دەسەڵاتی ئەوانه‌ی له‌باتی کەسانی دیکە بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و کار دەكه‌ن.

ڕاستە کە ئەم ئیرادە دەتوانێ خۆی شێوه‌ی داواكارییه‌ك وەربگرێت: هەمان ڕیفراندۆمی بەناوبانگ به‌ دەستپێشخەریی هاووڵاتیان. بەڵام فۆرمولی داواكاریی ئەقڵانی لە ڕاستیدا بەریەککەوتنی ڕادیکاڵی نێوان دوو ئیدە بۆ دیمۆکراسی دەشارێتەوە: لە لایەکەوە تێگەیشتنی ئۆلیگارشیی زاڵ: ژماردنی دەنگە ئەرێ و نەرێکان سه‌باره‌ت به‌ پرسێك. لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتنی دیمۆکراتیک لێی: کردەوەی بەکۆمەڵ کە کارەکەی ڕاگەیاندن و دداننانە بە لێهاتوویی و توانای هەمه‌كه‌سدا بۆ داڕشتنی خودی پرسیارەکان خۆیان. چونکو دیمۆکراسی بریتی نییه‌ له‌ هەڵبژاردنی زۆرینەی تاکەکان. دیمۆکراسی ئەو کردەوەیە کە توانستی هەمه‌كه‌س، توانستی ئەوانەی کە هیچ “لێهاتوویی”ـەکیان بۆ دانانی قانوون و حکومەت نییە، دەخاتە کار.

لە نێوان دەسەڵاتی یەکسانەکان و دەسەڵاتی ئەوانەدا کە بۆ حكومه‌تكردن “لێهاتوو”ن، دەکرێ بەریەککەوتن، دانوستاندن و ڕێكه‌وتن ڕوو بدات. بەڵام لە پشتەوەی ئەمانەوە، خەرەندی پێوەندیی دانوستاندنهه‌ڵنه‌گر له‌ نێوان لۆژیکی یەکسانی و لۆژیکی نایەکسانیدا دەمێنێتەوە. لەبەر ئەمەشە ڕاپەڕینەکان هەمیشە لە نیوەی ڕێگەدا دەمێننەوە، بۆ ناخۆشی و ڕەحەتیی گه‌وره‌ی ئەو زانایانەی کە دەڵێن ئەمانە مەحکومن بە شکست چونکو خاوەن ستراتیژی نین. بەڵام ستراتیژی هیچ نییە جگە له‌ جۆرێکی چارەسەری زەربەکان لە نێو یەک جیهانی دیاریکراودا. هیچ ستراتیژییەک دەرسی پڕکردنەوەی خەندەقی نێوان ئەم دوو دنیای پێ نییە. هەموو جارێ دەگوترێ کە تا “کۆتایی واز ناهێنین.” بەڵام ئەم کۆتاییەی ڕێگە لەگەڵ هیچ کۆتاییەکی دیاریکراودا یەک نییە، بە تایبەت لەو کاتەوە کە دەوڵەتە بەناو کۆمۆنیستییەکان هیوای شۆڕشگێڕانەیان لە خوێن و قوڕدا نوقم کرد. ڕەنگە دروشمەکەی ٦٨ بەم جۆرە تێ بگەین کە دەیگوت: “ئەمه‌ تەنیا ده‌سپێكه‌، لە خەبات بەردەوام بین.” ده‌سپێكه‌كان ناگه‌نه‌ كۆتایی. ده‌سپێكه‌كان بە ڕێگەوە دەمێننه‌وه‌. ئەمە بەم ماناشە کە ده‌سپێكه‌كان له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ بەردەوام ده‌بن، ته‌نانه‌ت گه‌ر بکەرەکانیان بگۆڕێت. ئەمە ڕیالیزم –له‌ ڕوونکردنەوەبه‌ده‌ر–ی ڕاپەڕینە، ئەو ڕیالیزمەی کە داوای مەحاڵ دەکات. چونکو پێشتر مومکینی لێ سەنراوەتەوە. ئەمە هەمان فۆرمولی دەسەڵاتیشە: هیچ ئەڵته‌رناتیڤێک نییە (No Alternative).

 

١. La raison explicatrice. زاراوه‌یه‌كه‌ لای ڕانسیه‌ر به‌رده‌وام دووپات ده‌بێته‌وه‌ و یه‌كه‌م جار له‌ كتێبی مامۆستای نه‌زاندا تیۆریزه‌ ده‌كرێت، واته‌ پێگه‌ی مامۆستای زانا كه‌ كاره‌كه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی دنیا و مه‌ته‌ڵه‌كانه‌ بۆ نه‌زانه‌كان كه‌ پێویستیان به‌ مامۆستایه‌ شته‌كانیان بۆ ڕوون بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م لۆژیكه‌ هیچ كات ناوه‌ستێت و قوتابی هیچ كات به‌ مامۆستا ناگاته‌وه‌، چونكو ئه‌و په‌رده‌ی ئه‌وان جیا ده‌كاته‌وه‌، شوناسی مامۆستای ڕوونكاری پێوه‌ په‌یوه‌سته‌. به‌م جۆره‌، ڕانسیه‌ر له‌ فیگووری مامۆستای زانادا بیناكرانی دنیا به‌پێی زانا و نه‌زان، ڕوونكار و موحتاجانی ڕوونكردنه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌كات، هاوكات بیناكردنی دنیا به‌پێی قوتابخانه‌یه‌كی گه‌ردوونی كه‌ تێیدا قوتابیی ته‌مبه‌ڵ و قوتابیی زیره‌ك هه‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند و نه‌دار هه‌ن و نه‌داران و نه‌زانان خه‌تای خۆیانه‌ كه‌ دواكه‌توون. ڕوونكردنه‌وه‌ كاری مامۆستای زانایه‌ و كۆدی دنیای نایه‌كسانییه‌، واته‌ له‌م دنیادا كه‌سان نه‌ك به‌ توانا و وریایی یه‌كسانه‌وه، به‌ڵكو نایه‌كسان له‌دایك ده‌بن و ده‌بێ نایه‌كسانیش بمێننه‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

دوایین پۆستەکان

زیاترین شرۆڤەکراوەکان

ڤیدیۆ دلخوازەکان